شەنگال، بۆردوومانی توركیا و بێدەنگی ئەمەریكا

‌ ئاسۆ حاجی


‎بۆردومانی توركیا بۆ شەنگال چاوەروان كراو بوو و هۆكارەكەشی دیارە كە هەبوونی چەكدارانی پەكەكەیە لەو دەڤەرە و دروستكردنی چەندین سەربازگەیە بە هاوكاری و پاڵپشتی ئێران. لە ڕێگای حكومەتی عێڕاق و هێزەكانی حەشدی شەعبی كە ڕاستەوخۆ لەلایەنی سوپای قودسی ئێرانی سەرپەرشتی دەكرێن و پارەشیان لە بودجەی عێڕاق بۆ دابین دەكرێ.

‎حكومەتی هەرێمی كوردستان كە داوای كشانەوەی لە پەكەكە دەكرد دەیزانی هەبوونی پەكەكە دەكرێتە بەهانەی هێرشكردنە سەر دەڤەرەكە و پێشێلكردنی سەروەریەكانی هەرێمی كوردستان كە دەرئەنجام خەڵكی كوردستان باجەكەی دەدا وەك ئەوەی لەو بۆردومانە بینیمان ژمارەیێك پێشمەرگە شەهید بوون .

‎داواكاری كشانەوەی چەكدارانی پەكەكە داوایێكی نێودەوڵەتی بوو لەبەر دوو هۆكار، یەكەمیان بۆ ئەوەی خەڵكی دەڤەرەكە بتوانێ بە ئازادی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، دووەمیشیان بڕینی دەستی ئێرانە لەو دەڤەرە ستراتیژیە بە تایبەتیش كە بە هەبوونی هێزەكانی پەكەكە لەو ناوچەیە و هێزەكانی حەشدی شەعبیش لە ناوچەكانی دیكەی نێوان هەرێمی كوردستان و ناوچە سونەنشینەكان ئێران توانیویەتی ئەو هێلە بۆ گەیاندنی هاریكاریە سەربازیەكان بەسوریا كەلك وەرگرێ وەك ناوەندە میدیایی و سیاسیەكانی دونیا باسی لێوە دەكەن.

‎ئیدارەی سەرۆك تڕامپ كە بەڵێنی بڕینەوەی دەستەكانی ئێرانی دا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەكەكە بەر لە خەڵكی دیكە دەیزانی ئەوانیش دەگرێتەوە، بەڵام لە جیاتی كشانەوە لەو ناوچەیە و بەهانە نەدانە دەست توركیا و نەڕەنجاندنی زیاتری دڵی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە خۆیان،هەوڵیاندا خۆیان پشت دروشمی هاریكاری سەربازی ئەمەریكا بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات بشارنەوە.

‎توركیا لە دۆخی ئێستایدا بەبێ ئاگاداری ئەمەریكا كارێكی لەو شێوەیە ناكات،چونكە نە دۆخی دبلۆماسی توركیا و نە دۆخی ئابووری تەحەمولی ئەوە ناكات كە بەرەیێكی دیكەی شەڕ بكاتەوە،هەبوونی ئەو ئەگەرانەش بە ئاراستەی ئەوەمان دەبەن كە توركیا ڕەنگە بە هێزی زەمینیش ڕووبەڕووی پەكەكە ببێتەوە و بۆیەشە هێزەكانی لە باشیك نەكشاندۆتەوە بە تایبەتیش ئەگەر هێزەكانی حەشدی شەعبی بچنە ناو تەلەعفەر و تۆڵەی مەزهەبی لە خەڵكەكەی بكەنەوە كە زۆرینەیان توركمانی سونە مەزهەبن و ژمارەیەكی دیاری سەركردە باڵاكانی داعش لەوانەن،ئەو كات توركیا چاوەڕوان دەكرێ هێزەكانی جولە پێبكات و زەبریش لە پەكەكە بدات.

‎لە دۆخی ئێستادا كە تا دێ ئیدارەی نوێی ئەمەریكا لە بەرامبەر بەشار ئەسەد كە هاوپەیمانی پەكەكەیە هەڵوێستی توندتر دەبێت هەرەوەها لە بەرامبەر ئێرانیش، پەكەكە ناتوانێ خۆی بە ئومێدی وەدەنگ هاتنی وڵاتانی دونیا بسپرێ،ڕەنگە بە لێدوان میدیایی دژایەتی خۆیان بئ هێرشەكەی توركیا دەربڕن و زیاتریش بە پێشێلكردنی سەروەری عێڕاق و هەرێمی كوردستانی دەبەستنەوە نەك بە هێرشكردنە سەر پەكەكە،بۆیە چاكترە پەكەكە بەدەنگ داواكەی حكومەتی هەرێمی كوڕدستانەوە بێت و هەرچی زووە ئەو ناوچەیە بەجێبێڵێ ئەگەر دەیەوێ چیتر توركیا هێرش نەكاتە سەر شەنگال كە بێگومان خەڵكەكەی باجە قوڕسەكەی دەدەن وەك چۆن تا ئێستا باجی سیاسەتە هەلەكانی پەكەكەیان داوە لە چەكداركردنی منداڵانیان و ڕەوانەكردنیان بۆ بەرەكانی شەڕ لە سوریا و باكوری كوردستان هەروەها ڕێگری كردن لە گەڕانەوەی خەڵك و ئاوەدان كردنەوەی زێدەكانیان.


PM:06:57:25/04/2017

ئه‌م بابه‌ته 4563 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی