عێڕاق بۆ چوار ڕۆژ موسڵی لە دونیا شاردەوە؟

‌ ئاسۆ حاجی


ئەو رۆژەی عەبادی لە بەغدا گووتاری سەرکەوتنی شەڕی موسڵی ڕاگەیاند،لە شاری موسڵ فڕۆکە جەنگیەکان هێشتا بۆردومانی چەند گەڕەکێکیان دەکرد و دەنگی تەقە دەگەیشتە لای بەری رۆژهەڵات،بەڵام کەسێک نەیدەتوانی بگاتە ئەو ناوچەیەی تەقەی تێدا مابوو تا بزانی چ دەگوزەرێ،هەموو ئەو پردە سەربازیانەی سوپای عێڕاق و حەشدی شەعبی لە سەر دیجلە دروستیان کردوە بۆ گرێدانی هەردوو بەری موسڵ بە تەواوی لە بەردەم رۆژنامەنووسان داخرا بوون.

لەو کاتەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق راستەخۆ لە تەلەفزیۆنەکەی ژووری نەجم ئەلجبووری فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنەکانی ئازادکردنەوەی موسڵ دیار بوو کە لە سەر سەکۆ سڵاوی لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کە بە جل و شێوازی ڕۆیشتنی سەربازی وەک سوپای پاسدارانی ئێران بە بەردەمیدا تێدەپەڕین، جبوری لە وەڵامی پەیامنێری کەناڵی دووی تەلەفزیۆنی فەڕەنسی دەربارەی ئەو بۆردومان و تەقەیەی کە دەبیسترا دەیگووت:" هەر نزیکەی سی مەترێک ماوە تەنها چەند سعاتێکی دیکەمان پێویستە" پەیامنێرەکە لێی پرسی ئەی ئەوە سەرۆک وەزیران سەرکەوتنی ڕاگەیاند و دەڵێ هەموو موسل کۆنتڕۆل کراوەتەوە؟ جبوری گووتی:" ئەوانە وەک مشکن لە ژێر زەوی دێنەوە دەرێ تەواو نابن" جبوری لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا هیچ مەدەنیێک لەوێ ماوە گووتی:" نا تەنها خێزان و منداڵی داعشەکان ماون" کە ئەوە بۆ من و بۆ فەڕەنسیەکانیش بووە نیشانەی پرسیارێکی گەورە کە سوپای عێڕاقی و حەشدی شەعبی خۆیان لە بەرامبەریدا یەکلاکردۆتەوە بەوەی هەر کەسێک لەوێ مابێتەوە داعشە.

دوای ئەو چوار ڕۆژەی بەری رۆژئاوای موسڵ بە تەواوی داخرا بوو بە پچڕ پچڕی و لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە وەڵامی ئەو پرسیارەمان وەرگرتەوە،ڕووداوە ڕاستەقینەکان ئەوە نەبوون کە میدیای جەنگی ( الاعلام الحربی ) لە ڕێگای وینەگرەکانی خۆیەوە و پاش مۆنتاژکردن و هەڵبژاردنی ئەو دیمەنانەی خزمەتی سیاسەتی حکومەتی عێراق دەکات بەسەر دەزگای میدیایەکانیان دابەش دەکرد،بەڵکو ڕووداوە ڕاستەقینەکان تەنها لە ڕێگای مۆبایلەکانی چەکدارانی حەشدی شەعبی و سوپای عێڕاقی و لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە چەندین دیمەن بڵاوبوونەوە،ئەو دیمەنانە کوشتن و ئەشکەنجەدانی سونەکانی خەڵکی موسڵ نیشان دەدەن کە زیاتر لە هەڵمەتی پاکتاوی مەزهەبی دەچێ، کە بە قسەی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی رزگارکردنی موسڵ بە فەرمانی بەغدا ناوچەکە داخراوە و ئۆپراسیۆنی تێدا ئەنجام دەدرێ.

چیڕۆکەکانی موسڵ زۆر و جۆراوجۆرن،بەڵام چیڕۆکی ئەو چار ڕۆژە شاردراوانە بە سوێترین چیڕۆک دەبن بۆ خەڵکی ئەو شارە چۆن چیڕۆکی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی و بە کەنیزەبردنی کچانیان بە سوێترین چیڕۆکن بۆ گەلی کورد،دڵنیام لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیەوە ئەو دوو ڕووداوە کاری زۆریان لە سەر دەکرێ،بە تایبەتی ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی دونیا بیانەوێ عێڕاق زیاتر بەرەو لێکترازانی مەزهەبی نەبێتەوە.


PM:01:20:19/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 1037 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی