نێچیرڤان بارزانی و ئۆلمازەکەی تورکیا

‌ ئاسۆ حاجی

کە یەکەمجار لێدوانی دا و گووتی لە جیاتی هەڕشەکردن دەبێ تورکیا دەستی دۆستایەتی درێژ بکا و لە جیاتی ئینکار کردنی هەبوونی گەلی کورد و دیفاکتۆی هەرێمی کوردستان تورکیا دەبێ بە رەسمی بیان ناسێ،ئەو کاتە بوو کە تورکیا هەڕەشەی سەربازی لە هەرێمی کوردستان دەکرد و ئەوکاتەش میدیای سێبەر هێرشیان کردە سەر نێچیرڤان بارزانی و قسەکانیان بە تەنازولکردن بۆ تورکیا لێکدایەوە.

ئێستا کە هەرێمی کوردستان و تورکیا وەک دوو ولاتی دراوسێ کە بەرژەوەندی زۆر کۆیاندەکاتەوە و سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەردوولا بە فەڕمی سەردانی یەک دەکەن، میدیای سێبەر و میدیای حزبە ڕکابەرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە نێچیرڤان بارزانی جیگری سەرۆکیەتی، قسەیەکی موراد قەرەیەلان دەکەنە دەستکەلا بۆ لێدان لە پێگەی نێچیرڤان بارزانی کە لە چاوپێکەوتنێک قەرەیەلان دیدارێکی خۆی و نێچیرڤان بارزانی لە کۆتایی ساڵانی نەوەدەکان باس دەکات کە بارزانی لای ئەو باسی کردووە کاتێک سەردانی تورکیای کردووە و گووتوویانە کارت چیە؟ گووتویەتی سەرۆکوەزیران بە ئۆلماز واتا نەخێر وەڵامیان داوەتەوە، ئەو گووتەیەی قەرەیەلان دڵنیام خەوشی تێدا نیە، بەڵام دەبوایە ئەو دەزگا میدیایانە کە بە دڵی خۆیان قسەکەیان گواستۆتەوە و لێکدانەوەیان بۆ کردووە،ڕوو لە حەقیقەتێک وەرنەگێڕن کە نێچیرڤان بارزانی خاوەندارێتی دەکات.

پێویستە میدیاکانی بە هەر قسەیەک شاگەشکر دەبن کە بەهۆیەوە دەرفەتی تانەڵێدانی پارتی یان بنەماڵەی بارزانیان بۆ دەرەخسێنێ، تەماشایەکی دە ساڵی ڕابردوو بکەن هەرێمی کوردستان و پێگەی نێودەوڵەتی و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان لە کوێوە بە کوێ گەیشتووە؟

 نێچیرڤان بارزانی لە ڕێگای سیاسەتی کرانەوە و ئابووری ئازاد و سیاسەتی وەبەرهێنانی نەوت هەموو هێزە گەورەکانی هێنایە هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی ئەوانی تێکەڵ بە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان کرد کە بێگومان بەرژەوەندیەکان ئایندە دیاری دەکەن.

سیاسەتی نێچیرڤان بارزانی بوو تورکیای لە گورگێکی برسی بە دەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و مافەکانی گەلی کورد کردە ئەو تورکیایەی ئالای کوردستان لە فڕۆکەخانەی کەمال ئەتاتورک لە پێشوازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبدەن، وەک هەموو ئەو وڵاتانەی دیکەی ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی عەرەبی کە سەرۆک سەردانیان دەکات.
بەر لە ختوکە دانی میدیاکان دەبوایە قەرەیەلان ئەو راستیە باسبکات کە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و پارتی بوون لە دوای روخانی رژێمی بەعس هەوڵیاندا پەکەکە تێکەڵ بە کارنامەی نێودەولەتی بکرێ بۆ ئەوەی لایەنی کەم لەلیستی تیرۆر دەربهێندرێن و دواتریش وا لە تورکیا بکرێ کە پەکەکە وەک موخاتبی خۆی لە دانوستانەکانی ئاشتی قبوڵ بکات، بەو هۆیەشەوە لە باکور خەبات و کوردایەتی پێشکەوت و بۆ جاری یەکەم کورد توانیان هەشتا کورسی پەڕلەمان ببەنەوە.

نێچیرڤان بارزانی حەقیقەتێکی تاڵی بە قەرەیەلان گووتوە کە تەنها خۆی توانی ئەو حەقیقەتە بۆ بەرژەوەندی پرسی کورد بگۆڕێ و ئەگەر دردۆنگی حزبەکەی قەرەیەلان نەبوایە ئەوە خەباتی مەدەنیانەی گەلی کورد لە باکور بە ئاراستەی چارەسەری و گەیشتن بە مافەکان گەیشتببوە قۆناغێک کە لایەنی کەم کورد لە ماڵوێرانی و شەڕ و تەرسی لەناوچوون دەربازیان ببوو.




PM:05:29:28/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 4601 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی