مرۆڤ نیشتەجێی زمانە نەک نیشتمان

‌شێرکۆ حەمەئەمین

مرۆڤ نیشتەجێی زمانە، نەک نیشتمان (ئیمیل سایرۆن)

ئەمڕۆ۲/۲۱ ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لە هەمو کوردی زمانێک پیرۆزبێت. بەهیوای هەمیشە پێشکەوتنی زمانی شیرینی کوردی، کە بە دانانی پلانی زمانی و سیاسەتی زمانی دەبێت، کە وەک هەمو بوارەکانی تری بەڕێوەبردن و ژیانی کۆمەڵی کوردی، لە سایەی سیاسەتی شکستخواردووی پارتی و یەکێتی لە کوردستان نیمانە. بەپێچەوانەشەوە سیاسەتی بەکەم سەیرکردنی زمانی کوردی پەیڕەودەکرێت.

زمانی کوردی ئێستا لە بێ پلانی و نەبوونی سیاسەتی زمانی ئیدارەی کوردیدا ئەوەشی لەڕابوردودا بنياتنرا بو خەریکە لەناو دەچێت. بەتایبەتی هەر ڕاگەیاندنە بەویستی خۆی و بە سیاسەتی خۆی مامەڵە لەگەڵ زمان و زاراوەو شێوەزارەکانی زمانی کوردیدا دەکات بەبێ چاودێری لایەنی حکومی.

جگە لەوەش لە سایەی ململانێی پارتی و یەکێتی و سیاسەتی ناوچەگەری ئێستا چارەنووسی زمانی ستاندارد لە تونێلێکی داخراودایە، بەڵام پێش ڕاپەڕین لە زاخۆ تا گەرمیان یەک بابەتی کوردی و ڕێزمانی کوردی دەخوێنرا، بەڵام ئێستا لە حوکمی کوردیدا پاشاگەردانییەدا و سەرباری هەمو ئەماش  تا ئێستا یاسای ژمارە ٦ ساڵی ۲٠۱٤ یاسای  زمانە فەرمییەکان جێبەجێ نەکراوە.

بەم دۆخە بێسەروبەرەی کوردستان و ئەم ئیدارە شکستخواردوە و نەبوونی پلان و سیاسەتی زمانی و دەزگایەکی تایبەتمەندی ئەو بوارە، ئەوا ئەگەر فریا نەکەوین ئایندەی زمانی کوردی باش نابێت، کە زمان تاکە هۆکاری جیاوازی  نێوان کورد و عەرب و تورک و فارسە، به تایبەتی دوانی یەکەمیان.


PM:01:31:22/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 1762 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی