لاوازی کەلتوری ڕەخنەگرتن

‌ئەبوبەکر هەڵەدنی

عەلی عزەت بیگۆفیچ سەرۆکی بۆسنە دەڵێت (یەکێك لەهۆکارەکانی پێشکەوتنی شارستانیەت وژیاری ئەوروپا ئەوەیە هەمیشە بەدوای هەڵەکانی خۆیان دا دەگەڕێن وبەردەوام ڕەخنە لەخۆیان دەگرن).

بەپێچەوانەی لای خۆمان کەهۆشیاری وڕۆشنبیری ومەنهەجیەتی ڕەخنە لەخۆگرتن ئەگەر نەڵێین بوونی نیە ئەوا زۆر لاوازە.

ڕەخنەی بنیاتنەر هۆکاری گەشەکردن ونەشونما وبەرەو پێش چونە، بۆیە مرۆڤە بچوکەکان وعەقڵە کولەکان بەرگەی ڕەخنە ناگرن.

هەر حزبێک لەناو فەزای خۆیدا ڕەخنە بکوژێت وزەمینی هەڵسەنگاندن بەرتەسک بکاتەوە ئەوا ئەو حزبە بەدەستی خۆی جاڕی مەرگی خۆی داوە وکۆمەڵێك مشەخۆر وهەلپەرست وهیچ لەبارا نەبوو و بێبەرهەم دێنێتە بوون.

لەووڵاتانی پێشکەوتوو وگەلانی زیندوو نەک ڕەخنە قەدەغە نیە بەڵکو هەموو بەرپرس وکاربەدەستێک بەرەو ڕووی ڕەخنە دەبنەوەو تەنانەت فیلم وشانۆگەری کۆمیدی ووێنەی کاریكاتێری جاری واهەیە لەشێوەی ئاژەڵدا بەرجەستە کەری ڕەخنە ئاراستەکردنن.

لە کۆمەڵگای لەمەڕ خۆمان نەک ناوخۆی حزبەکان بەڵکو حزبەکان ڕەخنەی یەکدیش قەبوڵ ناکەن، وەک ئەوەی جیاواز نەبن وفۆتۆکۆپی یەکدی بن، یاخود دونیای حزب هەمووی جوانی بێت وکاراکتەرەکانیشی کەسانی کامڵ وبێ هەڵەو پەڵە بن.

مادام ئێمە مرۆڤین لەچوارچێوەو سەلیقە و حەزی مرۆڤانە هەڵدەسوڕێین وتواناکانمان سنوردار وتێگەیشتن وجوڵە مان بەندە بەخوێندنەوەو دەرکردنی دەوروبەرمان، کەواتە سانایە کەهەڵە بکەین ونەیپێکین، کەهەڵەش هەبوو دەبێت لەبەرامبەرەوە ڕەخنە وڕاستکردنەوە هەبێت.

ڕەحمەت لەپێشەوا مالک ئاماژەی بۆگۆڕی موبارەکی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەربێت)دەکرد ودەیفەرموو جگە لەخاوەنی ئەم گۆڕە هەموو کەسێک لەقسەکانی وەردەگیرێت وڕەت دەکرێتەوە.

جەنابی مام جەلال لەشاخ لەکاتی ڕۆمانی (سەگوەڕ)ی محەمەد موکری دەیفەرموو ڕەخنە بەڕەخنە ونوسین بەنوسین وەڵام بدەنەوە دروشمی نان وئازادی بۆنوسەران بەرزکردەوەو لەشاریش زۆر جار دەیووت تەنها خوا وپێغەمبەروقورئان هێڵی سوورن.

لەکوێ ڕەخنە لاواز وسەرنگوم کرا لەوێدا تەقدیس وبەپیرۆزکردن دێتەئاراوەو مرۆڤە بودەڵەو ترسنۆك وقاچ لەرزیووکۆیلە ودەستەمۆ وگوێ لەمستەکان دەبنە زۆر وبۆر وڕێگە لەهەڵسانەوە دەگرن.


AM:11:03:20/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 3216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی