گۆڕان دەباتەوە و دکتۆر یوسف دەگەڕێتەوە

‌ ئاسۆ حاجی


مسڕیەکان قسەیەکی بەناوبانگیان هەیە و دەڵێن:" ئەوەی ئامانجی بێ لە ژیان ببێتە پاشا ئەوە دەبێتە پاشا،ئەوەش ئامانجی لە ژیان ئەوە بێ کراسێکی جوان لەبەربکات کرسێکی جوان لەبەر دەکات" بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵەکانی ڕابردووی تەنها گۆشەگیر بوون و لە دەستدانی هێز و باوەڕی بۆ ماوەتەوە، ئامانجە هەنووکەیەکانی لە بوونە پاشاوە تا ڕادەی ڕازی بوون بە کراسێکی جوان دابەزیوە، گۆڕان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی تەنها سەرکەوتن و بە ئامانج گەیشتنی لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد بگەڕێنێتەوە سەر کورسی سەرۆکایەتی پەڕلەمان و تا کۆتایی ئەو خولە بمێنێتەوە.

گۆڕان دوو ساڵ پێش ئێستا ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆی بە تەواوی ئاشکرا کرد کە ئەو لە بزاڤێکی تۆڵەخواز لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی زیاتر نیە و تەنها ناکۆکیشی لەگەڵ یەکێتی ڕقێکی شەخسی نەوشیروان مستەفا بوو بەرامبەر مام جەلال دوای ئەوەی تێگەیشت ئەو جێگرەوەی مام جەلال نیە، هەروەها لە جیاتی دوژمنایەتی کردن مام جەلال کارکردنی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی هەڵبژارد.

گۆڕان هێشتا باوەڕی ئیستفزازکردنی پارتی هەیە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی و هەوڵ دەدات پارتی بخاتە حالەتی کاردانەوە، بەشێک لە یەکێتیش حەزیان لەو شێوازە هەیە و بە جوێن دان و سوکایەتی کردن نەبێت دڵیان داناکەوێ.

ئەوەشە وای کردووە گۆڕان بەرەو لاوازی و پەرواێزخستنی زیاتر بچێت و خەڵک لێی دووربکەوێتەوە،چونکە خەڵک چاوەڕوانی ئەوە بوو گۆڕان سەرکێشیان بکات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و وەدیهێنانی زیاتری عەدالەتی کۆمەڵایەتی و پێشکەشکردنی مۆدێلێکی نوێتر لە حزبایەتی،نەک گۆڕانیش تەنها ببێتە چەترێکی دیکە بۆ زیاد بوونی ژمارەی کۆمپانیاکان و پاڵاوگەی نەوت و ماڕکێت و پڕۆژەی بازرگانی لە دەرەوەی کوردستان، نەک گۆڕان تەنها لە درێژترکردنی لیستی خانەنیشە پلە تایبەتەکانی ململانێی ئەوانەی دیکە بکات، لە هەمووشیان هەستیارتر خەڵک گۆڕان نە دەویست بۆ لەناوبردن هیچ لایەنێک و سوتاندنی بارەگا و بەکوشتندانی منداڵەکانیان ڕابەرایەتیان بکات،هەموو ئەوانە وایان کردووە بزووتنەوەی گۆڕان وەک ئەسپی بن عارەبانە تەنها پێشی خۆی ببینێ و نەزانێ لەولا و ئەولای چ دەگوزەرێ.

گۆڕان نازانێ گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی یەکێتی تەنها وەک باڵێکی خۆی تەماشای دەکات، بۆیە هەر کاتێک یەکێتی و پارتی گەیشتنە ڕێکەوتن ئەوە دەتوانێ دڵنیا بێت کە ئەویش دەگاتە ئامانجی خۆی و پارتی فەرمو لە دکتۆر یوسف و وەزیرەکانی گۆڕان دەکاتەوە بۆ هەولێر.


AM:01:38:21/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 21714 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی