تورکیا بەبێ بارزانی

‌ ئاسۆ حاجی


سەردانی بارزانی بۆ تورکیا چەند بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە ئەوەندە و زیاتریش بۆ باکور گرنگە، چوونکە لە چل ساڵی رابردودا تەنها ئەو شەش ساڵەی کە بە دەست پێشخەری مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرۆسەی ئاشتی دەستی پێکرد گەلی کورد لە باکور توانی هەناسەیێکی ئارامی و سەقامگیری بدا و ئاوایەکانی باکوری کوردستان لە ڕووی ئابووری و ئاوەندانکردنەوە ڕووی لە باش بوون کرد، لە هەمووشی گرنگتر دەرفەت درا بەو بزاڤە مەدەنیەی لە باکور توانی شەڕ لە باکوری کوردستان بگوازێتەوە ناو پەڕلەمانی تورکیا تا ئەو کاتەی سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل لە ژێر فشاری هەرێمایەتی و بە لێکدانەوەی زۆر هەژماری دیکە هەوڵەکانیان لە بار برد و شەڕەکەیان بردەوە ناو شارەکانی باکور و ماڵوێرانی و بە کوشتدانی ژمارەیەکی زۆر گەنجی دیکەی کوردی بەدوای خۆیدا هێنا.

بارزانی کە ئێستا لە ئەنقەڕەیە یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی سەردانەکەی ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەیە کە دەرهەق بە گەلی کورد لە باکور کراون و دیسان بە دەستپێشخەریەکی دیکە بۆ دەستپیکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی  دەیەوێ داواکاریەکانی کورد لە باکوری کوردستان بخاتەوە سەر راستە ڕێ و دەوڵەتی تورکیا بەوە ڕازی بکات کە بەبێ ئاشتی و وەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد تورکیا ناتوانێ ئارام و سەقامگیر بێ، کە لەو کاتەدا تورکیا لە هەموو شتێکی دیکە زیاتر پێویستی پێی هەیە.

ئازادکردنی ئەحمەد تورک بە هەوڵ و تەداخولی نێچیرڤان بارزانی زەمینەسازیێکی باش بوو بۆ ئەو سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە وەک سەرۆکی وڵات پێشوازی لێکرا و بەر لە چوونیشی بۆ تورکیا رایگەیاند بوو کە داوای ئازادکردنی هاوسەرۆک و پەڕلەمانتار و شارەدارەکانی هەدەپە لە بەرپرسانی تورکیا دەکات، کە ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ هەبوونی ئەو نیەتە لەلایەن بەرپرسانی تورکیا چوونکە باسکردنی ئاشتی لایەنێکی دیکەی دەوێ کە لە بەرامبەر دەوڵەت بە نوینەرایەتی گەلی کورد دابنیشێ کە سەرکردەکانی هەدەپە بەشێکی سەرەکی ئەو لایەنە پێک دەهێنن ئەگەر وەک جاری پێشوو تەنها لایەنیش نەبن کە بەشداری دانوستانەکان بکەن،چوونکە ئەوجارەیان لەوە دەچێ دەوڵەتی تورکیا بیەوێ لەگەڵ پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری بکات لە باکور و تەنها لە چوارچێوەی پەکەکە نەیهێڵێتەوە کە بەڕای تورکیا هەدەپە تەنها باڵی سیاسی پەکەکەیە و لەوە دەچێ ئەوجارەیان ئەکادیمیست و کەسایەتی جڤاکی و ئۆلی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارت و لایەنە سیاسیەکانی دیکە بەشداری پێ بکات، بۆیەشە چاوەڕوان دەکرێ سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل پەرچەکرداری توند نیشان بدەن لە بەرامبەر ئەو هەوڵانە چوونکە پەکەکە تا ئیستاش خۆی پێ تاکە نوێنەری گەلی کوردە و ئەوانەی دیکە ناخوێنێتەوە و بە شایەنی ئەوەیان نابینێ بەشداری لە دانوستانەکان بکەن، وەک جاری پێشوو بینیمان سەرکردەکانی قەندیل تەنانەت لە سەرکردەکانی هەدەپەش نا مورتاح بوون چوونکە خەریک بوو ئەوان جڵەوی پرسەکان بگرنە دەست و ببنە خاوەنی پرسی ئاشتی و چارەسەرکردن.

ئەوەی ئێستا گرنگە دەرباز بوونە لە قۆناغی هەبوونی نیەت بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان ئەگەر بەشێوەی نهێنیش بێ،چوونکە ئێستا ئەردۆگان و پارتەکەی پێویستیان بە دەنگی کورد هەیە بۆ هەمووارکردن و گۆرینی بەشێک لە دەستووری تورکیا، کە پێویستە کورد ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە نەک ببێتە پارێزەری دەستورێک کە نزیکەی سەت ساڵە کوردی لە سادەترین ماف بێبەشکردووە.



PM:03:17:27/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 877 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی