عێراق وڵاتێک تەنیا لەسەر نەخشە

‌چيمەن ساڵح

گفتوگۆی دیپلۆماتکارانی وڵاتان و خستنە ڕووی سەرنجەکانیان لە دیداری مێری کە لە ٣-٥ ئەم مانگە لە هەولێر بەڕێوەچوو ،قوڵایی لێکجیابوونەوەی عێراقی دەردەخست وەک دیفاکتۆ و  مانەوەی ئەو وڵاتە لەسەر نەخشە .وتەی هاوبەشیش لە نێوان هەر یەکە لە نزیکەکانی سیاسەتی ئەمریکا ، دیپلۆماتکاریی ئێرانی ،بڕیار بەدەستی تورکی ئەوەبوو ،کە کوردستان هاوپەیمان و دۆست و نزیکی ئەو وڵاتەکانیانە .

لە بەرامبەردا ،سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  لە کاتێکدا کە لە تەنیشت بڕیار بەدەستە تورکییەکە دانیشتبوو لە نێوەندی هەموو ئەوانەی کە بەیانی دۆستایەتی خۆیان بۆ کوردستان دەکرد ، وتی" نزیکترین وڵات لە ئێمەوە عێراقە  ." 

وتەی دیپلۆماتکارەکان و شارەزایانی سیاسەت  ،بەرپرسانی ئەو وڵاتانە کە هەر یەکەو  سەنگ و قورسایی و کاریگەریی تایبەتی خۆی هەیە هەموو ئەوەی دەردەخست کە بوونی کوردستان لە چارەنووسی عێراق بۆ ئەوان گرنگترە،نەک تەنیا ئەوەش بەڵکو لە ململانێی نێوان خۆشیاندان بۆ نیشاندانی ئەو گرنگییە ، ئێران دەڵێ من دەیپارێزم ،تورکیا دەڵێ من بەهێزی دەکەم ، ئەمریکا دەڵێ ،وەک قەتە رو سعودیە و تورکیا هاوپەیمانمانە ، ئیتر وردەکاریی ئەو هەڵوێستانە هەرچییەک بێ ،بەڵام نیشانە ی گرنگیدانە و نیشانەی پێشبینی مانەوەیە بە پێچەوانەی عێراقەوە .

 هەموو ئاماژەکان ئەوە دەخەنە روو کە لە داهاتووێکی دووردا نابێ ،عێراق وەک وڵات و ئەو نەخشەیەی ئێستای نە لەدوور ونە لە نزیک بۆ هیچ لایەک گرنگ نابێ . کورد بە بێ شەڕو خۆ خراپکردن لە کەمترین ئاستی سەربەخۆییدا ،یەکەیەکی کۆنفیدراڵی دروست دەکات ،بەسەربەخۆییەکی تەواوەوە .هەورەک بریندان ئۆلێری ،شرۆڤەکاریی سیاسی ناسراوی ئەمریکا ئەمەی وەک یەکێک لە رێکارەکان خستە روو.هەروەک پێشتریش ریموند ئۆدیرنۆ سەرۆک ئەرکانی پێشتری سوپای ئەمریکا ،دابەشبوونی عێراقی بە باشترین چارەسەر دانا بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی عێراق .لە هەمان کاتدا ململانێکانی نێوان شیعە و سوننەکان تا دێ زیاتر پەرەدەستێنێ ،لەمەشدا جێگەی کورد لەعێراقدا بەرتەسک دەبێتەوە .

هەموو ئەمانە ئاماژە دەدەن ،کە بارودۆخە نێودەوڵەتی  وئەقلیمییەکە بەجۆرێکی زۆر لە پێشتر لە بار تر پشتگیریی سەربەخۆیی و مانەوەی کورد دەکات ،ئەگەرچی هەڕەشەی دوژمنی گەورەی وەک داعشیشی لەسەر بێ ، کورد خۆشی هێز و سیاسەت بینی لە ناو چەکە و لەگەڵ عێراقیشدا لە جێگەی خۆی جێبەجێ دەکات و پەیامەکانی خۆی  ژیرانە دەگەیەنێ .بەڵآم ئەوەی تەنیا هەڕەشەیە لەسەر کورد داعش نییە بە پلەی یەکەم  و سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندییەکانیان نییە ، بەڵکو بەشێکیان هاوڕێک و تەبان و بەشێکیشیان  هاوڕێکە لەگەڵ بارودۆخی ناوخۆیی کوردستان ،ئەگەر لە ناوخۆدا  گرفتێک لە ئارادا نەبێ پاساو بێ ،ناتوانن لە خۆیانەوە زیاتر لەوەی هەیە شتێکی تر بکەن و بڵێن .

ئەوەی هەڕەشەیە بە پلەی یەکەم بارودۆخی ناوخۆیی و ناتەبایی ناوخۆییە .بارودۆخی ناوخۆیی و بە لارێدا رۆیشتنییەتی کە وا دەکات ،بارودۆخە نێودەوڵەتییەکە سودی لێ وەرنەگیرێ و بارودۆخە ئەقلیمییەکە بە بارێکی تردا ببات و تەنگژە ناوخۆییەکانیش گەورەتر بن و پەرەبستێنن و باری هاووڵاتی قورستر بکەن . هەرچی لەمانەش رووبدات کورد بۆ خۆی بەرپرسە لێیی و لایەنەکانی مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیعدا دەکەن ،تەنانەت ویستوویانە واقیعەکەشمان لێ نەشێوێ.


AM:10:56:10/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 1306 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی