ئایا تورکیا و روسیا دەست لەیەک بەردەدەن؟

‌چيمەن ساڵح

لەسەر بابەتی خستنە خوارەوەی فڕۆکە سوخۆکەی روسیا لە لایەن تورکیاوە ، هەندێک دەستبەجێ شەڕی جیهانی سێیەمیان هەڵگیرساند .هەندێکی تر کەوتنە نمایشکردنی هێزو جبەخانەی سەربازی هەردوو وڵات ،کە هەردووکیان لە هاوکێشە نێودەوڵتییەکاندا  شوێن و پێگەیان هەیە ،بەڵام لە راستیدا ئەو دوو وڵاتە کۆمەڵیک بەرژەوەندیی ئابوریی  وبازرگانی و ستراتیژیی زۆر گرنگ کۆیان دەکاتەوە کە دەستبەردابوون لێی  وا بە ئاسانیی ناکرێت و دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤیش بۆیان هەر کارێکی ئاسان نییە .
.
تا ئێستا ڤلادیمیر پوتین لە هەڕەشەکردن لە تورکیا  دەنگی دلێرە ،لەوەدا ،کە داوا لە هاوڵاتییانی دەکات گەشتوگوزار بۆ تورکیا نەکەن. ئەگەر  چی روسییەکان بۆ بەسەربردنی پشووی زستانەش بۆ تورکیا گەشت دەکەن وبە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ  لە ئێستادا و لە کاتی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەوە  ١٥ هەزار گەشتیاری روسی لە تورکیا بوون و بۆ سەری ساڵیش ژمارەیەکی تر بە نیازی سەردانی ئەو وڵاتە بوون .بەڵام لە لەگەڵ ئەوەشدا ،تا چەند مانگێکی تر کەشوهەوای تورکیاش  گەشتیاریی نییە ووەرزی گەشتیاریی چەند مانگێکی تر دەست پێ دەکات تا ئەو کاتەش ، بارودۆخەکە یەکلایی دەبێتەوە و بەو شێوەیەی کە لایەنکانی تەنگژەکە دەیانەوێ یەکلایی بکەنەوە . هەروەها روسیا گەشتەکانی خۆی بۆ میسریش راگرتووە ،لە کاتێکدا بەشی هەرەزۆریی گەشتەکانی روسیا بۆ ئەو دوو وڵاتەیە و ناتوانی بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ بەو شێوەیە بمێنێتەوە .

لەم رووداوانەی ماوەی کەمتر لە مانگێکیشە لە نێوان هەردوو وڵات روویانداون ،زیانە ئابورییەکەی هەردوو لا کردوویانە .
 
روسیا ئەو گەمارۆ ئابورییەی کە لە لایەن رۆژئاوا و ئەمریکا لەسەری داناوە ،تورکیای بەکار هێناوە وەک دەروازەی شکاندنی ئەو گەمارۆ ئابورییە و تورکیاش نیوەی پێداویستی خۆی لە گازی سروشتی لە روسیاوە هاوردە دەکات و لەوانەیە هیوایەکیشی بەو بەرنامەیە هەبێ کە هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا گازی سروشتی بنێرێتە دەرەوە .

قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ساڵی ٢٠١٤ دا ، بە ٣٣ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە وپلانی هەردوو وڵاتە کە تا ساڵی ٢٠٢٠ بگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار . هەروەها روسیا بە نیازی ئەوەیە ئەو بۆری گازی سروشتییە ی کە دەیگەیەنێتە ئەوروپا بە تورکیادا تێپەڕ ببێ. 

هەروەها جگە لە هەموو بەرژەوەندییە ئابورییەکان کە ،کرۆکی بەشی گرنگی ئابوریی و ستراتیژی هەردوو وڵات پێک دەهێنن ، هەردوو وڵات  هاوکاریی هەواڵگریشیان هەیە و هەردوو لا بە شێوەیەکی ئاسایی هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنییان بۆ سەر یەکدیی نییە . 

بۆیە شرۆڤەکارانی واقیعی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە پێیان وایە ، ئەو وڵاتە بەو شێوە ئاسانەی هەندێک بەرەو ئاراستەی زۆر دوور و توندی دەبەن وا نییە و ئەم دوو وڵاتە بەو شێوە ئاسانە ناتوانن دەستبەرداری یەکتر ببن و شەری یەکتر بکەن . بێگومان هەموو دەوڵەتیکێش لە حاڵەتی  ئەوەدا کە بەسەر روسیادا هات و فڕۆکە سوخۆ٢٤ەکەی کەوتە خوارەوە دەبێ ئەو جۆرە نمایشە هەر بکات . 

لەهەموو حاڵەتێکیشدا ئارامی  وجێگیریی ناوچەکە بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان گرنگە .


AM:10:16:01/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 1401 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی