کوردستان پێویستی بەپەرلەمانە؟

‌چيمەن ساڵح

هەروەک ئەوەی کە باشترین رێگا بۆ هەستکردن بە ئازاری کەسێک ،یان ناڕەحەتی کەسێک لە مامەڵەیەکت ،ئەوەیە کە خۆت بخەیتە شوێنی و بزانی هەست بەچی دەکەی ؟! باشترین رێگاش بۆ دانانی رێگایەکی دڵسۆزانە بۆ دەرچوون لە تەنگژانەی لە کوردستان روودەدات ،ئەوەیە کە هەموو بابەتێکی حزبی دووربخەیتەوە ، ئەگەر مەبەست تۆزێک باشترکردنی بارودۆخەکە بێ چی دەبێ و دەبێ چی ببێ ؟ من خۆم دەگەمە ئەوەی بۆ کورد باشترە چی ناکۆکی ئاو بدات ،باشترە کە نەیبێ ، بۆ نمونە چۆن فیفتی فیفتی دوو ئیدارەی ئاو دەدات ، بەردەوامی دەداتێ ،هەرچەند بەشەکان زیاد ببن هێندەی دیکە ناکۆکی ئاو دەدرێ و درێژەی دەبێ .بۆ بارودۆخێکی وەکو کوردیش کە هیچ شتێکی بەشێوەیەکی ئەوتۆ نەکەوتووەتە سەر هێڵی خۆی ،لەهەموو لایەکەوە هەڕەشەی لەسەرە بەش بەش بوون و بەردەوامیی ناکۆکی باش نییە . ئەگەر نا هەموو شتێکی نوێ لە چارەسەرکردنی کێشەکان، دەبێ بەبەردەوامی کۆبوونەوەکان لە باشترین حاڵەتدا و لە خراپترین حاڵەتیشدا بەر هەڕەشەکەوتنی هەرچی کە هەیە و وبەدەستهێنراوە .

ئەگەر بە خۆ گرتن بە قینە حزبییەکانەوە ، هەڵوێست وەربگیرێ ،ئەوا ،بڕیاری زۆر هەڵە دەدرێ ، هاوکێشە و راستییە یاسایی و لۆجیکییەکان سەرئاوەژوو دەکرێن ، پێشنیاری (سەیر سەمەرە ) دەکرێ. لە هەموو دەورو سەردەمێکدا ، هەڵبژاردن لە لایەن خەڵکەوە مانای دەسەڵات و ناوەندیی بڕیار و خاڵی یەکلاکەرەوە بووە ، لە کوردستان باسی هەڵبژاردن دەکرێ لە لایەن خەڵکەوە بە مەرجی بێ دەسەڵاتی ، تەنیا پاساوی جیاوازی حزبی دەتوانێ ئەمە لێبداتەوە ، دەنا لە دەقی یاسایی و راستی گوزەرانی سیاسەتی دنیا ئەمە هیچ شوێنێکی نییە ، بە هەموو شێوەیەک بڕیاری خەڵک واتە لوتکەی دەسەڵات.

ئەگەر دوور لە حزبایەتی باس لەمە بکرێ ،ئەوا بوونی ناوەندێکی بەدەسەڵاتی یەکلایی کەرەوە ،باشترین وەڵامدەرەوە و چارەسەرە بۆ بەشی زۆری گرفتەکانی کوردستان هەیەتی . گومانم نییە ئەوەی کەمێک ئاوێتەی باوردۆخی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابوری کوردستان بێ ،درک دەکات کە پێویستە کە سەرۆک هەبێ وخەڵک هەڵیبژرێری دەسەڵاتی هەبێ ، تەنیا هۆیەکیش بۆ ئەوەی لەوە بترسی، ئەوەیە کە بترسی تا مەودای دوور ،ئەو خەلکە دەنگ بە لایەنێک یان کەسێک دەدات ،دەنا هیچ ترسێکی تر لەوە نییە وبەڵکو ئەوە نەخشە ڕێگایەکی باشە بۆ چارەسەریی زۆر لە کێشەکان ئیتر ئەو کەسە کێیە چ لایەنێکە با ببێ و با بچنە کێبەرکێی بەدەستهێنانی دەنگی خەڵکەوە .بێجگە لەو ترسەش تەنیا رق لە خۆ بوونەوە و خۆ بەکەم زانینن دەکرێ پاساوی بداتەوە .

کە دەڵێم پێویستی بەپەرلەمان نییە ، مەبەستم دامەزراوەی پەرلەمان نییە ،بەڵکو زۆر گرنگە دامەزراوەی پەرلەمان هە بێ ،بۆ چاککردنی هەموو ئەو ناتەواویی و نارێکییانەی کە لە ژیانی گشتیی لە کوردستان دەگوزەرێ، جیاوازییەکان و رەنگە جیاجیا کان هەبن و هەموو کێبەرکێی ئەنجامی باشتر بکەن بەڵام بە هەموو شێوەیەک تێگەی پەرلەمانیی و دەسەڵاتی پەرلەمانی ،ئەگەر سەرچاوەی یەکەمی ،یەکلاکردنەوەی کێشە و دەسەڵات بێ بۆ کورد چارەسەری هیچ لە پرسە باڵاکانی میللەت ناکات کە گرفتییان لەسەر.ئەوە راستییەکان هەموو لە بەرچاون، ئەوا تێگەیشتین بۆ کورد وەک خەڵکی دنیا نییە ، پەرلەمان واتە (فراکسیۆنانێ) ،لە فیفتی فیفتییەوە بۆ چارەک چارەکی و لەوانەیە ورد تریش ببێتەوە و سەیر تریشی لێ بێ و هەرگیزیش رێککەوتن دروست نابێ ، ئەو ( فراکسیۆنانێ) یەش دادی هیچ نادات ،بەڵکو دەیەوێ حکومەت و هەموو دەزگاکانی تریش بخاتە ناو (فراکسیۆنانێ)کەوە و یارییەکە گەورەتر بێ ! چونکە لە ژێر چەتردا کۆ نابنەوە ،دەبێ چەترەکە هەبێ کۆیان کاتەوە و ئەگەر بڕیار بێ گەل خاوەن دەسەڵات و بڕیار بێ و دیموکراسیی هەبێ ،دەبێ کە خەڵک بڕیاری دا ،چەترەکە قبوڵ بێ، ئیتر هەر چی بێ بڕیارەکە ، ئەو کاتە بزانن چی روودەدات ؟! بە بێ حزبایەتی لە بابەتەکان بڕوانرێت ،پێشبینی دەکرێ کە چی روودەدات.




PM:08:30:03/10/2015

ئه‌م بابه‌ته 1142 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی