بارزانی لە بەغداوە بۆ تاران، پرسیارە یان وەڵام؟

‌ ئاسۆ حاجی

بیست و پێنج ساڵە بەغدا و ئەنقەڕە و دیمەشق و تاران نەیانتوانی بارزانی و هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە سیاسی و ستراتیژیەکانی ئەو ناوچەیە پەرواێز بخەن،بۆیەشە دوا جار تاران ناچارە فەرشی سوور بۆ داخوازیەکانی بارزانی رابخا و دەرگای باسکردنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی بۆ بخەنە سەرپشت.

ئەوانەی سەردانەکەی بارزانیان بۆ بەغدا بە خۆڕادەستکردنەوە و خۆهاوێشتنەوە باوەشی بەغدا وەسفکرد چەند ئەو لێکدانەوەیان راست دەرچوو هەر ئەوەندەش لێکدانەوەیان بۆ سەردانەکەی بارزانی بۆ تەهران دروست دەردەچێ کە هەمان دەستەواژەی بۆ بەکاردەهێنن،تەنها لە خاڵێکدا نەبێت کە سەردانەکەی تاران تەواوکەری سەردانەکەی بەغدایە، بارزانی ئەوەی لە بەغدای گووت و لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی گفتوگۆی دەربارەکرد دەیگوازێتەوە تاران و یەکەمین خاڵی ئەجێندای سەردانەکە باسکردنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە وەک چۆن سەرەکیترین خاڵی سەردانەکەی بەغداش بوو وەک لە راگەیێندراوی نووسینگەی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆسرەت ڕەسول داهاتبوو بەر لە سەردانەکەیان بۆ بەغدا.

مەسعود بارزانی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ژمارەیەک کادیری پارتی رایگەیاندووە کە ئەو بۆ باسکردنی پرسی سەربەخۆیی نەبێت سەردانی هیچ ولات و کەسێک ناکات، هەر ئەوەش هۆکاری دواکەوتنی سەردانەکەیەتی بۆ ئێران کە چەند جارێک وادەی سەردانەکە گۆڕدراوە وێڕای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی چەند جارێک سەردانی ڕانەگەیندراوی بۆ تاران کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە گفتووگۆی دەربارەی ئەو پرسانە کردووە، دواجار چۆن لە دواین سەردانیدا بۆ لای عەبادی زەمینەسازی بۆ گفتوگۆیەکی کراوە و راشکاوانە کرد کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری دانوستانیان لەسەر کرد، بەهەمان شێوە ئێران ئامادەیی گفتوگۆیەکی کراوە و راشکاوانەی نیشان داوە.

ئەوانەی ناتوانن خوێندنەوەیەکی دروست بۆ سەردانەکەی بارزانی بکەن، تاکتیک و ستراتیژ تێکەڵ دەکەن، ئەوان دەیانەوێ سەردانەکە وەک ستراتیژ وێنابکەن کە لەلای بارزانی ئەو سەردانانە تەنها بەشێکن لەو تاکتیکەی خزمەت بە ستراتیژیەتەکەی دەکات کە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە، بۆ ئەم مەبەستە ئەگەر پێویست بکات بارزانی دەیان جاری دیکەش ئامادەیە سەردانی بەغدا و تاران و هەموو پایتەختەکانی ناوچەکە و دونیا بکات وەک بە کادیرەکانی خۆی راگەیاند بوو.

بارزانی کە ژمارەیەکی گەورە و قوڕسە لە جیهان و ناوچەکە و یەکێکە لەو کەسایەتیانەی وێنای چارەنووسی ناوچەکە دەکات، وڵاتە زلهێزەکان پێشی وڵاتە هەرێمایەتیەکان لەوە تێگەیشتن و هەر بەو شێوەیەش مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، لە وڵاتانی ناوچەکەش تورکیا بەر لەوانەی دیکە باوەڕی بەوە هێنا کە بارزانی ئەو کەسە نیە سەردانی ئەنقەڕە بکات تا ئەوان مەرجەکانی خۆیانی بۆ بخوێنەوە بۆیە ئەنقەڕە پەنای بۆ رێگایەکی دیکە برد کە لێکتێگەیشتنی سیاسی و ئابووری و لێکنزیکبوونەوەی تا ڕادەی ئەوەی بەهاوپەیمان باسبکرێن لێکەوتەوە، قایل بوونی بارزانی بە سەردانیکردنی ئێران ئەوە دەگەیێنێ کە تاران گەیشتبێتە ئەو بڕوایە کە جگە لەو رێگایە شتێکی دیکە بارزانی ناکاتەوە میوانی تاران.

هاوسەفەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ گرنگی سەردانەکە کە جگە لە باسکردنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان پرسگەلێکی دیکە ئامادەییان هەیە لەناو ئەجیندای سەردانەکە کە ئاسایشی ئێران و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری هەرێمی کوردستان و ئێران لە سەرەوەیدا دەبن. کارکردن لەسەر ئەو کارانە ئێران بە رێگایەکی کراوە و ئاشکرا و لە ڕیگای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەتوانێ رەچاوی بەرژەوەندیەکانی خۆی و قازانجکردن بکات لەو پەیوەنیە و لە دراوسێکانی کە ئەوە مافی هەر وڵات و دامەزراوەیەکە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی بە بناغەی هەر پەیوەندیەک وەربگرێ.


PM:06:27:03/10/2016

ئه‌م بابه‌ته 8257 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی