مەرگی نەوشیروان مستەفا

‌مەریوان وریا قانیع

مەرگی نەوشیروان مستەفا و ماناکانی سیاسەت لە کوردستاندا
(بەشێک لە وتارێکی درێژ)
ئاراس فەتاح و مەریوان وریا قانع

”بێگومان گەلێک ڕای جیاواز و ناکۆک و دژبەیەک بەرامبەر بە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی سیاسیی ئەم سیاسەتمەدارە ھەیە؛ ھەندێک بە تاکڕە و دیکتاتۆر و ھەندێکی تر بە ئەندازیاری ڕاپەڕین و کۆماری سەربەستیی دایدەنێن، ھەندێک بە ریفۆرمخوازێکی بۆرژوازیی و ھەندێکی تر بە ماندێلا و جیڤارا، ھەندێک بە جەلاد و ھەندێک بە پیاوە سپییەکەی ناو سیاسەت، ھەندێک بە سەرکردە خاکییەکە و ھەندێک بەپیاوێکی توندوتیژ. بەڵام ھەموو ئەمانە لەو ڕاستییە کەمناکەنەوە کە نەوشیروان تاکە سیاسییەکە لە مێژووی دوای ڕاپەڕیندا بۆ ئەوە سیاسەتی نەکرد کە پێی بژیی، بەڵکو ئەو بۆ سیاسەت دەژیا. ئەو سیاسەتی وەکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیی دەبینیی کە خاوەنی کۆمەڵێک پرنسیپ و بەھایە، نەک وەک رێگایەک بۆ گەیشتن بە دەستکەوت و تەماحی شەخسیی. ئاشکرایە ھەر کاتێکیش سیاسەت دەستبەرداری ئەم پرنسیپ و بەھایانە بوو لەوەدەکەوێت سیاسەت بێت، واتە لەوەدەکەوێت چالاکییەکی ھاوبەش بێت بۆ دروستکردنی چوارچێوەیەک بۆ ژیانی گشتیی ناو کۆمەڵگا، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ بزنس و بازرگانیکردنێکی ھەمەلایەن ھەم بۆ کەڵەکردنی دەسەڵات و سامانی سیاسیی زیاتر، ھەم بۆ کەڵەکەکردنی داھاتی شەخسیی و چێژیی زیاتر. 

مامەڵەکردنی سیاسەت وەکو ”پیشە" و وەکو ”بەرپرسیارێتی" یەکێکە لە گرنگترین ئەو خاڵانەی کە ئەم سیاسەتمەدارە بە تۆخی لە ھاوڕێکانی و لە زۆرینەی سیاسەتمەدارە دەسەڵاتدارەکانی تری ناو هێزە سیاسییەکانی تر جیادەکاتەوە. ئەو وەکو کەسی دووھەمی دەسەڵاتداری ناو یەکێتی نیشتیمانی، دەیتوانی وەکو ھەموو ئەوانی تر دەوڵەمەند بێت، خاوەن کۆمپانیا و بازرگانی گەورە بێت، پشکی لە ئابوری نەوتدا ھەبێت، خاوەنی چەند فەوجێک پاسەوان و قافڵەیەکی گەورە لە ئۆتۆمۆبێلی گرانبەھا بێت، لەسەروو ھەموو ئەمانەشەوە دەیتوانی لە زیاد لە وڵاتێکی دونیادا پرۆژەی ئابوریی و پارەی شاراوەی لەبانکەکاندا ھەبێت. ھەموو ئەو زانیارییانەی تا ئێستا لەبەردەستدان ئەوە نیشانئەدەن کە ئەم پیاوە ھیچ یەکێک لەم کارانەی نەکردوە و سیاسەت لای ئەو لە ناو ئەو پۆخڵەواتە گەورەیەدا نەکوژاوەتەوە. لەڕاستیدا ئەوەی نەوشیروان گەندەڵیی نەکردووە و لەمەشدا خۆی لە بڕێکی زۆرلە ھاوڕێ کۆنەکان و نەیارەکانی جیادەکاتەوە، ئاساییترین وەزیفەی ئەخلاقییانەی سیاسییبوونە لەدونیادا. کێشەکە لەوەدایە ئەم تێگەیشتنە ئەخلاقییە بۆ سیاسەت و بۆ کەسایەتی سیاسەتمەدار بە کۆمەڵگای سیاسیی ئێمە نامۆیە. 

مارەکردنی بەدرەوشتیی و سیاسەتکردن لەیەکتری لە کوردستاندا مارەکردنێکی کاتۆلیکیانەی ئەبەدەییە، لەمەشدا نەوشیروان پیاوێکی عیسامی و خاوەنی کەسایەتییەکی ئەسکێتی بوو. لە کۆتاییەکانی ژیانیدا بەڕۆحی عابیدێکی دینییەیوە سیاسەتی دەکرد. لە بنەڕەتیشەوە ئیشی کەسی سیاسیی ئەوە نییە دزی و جەردەیی و تاڵانکاریی بکات، سیاسەت و سەرمایە و سیاسەت و سێکس و سیاسەت و مردن بەیەکەوە گرێبدات، وەزیفەی سیاسەتمەدار ئەوەیە بە ئەخلاقییەتی بەرپرسانەوە خەریکی رێکخستنی ژیانی گشتیی کۆمەڵگاکەی بێت بەجۆرێک لەدایکبوونی ھەر منداڵێک لەو کۆمەڵگایەدا بکرێت وەک ئەگەرێکی نوێ بۆ دروستبوونی دونیایەکی نوێ وێنابکرێت. ئەم ئاکارە تایبەتەی نەوشیروان مستەفا لە دانەبڕاندنی سیاسەت وەکو ”پیشە" لە ”ئەخلاقی بەرپرسیارێتیی"، لە دونیای ئێمەدا دەبێت بە بەھایەکی ئەخلاقیی گرنگ و دەگۆڕێت بۆ خاڵی جیاکەرەوە لە نێوان ئەوانەی بۆ سیاسەت دەژین و خەمی گشتیی کۆمەڵگا دەیانجوڵێنێت، بەرامبەر بەوانەی بە سیاسەت دەژین و خەمی گیرفانپڕکردن و پاوانکردنی دەسەڵات ئاڕاستەیاندەکات."


PM:03:42:22/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 2288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی