ئەگەر دوکتۆر یوسف تا ھەڵبژاردنی داھاتوو بمێنێتەوە!

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین


دڵسۆزانی ئەم نیشتیمانە و بەرۆگرانی بیری کوردایەتی، لەبری ئەوەی خۆیان بکەنە تەرەفێکی بێھودە، بە بەردەوام بیر لە دۆزینەوەی دەریچەیەک ئەکەنەوە بۆ ڕزگاربوون بەم خولانەوە بێ سودە بە دەوری بازنەی سیاسەتی ڕق و کینە. چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە سەرو بەندی ڕەتکردنەوەی پێشنیارەکەی ئێمەو یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پارلەمان لە لایەن گۆڕانەوە، ھاوبیرێکی دڵسۆز و بەڕێزم لێی پرسیم: ئێوە بۆ گەورەیی نانوێنن (وەک پارتی) دەست لەم مەرجەی خۆتان ھەڵگرن کە دوکتۆر یوسف لە دانیشتنی دووھەمدا دەبێت دەست لە کار بکێشێتەوە؟

منیش بەو ھاوبیرە بەڕێزەم گوت ئەم پرسیارەی تۆ پرسیارێکی ڕەحمەتی کاک نەوشیروانم بیر ئەھێنێتەوە. ناوەڕۆکی ئەم ووتارە پەیوەندی بە وەڵامی ئەو پرسیارەوە ھەیە و (مەنتیق)ی بیرکردنەوەی کاک نەوشیروا یش لەسەر دان و ستاندن بەرجەستە ئەکات.

ھەندێک لەو برادەرانەی کە ھەمیشە قسەی خێر ئەکەن چوبونە لای کاک نەوشیروان پێیان وتبوو: بۆ تەنازولێک بۆ پارتی ناکەیت و ئەم تەوقە بشکێت و کێشەکان چارەسەربکرێن؟... ئەویش لەوەڵامدا وتبووی: باشە ئەگەر من بە گۆڕینی سەرۆکی پارلەمان ڕازی بووم و کەسێکی ترمان بۆ ئەو پۆستە کاندید کرد، پارتی چیمان بۆ ئەکات و چیمان لە بەرامبەرا ئەداتێ؟!

با وای دابنێین ئێمەی پارتی ھەنگاوێک ھاتینە پێشەوە و ڕازی بووین بەوەی دوکتۆر یوسف ھەتا ھەڵبژارد نی داھاتوو وەک سەرۆکی پارلەمان بمێنێتەوە، ئایا بزوتنەوەی گۆڕان چەند و چۆن دێتە پێشەوە؟

لای ئێمە لەم ساتەوەختە ھەستیارەی مێژووی نەتەوەکەماندا کاتی پاڕلەمانێکی فەوزەوی نیە کە لەبری پتەوکردن و مسۆگەر کردنی یەکڕیزیمان، ببێتە شانۆی بازاڕگەرمی بۆ خۆ کردن و ئیستیفزاز کردنی یەکتر و شەڕە چەلەحانێی سەر شاشەی تی.ڤی و سایت و ڕادیۆ و ڕۆژنامەکان. پاڕلەمانێک لە ئێستادا ببێتە مایەی پەرتەوازەیی زیاتر، ھەر دەرگاکەی نەکرێتەوە باشترە.

پڕۆسەی ڕێفراندۆم کارێکی گرنگ و جددیە و، پێویستی بە سەرکردایەتیەکی حەکیمانەو یەک دەنگ و یەکڕیزە. بەڵام لە ھەمان کاتدا پێویستی بە سەرۆکێکی جددی و بەھێزە. ھەموو دەستبردنێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی لەو پۆستەدا، دەبێتە مایەی کوشتن و لەباربردنی ڕێفراندۆم. کە ئەمەش ئەڵێین ، نەک لەبەر ئەوەی ئەو پۆستە لەسەر سەرۆک مەسعود بارزانی تاپۆ کراوە.، بەڵکو لەبەر ئەوەی ھەم کات لەگەڵمان نیە، چونکە ئەستەمە ھەتا ٩/٢٥ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ھەرێم بکرێت، ھەم دۆزینەوەی بەدیلێک بۆ کاک مەسعود ئەگەر بڵێم مەحاڵە لە ئێستادا ھیچ موبالەغەیەکی تیانیە. ئەکرێت مەسەلە قانونیەکەی پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم ( کە لای ھەندێک کەس لەوانەیە بەربەستێکی گەورە بێت) بە ئالیاتێکی قانونی تایبەت لە پارلەمان چارەسەربکرێت.

ئینجا بۆیە چەند پرسیارێک لە ئەگەری بەردەوامی دوکتۆر یوسف لە پۆستەکەی ھەتا ھەڵبژاردنی داھاتوو دێنە پێش: ئایا دوکتۆر یوسف بە نیەتی وَ يُطَهِّرَكُمْ تَطْهِيراً دەست بەکار ئەبێتەوەو خۆی لە ڕق و کینە پاک کردۆتەوە؟... یان بە نیەتی تۆڵەکردنەوە لە ئێمە ئەچێتەوە سەر کورسیەکەی؟... ئایا فراکسیۆنی گۆڕان واز لە بیرۆکەی ئاڵوگۆڕی لە پۆستی سەرۆکی ھەرێم ئەھێنێت و ھەست بە و بەرپرسیارێتیە مێژوویە ئەکات کە کەوتۆتە سەر شانی؟...

ئایا گەرەنتی ئەوە ھەیە لە دوا چرکەی لێک تێگەیشتن و پێکھاتن، ٨/١٩ دوبارە نابێتەوە ھەتا ١٠/١٢ لێ بکەوێتەوە؟... 
وابزانم تاکە ڕێگە ئەوەیە ئێمەو گۆڕان لە فەزایەکی دۆستانە و بە ڕاشکاوی وەڵامی ئەم پرسیارانەی یەکتر بدەینەوە... ئیتر پێکھاتن ھەر زۆر ئاسانە.


AM:01:28:21/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 34529 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی