وەفا و پارە.!

‌کاردۆ محەمەد

لە پرسەی ئەو سەرکردەییەی، نیوسەدە زیاتر لە تەمەنی لە پێناوی دۆزی میللەتەکەی تەرخان کرد. خەڵکی کوردستان، خەم و پەژارە و متمانە و خۆشەویستی و ئاپۆڕەی جەماوەریی کەم وێنەیان پیشاندا. ماتەمگێڕان، بە چاوی پڕ لە وەفا بە هاوڕێیانی  کاک نەوشیروانیان دەگوت:(داواتان لێدەکەین ڕێبازەکەی بپارێزن و بەردەوامبن لەسەر ئەو خەونانەی ئەو هەیبوون بۆ ڕزگاریی و ئازادی نەتەوەکەی و گەیاندنی ئەم کاروانە بە ئامانجە پیرۆزەکانی.)

ئەم هەست و پەرۆشی و متمانەیەی خەڵک، لە خۆڕا نییە. بەڵکو بەرەنجامی مێژووییەکی پڕ لە ڕۆژگاری سەخت و وەچەرخانی مێژوییە، کە سەرکردە هەڵکەوتوەکان بۆ میلەتەکانیان دەیکەن.

 کاک نەوشیروانیش یەکێک لەو ڕابەرانە بوو، کە هێزی کاریزمای تێکۆشانی خۆی لە پێناوی ڕزگاری نیشتیمانی و گەیشتنی میلەتەکەی بەڕێگایەکی ڕاست بۆ ژیانێکی باشترو کەنارێکی ئارام تەرخان کردبوو. لەم سۆنگەیەوە متمانەی و ئومێدی خەڵک، وەفایەک بە ئێمە دەسپێرێ و  ئەرکمان قورستر دەکات. ئەگەر دوێنێ ئەڵقەی هاوبەشی  هەموومان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان (نەوشیروان مستەفا) بوبێت، ئەمڕۆ ئەڵقە هاوبەشەکەمان (سمبول و ڕێبازەکەیەتی) کە لە پرانسیپەکانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەنگڕێژکراوە.  دوور نمای کارمانە لە چەختکردنەوەیە بۆ ئەو ڕاستیانەی سەرەوە، ڕوانینی ئەو لەسەر دوو پرس باس دەکەم کە ئەویش (وەفا وپارە)یە:

 کاک نەوشیروان کاتێک لە نیسانی ٢٠١٦ لە لەندەنەوە گەڕایەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لەیەکەم  کۆبونەوەیدا گوتی "دەمەوێت پێتان بڵێم من لە ژیانمدا چانسم لە دوو شتدا هەبوە و شانازی پێوە دەکەم، ئەوانیش: (یەکەم بەدرێژای ژیانم هاوڕێ باشم هەبووە و هەیە. دووەم لەژیانمدا کێشەی پارەم نەبووە نییە .)

پاشتریش هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، وتی "دەمەوێ سوپاستان بکەم و دەست خۆشیتان لێبکەم لەم ماوەیەی کە من لێرە نەبوم، ئێوە ئەرکەکانی خۆتان جێبەجێ کردووە. لە ژیاندا وەفا و پارە، دوو تێگەیشتنی گرنگ و بنەڕەتین.!

وەفا بەمانای پابەندبوون و ئەرک دێت لەبەرامبەر ئەوی تردا. پارەش ئامرازی پێویستی ژیانە و یەکێکە لە پیداویستییەکان. لادان لە هەردوو پرانسیپ، مرۆڤ دەخاتە بەردەم داماڵین لە مرۆڤ بوون.

پاش کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ئەرکی هەموو گۆڕانخوازێکە، لە ئاست ئەو تێگەیشتنە بن کە ئەو بۆ هاوڕێکانی هەیبوو. هەرکەس لە ئامانجە گەورەکەی لابدات، هەرگیز ناتوانین  وەک نەوشیروان موستەفا بژین و بمرین.!


PM:04:33:24/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 3163 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی