بێ دایكو باوك
د.شێرکۆ عبداللە
+ هەر دانیشەو زەمی بەلەدێی ئێرە بكە نەگبەت.
ـ جا دەستم خۆش نەبێ؟!.. زبڵ خەریكە پیاو ئەخوا.
+ بوجەیان نییە قوڕبەسەرانە چی بكەن؟ فەرموو چەوەندەرێ لەو عەرزە هەڵكەنە.
ـ لەو هەموو نیعمەتە جوان و گرانەدا حەزت لە چەوەندەرە؟
+ حەزم لێی نییە رۆڵە. ئەوە پەندی پێشینانە.
ـ چییە؟!
+ پەندە پەند.
ـ دە وەڵـڵا بەلەدێ وا بكات زیاتر ئەبین بە پەند.
+ ئەوە تۆ بۆچی هەر بە بەلەدێوە گرتووتە بێ ویژدان؟
ـ بەگم تۆ ئاگات لێ نییە هەر چوار دەوری ئەم شارە بووە بە خانووی تەجاوزو مەخزەنی بێ تاپۆ.
+ جا بەڕەئی جەنابت بەلەدێ چی بكات؟
ـ شۆفڵی هەیە بچێ بیانڕوخێنێ..
+ كوڕە شیرینەكەم شۆفڵ سایەقی ئەوێ، سایەق مەعاشی ئەوێ، مەعاش حكومەتی ئەوێ، حكومەت داهاتی ئەوێ، داهات......
ـ بەسە بەس.. ئەم شیردا بۆ داپیرەیەی ناوێ.. رجوع بوومەوە.. با نەیڕوخێنێ.. یاڵـڵای ئەكرد لەو بەردەركی سەرایەدا خانووی تەجاوزیان دروست ئەكرد.. من هەقم چییە بەسەرەوە؟ هاووڵاتییەك بووم نەبووم.
+ رۆڵە گیان.. كوڕە شیرینەكەم خۆ هەر ئێرە وا نییە.. تەصەوركە لە ئەڵمانیاش.....
ـ لە ئەڵمانیاش چی؟
+ لە ئەڵمانیاش (360) شوققەی بێ دایك و باوكیان دۆزیوەتەوە كەس خۆی ناكات بە ساحێبی.
PM:02:13:18/05/2017
ئهم بابهته 1642
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی