پرسی سەربەخۆیی

‌دلاوەر خالد ئاژگەیی

پرسی سەربەخۆیی پرسێكی یاسایی نیە و زۆرتر پرسێکی سیاسیە. ئەگەر گەلێک یا گروپێکی مەزن لە خەڵک هەست بکەن لە گەڵ ئەو وڵاتەی کە بە بێ خواست و ئارەزوی خۆیان پێی لکێندراون ناتوان بژین و مافەکانیان گەرەنتی کەن و یا خۆد لە بەر هەر هۆکارێكی ئابووری یا سیاسی یا ئەمنی بۆیان باشتربێت سەربەخۆبن دەتوانن بڕیاری جیا بوونەوە و سەبەخۆیی بدەن. بۆ ئەم مەبەستە لە زۆر حالەت پێویست بە رێفێراندۆم ناکات (هەندەک لایەن و کەس وای لێکدەدەنەوە کە وابیرکەینەوە رێفێراندۆم لە خودی راگەیاندنی سەربەخۆیی ئاستەمترە). رێفێراندۆم تەنیا بۆ ئەوەیە کە مسۆگەربی کە زۆرینە لە گەڵ جیابوونەوە دان.

لە رووی پراکتیکیەوە پێویستە حکومەتی ناوەند رەزامەندی بدات بۆ جیابوونەی ئاشتیانە و لە زۆربەی حالەتەکان ئەم رەزامەندیە نادرێت بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. کە واتە دەبێت تاکلایەنە جیابیەوە. لەو حالەتە ئەگەر ناوەند دژت وەستا هەوڵ دەدات لە رێگەی ئابووری یا سەربازی شکست بە پرۆژەکە بێنێت. بۆ ئەوەی پێ نەکرێت دەبێت هیزی سەربازیت هەبێت و خەڵکێک کە ئامادەن گیانی خۆیانی بۆ بکەن بە قوربانی.

لە پرۆسەر سەربەخۆیی مەرج نیە سەجەم لەیەنە سیاسیەکان هاورابن و پشتگیری لێ بکەن. مەرج نیە سەرجەم لایەنەکان تەبابن و ئابووری وڵات لە ئاستێکی باش دابێت. لە رووی کات وڵاتی نوێ لە کاتی تێکچونی سەقامگیری دێنەوە کایەوە و چاوەروانی بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچە و ئابووری باش دەرفەتەکە لە بار دەبات.

سەربەخۆیی پێویستی بە رەزامەندی و مۆلەت لە وڵاتانی تر واتە گەلانی تر نیە. ئەمە گەلی خۆتە کە بریار دەدات و ئەو مافەش خودا بە هەموو گەلانی داوە. دەگەریتەوە سەر ئەوەی کێ سەربەخۆیی گەرەکە و هەوڵی بۆ دەدات و کی ئامادەیە بە کۆیلاتی بمینیتەوە.



PM:12:49:13/05/2016

ئه‌م بابه‌ته 1345 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی