گۆڕانی دوای نەوشیروان

‌ ئاسۆ حاجی


مردنی نەوشیروان مستەفا، وەک مردنی مەلیک و باوکە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، بە نەخۆشکەوتنەکەی چەند پەرێشان ببوو، بە مردنی ئەگەر لێکیش هەڵنەوەشێتەوە ئەوە پەرێشانتر دەبێت، ئەوە چارەنووسی هەموو بزاڤ و حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە،چوونکە بە فکرێکی ڕۆژهەڵاتیانە دروست دەکرێن و مەرگەکەشیان دەبێ هەر بەو شێوەیە بێت.

گۆڕان لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا نەک نەیتوانی بە ئاراستەی گۆڕانکاریێکی پۆزەتیڤ هەنگاو بهاوێژێ، بەڵکو بووە یەکێک لە هۆکارەکانی بێ ئومێدکردنی خەڵک و ناشیرین کردنی چەمکی گۆڕانکاری، لە دەرئەنجامیشدا ڕووی نەیارەکانیان کە بە گەندەڵی و پاوانخوازی تۆمەتباریان دەکردن سپی کردەوە، بۆیەشە دەبینین هەڵسوڕاوانی بەسەر لایەنە نەیارەکانی هەڵدەوەرێن، بەتایبەتی چوونیان بۆ ناو ڕیزەکانی پارتی.

بە نەخۆشکەوتنی کاک نەوشیروان کوتلەکانی ناو گۆڕان بە هێزەوە وەدیارکەوتن و لەوێوە هەست بەو گاپە گەورەی نێوانیان کرا، کۆنە یەکێتیەکان کە کەسانی نزیکی نەوشیروان بوون بێدەنکترین کوتلەی ناو گۆڕان بوون بە پێچەوانەی کۆنە یەکگرتوەکان کە هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بوو لە سەر دەستی ئەوان دەسکەوت و سەرکەوتن بۆ گۆڕان تۆمار بکەن، ئەوەندە بە دەمارگرژی و بە پەلەپەل کاریان دەکرد، تا بوونە هۆکاری لە دەستدانی پۆستی سەرۆکایەتی پەڕلەمان و وەزارەتەکانیان، بەوەش بزووتنەوەکەیان توشی گۆشەگیریەکی توند کرد، تەنانەت بەستنی ڕێکەوتنی سیاسی لەگەڵ یەکێتی و تنازولکردن بۆ بەغداش دادی نەدان.

لە چاو بزربوونی کاک نەوشیروان ئەو ململانێیە توندتر دەکات و بە دڵنیاییەوە یاریزانی دیکە وەدیار دەکەون کە ڕەنگە لە خێزان و بنەماڵەی خۆی بن، کە لە زیاتر لاواز بوون زیاتر ناتوانن شتێک بە بزووتنەوەکەیان ببەخشن.

یەکێتی نشتیمانی کوردستان کە زۆرترین فرمێسک بۆ مەرگی کاک نەوشیروان دەڕێژێ ئەوە خۆی بۆ وەرزی دروێنە ئامادە دەکات، بە کردنەوەی دەرگا بۆ گەڕانەوەی کۆنە ئەندام و لایەنگرانی خۆیان بۆ ناو ماڵە گەورەکە، پارتی کە وەک دیاریێکی خودایی پێشوازی لەو هەواڵە کردووە و جگە لە فشاری زیاتر بۆ سەر گۆڕان، لەگەڵ یەکێتی هەوڵ دەدا دەسکەوتەکانیان ببەشنەوە ئەگەر تەنها دەسکەوتی مەعنەویش بێت.

گۆڕانی دوای کاک نەوشیروان بزووتنەوەیێک دەبێت کە زیاتر پشت بە گووتاری توند و هێرشکردن دەبەستێ بە تایبەتی لەلایەن هەڵسوڕاوە ناسراوەکانی کە لە ساڵانی ڕابردوو لە ڕێگای ئەو شێوازە ناوبانگێکی زۆریان وەدەستهێناوە، هاوشان لەگەڵ ئەوانەش ئەو کەسانەی پۆستیان هەیە و قازانجی مادی و مەعنەویان لە گۆڕان کردووە ئەوە کار بۆ ئەوە دەکەن کە وەبەرههێنان لە مردنی ڕێکخەری گشتیان بکەن و مردنەکەی بکەنە کراسی عوسمان و کە پێویستیان پێی بوو بەکاری بێنن.

بزووتنەوەی گۆڕان لە غیابی نەوشیروان مستەفا و نەبوونی جێگرەوەیێکی کایزماتیک و کاریگەری وەک خۆی، زەحمەتە بۆ ماوەیێکی درێژ خۆی بگری،یان تەسلیمی یەکێتی نەبێتەوە یان لە ناوخۆی خۆی بخواتەوە.

هەموو ئەو شتانەن کە وا دەکا گۆڕانخوازان بۆ ئایندەیان بگرین زیاتر لە لەدەست دانی ڕێکخەر و باوک و ڕێنیشاندەریان،چوونکە ئەوان لە خەڵکی دیکە باشتر ڕەوشی ناوخۆییان دەزانن و دەشزانن بەبێ نەوشیروان نەیارەکانیان چڕنوکیان درێژتر دەبن و زیاتر پەلاماریان دەدەن.


PM:04:43:19/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 4782 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی