‎حكومەت، پێكەنین بە تامی گریان

‌ ئاسۆ حاجی

هەموو ئەو چیرۆكە سەیرانەی لە سیستەمی بایۆمەتری كەوتنەوە، خەڵكی تووشی پێكەنین بەڵام  بە تامی گریان كرد و ئەوەی نیشاندا ئەو كۆمەڵگەیە چەندە لە ڕاستگۆیی دووركەوتووەتەوە و گووتارە سیاسەكان و حزبەكان چ جۆرە كەسایەتیەكیان بەرهەمهێناوە.

‎گەڕانەوەی بە شاڵاوی خەڵك لە ئەوروپا و كێشوەرەكانی دیكە كە زۆرینەیان كادیری حزبەكانن و بە لیستی تایبەتی ئەوان خانەنشین كراون حەقیقەتێكی دیكەی وەبیرهێناینەوە كە گەندەڵی ئەخلاقی و ویژدان هۆكاری سەرەكی دروستبوونی گەندەڵیە لە ئیدارە و دارایی وڵات كە ئەوەش بەرهەمی عەقلیەتی حزبەكانە و بۆ ئەستۆپاكی خۆیان لە ناوخەڵك ئەوە حكومەت دەكەنە ئەو چارۆگەی خۆیانی لە پشت حەشار دەدەن.

‎چیرۆكی گەڕانەوەی كوردانی تاراوگە بۆ پشوێكی بایۆمەتریانە سەربردەیێكی وەبیرهێنامەوە، ‎چەند ساڵێك بەر لە ئێستا لە ئێوارەیەكی بەهارەی پراگی پایتەختی چیك، لەگەڵ چەند برادەرێك لە لێواری شەقامێك و لە بەردەم پاپێك دانیشتبووین، برادەرێك كە لە هۆڵەندا بە میوانی هاتبووە پراگ دەستی بە جوێندان و شوشتنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەسەڵات كرد، كە زانیم خەڵكی هەڵەبجەیە هەقم پێدا و گووتم بریندارە، پاشان زیاتر گەرم بوو و ئەو قسانەی پەڕلەمانتارانی ڕەقەم لێدەر و پاڵەوانانی شاشە لە تەلەفزیۆن دەیانكرد، ئەو بە خستنە سەرەوە دووبارەی دەكردنەوە، وەك هەولێری دەڵێن بە كەیفی خۆی وەناو كەوتبوو و جارو بار ئێمەشی بۆ شایەدی پەلكێشی ناو بابەتەكە دەكرد، ڕێگەم بەخۆم دا و لێم پرسی كاك فلان دەڵێی كەس و كارت لە هەڵەبجە شەهید بوون؟ گووتی نا لە خوا بەزیاد بێت‌ بنەماڵەی ئێمە سەلامەت بوون، گووتم سوپاس بۆ خوا، پرسیم باشە ئەدی لۆ ئەوەندە بەرامبەر حكومەتی كوردستان داخ لە دڵی؟ گووتی كاك ئاسۆ بە شەرەفت ئەوە ڕەوایە من چواردە ساڵە لە هۆڵەندا دەژیم لە غەریبی تا ئێستا مووچەیەكم نییە؟!

‎نازانم ئەو برادەرەش پشوێكی بایۆمەتریانەی لە كوردستان بەسەربرد یان نا، بەڵام ئەوە دەزانم زۆرینەی ئەوانەی كە بۆ بایۆمەتری هاتنەوە لەو بابەتە بوون، ئەوانە بوون كە تەنها گیرفانیان بە كوڕدستانەوە گرێیان دەدا و ئەوەندەی لە دژی ئەو حكومەتە خۆنیشاندانیان كرد لە دژی حكومەتانی داگیركەر بیانكردبا ئێستا پارچەیەكی دیكەی كوردستان ڕزگارببوو.

‎مامەڵەی دەسەڵاتدارانی كوردستان چۆن پڕی چیرۆكی كۆمیدی ڕەشن، بەهەمانشێوە مامەڵەی خەڵكیش لە گەڵ حكومەت، بۆیە لە باشترین حاڵەتدا كە خەڵكیش بێنە پێكەنین ئەوە بە تامی گریان دەبێت.


AM:09:32:22/04/2017

ئه‌م بابه‌ته 1318 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی