كارمەند و درەخت
د.شێرکۆ عبداللە
+ یەعنی چی وەكو مۆبایلی مەسئول وایە؟
ـ مەبەستم ئەوەیە هەموو ئیشێك ئەكات ئیلـلا ئیشە ئەساسییەكەی خۆی نەبێت.
+ باش تێنەگەیشتم بەخوا.
ـ مۆبایلی مەسئول قوربان ئوتێلی ئەستەمبول حیجز ئەكات.
+ وایە...
ـ خەڵك لە سجنا بەر ئەدا.
+ ئافەرم.. رەسمی گەعدە تایبەتەكان ئەگرێ.
ـ تەندەر مسۆگەر ئەكات .
+ بلیتی تەیارە ئەبڕێ.
ـ رەحمەت لە دینت، بەس جوابی هاووڵاتی ناداتەوە.
+ وەڵـڵاهی راست ئەكەی ئەو برادەرەش وایە. تەكەتول ئەكات، خەبەر لە تەكەتول ئەدات، ئاگای لە تیجارەتە، تەدەخول لە سیعری دووگو پشتەمەغزەدا ئەكات، بەس دیفاع لە حیزبەكەی خۆی ناكات.
ـ ئەڵێم ئوستاز، تۆ بڵێی ئەویش دیجیتاڵیی نەبێت؟
+ نازانم ئەنەلۆگە یان دیجیتاڵییە، بەڵام رەقەمی زۆری لەبەرە.
ـ راستە رەقەمی زۆری لەبەرە. بەڵام رەقەمەكانی ئەو هیچ نین. من دوو رەقەمی زۆر موهیمم لایە..یەكێكیان ئەڵێ مەكتەبێك هەیە لە گەرمیان (400) مامۆستای هەیە.
+ ئەگ ماشەڵـڵا لەپەروەردە.. ئەی دووهەمیان؟
ـ دووهەمیان ئەڵێ پاركەكەی سامی عەبدولڕەحمان (850) درەختی تیایە.
+ سەهویت بە قوربان. (850) كارمەندی هەیە نەك درەخت.
AM:11:25:13/07/2017
ئهم بابهته 1151
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی