سویدیش دژی ڕیفراندۆمە

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

سوید یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بە بەھەشتی دیموکراسی و مافی مرۆڤ ناسراوە. زۆر لە دانیشتوانی سەر زەوی وەکو مۆدێلێکی تایبەتی لە بواری ڕێزگرتن لە مافەکانی ئینسان و بیمەی کۆمەڵایەتی سەیری سوید دەکەن. لە ڕاستیشدا سوید بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ توانی مۆدێلێکی حوکمڕانی لە وڵاتەکەیدا سەقامگیر بکات کە جێی سەرنجی زۆر لە کۆمەڵناس، ئابوریناس و ئاکادیمیسیەکانی بواری سیاسەت بوون. ئەوەبو پاشان لەگەڵ ھێرشی دێوی گلۆبالیزەیشن، سویدیش وەکو تاکە دورگە نەمایەوە، ھەر بۆیەش دواتر ناوی (کۆتایی مۆدێلێک) لە سیستەمی حوکمڕانی سوید نرا. بەندە ھیچ کارم بە شیکردنەوە و باسکردنی مۆدێلی سوید نیە، ئەم چەند دێڕەشم وەک پێشەکیەکی کورت و پێویست بۆ باقی گوتارەکە نوسی.

وڵاتی سوید لە زاری ئولوف سکووگ نوێنەری ئەو وڵاتە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاندوە کە ئەوان لە دژی ڕیفراندۆمی باشوری کوردستانن. ھەندێ کەس ئەم ھەڵوێستەی سویدیان پێ سەیرە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم جۆرە ھەڵوێستەی حکومەتی سوید شتێکی تازە نیە لە مێژوودا. لە سەردەمی جەنگی دووھەمی جیھانی ھەموو ئەوروپا لە بەرەیەکدا بەرەنگاری ھێتلەر بوبونەوە. ئیتر یان لە شێوەی گروپی پارتیزانی وەک لە یۆنان، فەرەنسا، ئیتالیا، چیک و ھۆڵەنداو ... تا دێت. یان لە بەشداری کردن لە بەرەی دژی ھێتلەر لە شەڕی جەبھەوی. کەچی سوید باشترین سەرچاوەی ھەناردەکردنی (پۆڵا) بوو بۆ پیشەسازیە سەربازیە زەبالاحەکەی ھێتلەر. ھەردوو دراوسێی دیوار بە دیواریان (نەرویژ و دانمارک) لە لایەن نازیەکانەوە داگیرکران، کەچی سوید لە گوڵ کەمتری پێ نەگوترا. قیتارەکانی سوپاکەی ھێتلەر بەناو خاکی سوید دا چەک و تەقەمەنیان بۆ ھێزەکانیان لە نەرویژ دەبرد و، کۆنترۆلی وڵاتەکەیان پێ دەکرد.

سوید ھەموو ئەم کەین و بەینەی لە ژێر دروشمی درۆیەکی گەورەدا کە گوایە (لە شەڕەکەدا بێ لایەنە) دەکرد. دیارە سوید بازرگانیەکەی لەگەڵ دەسەڵاتی نازیەکان لە چارەنوسی خەڵکی نەروێژ و دانمارک و ئەو چەند ملیۆن جولەکەیەی لە کەمپە زۆرەملێکانی ھێتلەر سوتێنران و سابون لە ئێسکەکانیان دروستکرا لا گرنگتر بوو. ھەر بۆیەش ھەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت خەڵکی نەرویژ چارەی سویدیان ناوێت و، بە خائینیان دەزانن.

ئەو کەسانەی کە بەتایبەتی گەشتێک بەرەو وڵاتی میسر دەکەن بە مەبەستی سەردانی ئەھرامەکانی میسر، لەوانەیە بیریان بچێتەوە کە نرخی بەرزبونەوەی باڵای ئەو ئەھرامانە کەلـلە سەری دەیان ھەزار کۆیلەیە، کە ڕۆژانە لەبەر گەرمای خۆر و وشکایی بیابان، ھەر لە ھاڵھاتنی کازیوە ھەتا زەردە پەڕی دەمەو ئێوارە بەزۆری قمچی کرێکاریان پێ کراوە. ھەر بە ھەمان شێوە باجی مۆدێلە شازەکەی سویدیش خەڵکیتر داویەتی.

ئێمەی خەڵکی کوردستان دەبێت ڕاستیەکی تاڵ ھەیە بیزانین. لە ھەردوو حاڵەتی نەھامەتی و، ئەوکاتانەشی کە بەختی مێژوو ڕوی تێ کردبین، ئێمە خۆمان بە تەنیا بینیوەتەوە، ئیتر خۆ لەم مەسەلەی ڕیفراندۆمەدا باشتر نابێت. ئێمە سوپاسی ئەو وڵاتانە دەکەین کە لەم لۆفەیەی مێژوودا لەگەڵمانیش نەبن، دژایەتیمان ناکەن. بەڵام دیارە دیموکراسیەکەی ھەندێک وڵاتی خۆرئاواو سوید ھەتا قولە پێیان بڕ دەکات و، بستێک سنورەکانی ئەوروپا تێناپەڕێنێت. لای ئەوانە لەبەر ئەوەی کوردستان ناکەوێتە چوارچێوەی سنورەکانی ئەوروپا و، وڵاتەکەمان (ئاگرێکە و دۆزەخێکە) کە زۆر لەوانەوە دوورە، ئیتر مافی ئەوەمان نیە ببینە دەوڵەت.

پێم وابێت بەھەشتی ئە حمەد موختار جاف ڕاستی فەرموە:

ئەم قەراری عەسبەیەی خەڵکی ئەڵێن بۆ کورد ئەبێ
ھەر قسەی ڕوتە و قسەش ناچێتە ناو گیرفانەوە
ڕاستە گەر ئیسمی عەدالەت بۆچی منداڵانی کورد
وێڵ و سەرگەردان بسوڕێنەوە بەسەر کێوانەوە
بۆیە ئامانی سەرەکی بڕوابەخۆبوونە، لە پێش ئەوەی بڕوا بە خەڵکیتر بکەین.

تێبینی: مەبەست لە قەراری عەسبە لە شیعرەکەدا (عصبە الامم) ە کە لە ئەنجامی دانوستاندەکانی پاریس لە ١٩٢٠/١/١٠ پێکھێنراو، یەکێک لە دەستەگوڵەکانی ئەو نەخشە جوگرافیایەیە کە لە ئێستادا خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی لەسەر داڕێژراوە.


AM:11:06:22/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 1096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی