گووتم گۆڕان بێ خاوەن نیە!

‌ ئاسۆ حاجی

بڕیاری کشانەوەی قادری حاجی عەلی لە پێشبڕکێی جێگرتنەوەی نەوشیروان مستەفا مایەی دروست بوونی پرسیارگەلێگە وەک چۆن وەڵامدەرەوەی ژمارەیێک پرسیار و گوومان بوون کە دەربارەی ئایندەی بزووتنەوەی گۆڕان دەکران،گەورەترین و گرنگترین پرسیار ئەوە بوو دوای نەوشیروان مستەفا بزووتنەوەی گۆڕان چی بەسەر دێ و بە چ ئاراستەیێک دادەڕوات،ئەوەش مشتومڕ و لێکدانەوەی جودای دروست کرد تا ڕادەی دژ بەیێک وەستانەوەی لێ کەوتەوە چ لەناوخۆی گۆڕاندا یان لە دەرەوەیدا.

زۆربەی ڕایەکانی ناوخۆیی گۆڕان بە ئاراستەی پێویستی پاراستنی ڕێباز و فەرمانەکانی کاک نەوشیروان دەچوون و بەو بڕیارەی بەهێزترین پیاوی دوای نەوشیروان و (خۆکشاندنەوەی) یان (کشاندنەوەی) ئەوەی سەلماند کە ئەو ڕایە سەرکەوت و گۆڕان وەک ئەوەی نەوشیروان مستەفا نەخشەی بۆ کێشاوە بەردەوام دەبێت،بە تایبەتیش کە پێنج ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردنی ڕێکخەری نوێ و لە ڕۆژی یەکەمی کرانەوەی دەرگای خۆ پاڵاوتن تەنها بەربژێرێک بمێنێتەوە، ئەو بەربژێرەش ئەو کەسە بێت کە نەوشیروان مستەفا دوای نەخۆشکەوتنی بریکار نامەی بۆ کرد و ئەوەش لای کوڕەکانی نەوشیروان کە زیاتر لە سەرکردەکانی گۆڕان ئاگاداری بڕیار و پلانەکانی باوکیان بوون بووە هۆی ئەوەی پاڵپشتی لەو بەربژێرەی باوکیان بکەن و زۆرترین پاڵپشتیشی لە ناو بزووتنەوەکە بۆ کۆبکەنەوە.

یەکلایی کردنەوەی جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا بەو شێوەیە، ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە کە ماوەیێک بەر لە ئێستا لە گووتارێکدا بە ناوی (کێ جێگرەوەی نەوشیروانە،کوڕەکەی یان کەسێکی دیکە؟)دەربارەی ئایندەی بزووتنەوەی گۆڕان نووسیم،تێیدا باسی ئەوەم کردووە لەمەودوا گۆڕان جگە لە ڕێکخەری گشتی خاوەنیشی هەیە و ئەو خاوەنەش (چیا نەوشیروان مستەفا)یە چونکە باوکی موڵکایەتی (کۆمپانیای وشە) کە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان و پڕۆژەکانیان و میدیای گۆڕان و سێبەرەکانی گۆڕان بەشێکی ئەو موڵکایەتیەن، ئەمڕۆش ئەو خاوەندارێتیە بە تەواوی وەدیارکەوت و ڕادەی دیموکراسیەتی ناو گۆڕان و ڕێزگرتن لە ئیرادەی هەڵسوڕاوانیشی باشتر وەدیارکەوت کە هەموویان بە ویست و بڕیارەکانی خاوەنی بزووتنەوەی گۆڕان مەحکومن.

لە مەودوا ڕێکخەری گشتی تەنها بەرپرسی لێژنەیێکی جێبەجێکاریە کە ناوی خانەی ڕاپەڕاندنە و پردێکە لە نێوان ئەو لێژنەیە و خاوەن یان (ڕابەر)ی ڕاستەقینە و خاوەن بڕیاری بزووتنەوەکە کە لەلایەن لێژنەی ڕاوێژکاری بزووتنەوەی گۆڕان پاڵپشتی دەکرێ،ئەو لێژنەیەی بەبڕیاری شەخسی نەوشیروان مستەفا دروستکراوە و ئەندامانی ئەو لێژنەیە هەموویان برادەری نزیکی نەوشیروان مستەفا بوون و ئەوەش تاکە هۆکاری و پێوەری ئەندام بوونیانە، بزووتنەوەی گۆڕان تاکە حزبە لە کوردستان کە لێژنەیەکی لەو شێوەیەی هەبێ و کاری لێکۆڵینەوە لەو بڕیارانە دەکات کە پێویستە گۆڕان لە بەرامبەر پرسە گرنگەکان وەریان گرێ.

بزووتنەوەی گۆڕان بە هەموو مانایێکەوە لەبەردەم قۆناغێکی هەستیاردایە،قۆناغێک کە تەواو پێچەوانەی هەموو ئەو دروشمانەی هەڵسوڕاوانی چەند ساڵە خۆیان پێ ئیقناع کردوە و هەوڵی قەناعەت پێهێنانی خەڵکیش دەدەن کە بزووتنەوەی گۆڕان جیاوازە لە لایەنە سیاسیەکانی دیکە و لەناو گۆڕان ڕێز لە ئیرادەی ئەندام و دەنگدەرانی دەگیرێ و گۆڕان هەرگیز بە ئاراستەی بنەماڵەیی بوون و کۆنتڕۆڵکردن لەلایەن گروپێکەوە ناچێ،ئێستا گۆڕان تاکە لایەنە کە بەبێ دەنگی(تا ئێستا) و بە شێوەی موڵکایەتی لە باوکەوە بۆ کوڕ دەگوازرێتەوە و هەموو ئۆڕگانەکانی تەنها دەبنە ناوەندی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی خاوەنی نوێ تەواو وەک ئەوەی بۆ باوکیان دەکرد.

 بزووتنەوەی گۆڕان جگە لەوەی پێویستی بە دۆزینەوەی بەهانە و دەستەواژەی نوێ هەیە تا ئەو هەموو کردارانەی خۆیانی پێ داپۆشن بۆ ئەوەی ناوەڕکی ڕاستەقینەی بزووتنەوەکە بە قاوغێکی بریقەداری ڕازێندراو بە دروشم دابپۆشن بۆ ئەوەی دەنگدەرانیان جارێکی دیکە بە ناوی بەرگریکردن لە داخوازیەکانیان و ڕێگری کردن لە دەسەڵاتی پاوانکاری بنەماڵە بە لاڕێ داببنەوە، گۆڕان پێویستی بەوەش هەیە کە دەنگە ناڕەزاییەکانی ناوخۆش کپ بکات، ئەگەر لە بزووتنەوەکەش دوور بکەونەوە ئەوە باشترە دوورکەوتنەوەیەکی بێدەنگ بێت وەک چۆن لە سەردەمی نەوشیروان مستەفا ئەوە ببووە مۆدێلی نیشاندانی ناڕەزایی لە سیاسەتەکانی لەلایەن ئەو سەرکردانەی بە هەموو شێوەیێکەوە نەوشیروانیان پێ باشتر و قبوڵتر بوو لە سەرکردەکانی دیکە،بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا کوڕەکەی نەوشیروانیشیان بەهەمان پێوانە و ئاستی باوکی قبوڵە؟


PM:03:17:20/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 1815 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی