نێچیرڤان بارزانی بۆ لە سلێمانیە؟

‌ ئاسۆ حاجی


لە دۆخێکی وا ئاڵۆز و هەستیار کە گەلی هەرێمی کوردستان لەبەردەم دووڕیانی خۆ تەسلیمکردنەوە بە ڕابردوو و بڕیاردان لەسەر ئایندەن و بە قەدەر هەستیاریەکەش مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و گەورەترین مەترسیش گرژی ناوخۆیی و لێک دوورکەوتنەوەی لایەنەکان لەهەموویان گەورەترە.

نێچیرڤان بارزان کە لە ساڵانی ڕابردوو و لە هەموو ئەو قۆناغانەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە کۆکردنەوەی دژەکان بووە لەسەر مێزی گفتوگۆ و پێکەوە کارکردن خاڵی بەیەک گەیاندن و هۆکاری کەمکردنەوەی گرژیەکان و فراوانکردنی ڕوبەری لەیەک تێگەیشتن بووە.

ئەو سەردانەی نێچیرڤان بۆ شاری سلێمانی بەر لە هەموو شتێک بۆ دڵنیایی ماڵی مام جەلال و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە بۆ هاندانیان تا خۆیان لە پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بەخودان بزانن و لەوبارەیەوە پەیامی سەرۆک بارزانی و پارتیان لە کورترینیدا پێ ڕابگەینێ:"کە یەکێتی نیشتیمان بە قەدەر پارتی و ماڵی مام جەلالیش بە قەدەر ماڵی بارزانی و هەموو ماڵە تێکۆشەرەکانی کوردستان بە هەموو نەتەوە و ئاینەوە خاوەنی پرسی سەربەخۆیی و ئەو شانازییە مێژوویەن کە خەونی سەدان ساڵەی گەلەکەمان وەدی دێنێ"

چوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەمان مەبەستە و چاوەڕوان دەکرێ هەمان ئەنجامی ئیجابیشی هبێت، ئەنجامێک کە تێگەیشتنی هەردوولا لەسەر پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم یەک بخەن بەتایبەتیش کە هەردوولا لەسەر پرسی سەربەخۆیی تەواو هاوڕان بەوەی کە پێویستە ڕیفراندۆم لە هەموو باشوری کوردستان ئەنجامبدرێ واتا لە کەرکوک و خانەقین و شەنگال و هەموو ناوچەکانی دیکەی کە پێشتر ناکۆکیان لەسەر بوو، هەروەها پێویستە ڕیفراندۆم ئەنجامەکەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بێت.

گۆڕان و پارتی چەند پرشێکی بچووکیان لەنێواندا ماوەتەوە ئەوانیش گەڕانەوەی سەرۆکی پەڕلەمان بۆ کاراکردنەوەی پەڕلەمان و گەڕانەوەی وەزیرەکانە بۆ ناو حکومەت، ئەوەش جگە لەوەی پرسی ڕیفراندۆم للەناوخۆ و دەرەوە بەهێزتر دەکات، شەنگیش وەبەر حکومەت دەداتەوە و باشتر دەتوانێت بۆ قۆناغی دوای سەربەخۆیی ئامادەکاری بکات، گۆڕان کە ئەوەی بە پێش مەرج داناوە بۆ بوونە بەشێک لە پرسی ڕیفراندۆم بڕواناکەم جێبەجێکردنەکەی لای پارتی ئەوەندە زەحمەت بێت و چاوەڕوان دەکرێ پارتی بە ڕازی بوون خۆی یەکلاکردبێتەوە.

 لەوانەش لە هەموویان گرنگتر نامەیەکی کراوەیە بۆ ئەوانەی گرەویان لەسەر ناکۆکی ناوماڵی کورد دەکرد و ئومێدیان پێ دەخواست کە یفراندۆم لەبارببات و پرسی سەربەخۆیی دیسان بکاتەوە خەون.


PM:06:59:22/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 13241 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی