هەر بەڕاستی یاسا تەونی جاڵجاڵۆکەیە...

‌شێرکۆ حەمەئەمین



ماوەیەک پێش ئێستا فەرمانەرێک، لە کفری سیاسەتی برسیکردن و ستەمی پاشەکەوتی مافیاکانی حوکمڕانی کوردستان ناچاری بردنی شیرودایبی بۆ مناڵەکەی کردبو. هەر چەندە بەندە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ئەوە نیم دەستوەردان لەکاری دادگا بکەم، چونکە دەسەڵاتێکە دەبێت سەربەخۆبێت و یاسا بەبێ جیاوازی بەسەرهەمو کەسدا جێبەجێ بکات، بەڵام ئەی کێ دزە ئاشکرا و گەورەکانی نیشتمان بداتە دادگا و حوکمیان بەسەردا بدات. کام دادگا و داوەر حکومەتی هەرێم بخاتە قەفەزی دادگاوە. لە کاتێدا بڕیاری ژمارە ٦٤ نایاسایی زۆرەملێی پاشەکەوتیان داوە؟

کام دادگا ئەوانەی ۲٥ ساڵە شکۆی ئینسانی کورد دەشکێنن، بداتەدادگا؟ گروپێک بازرگانی سیاسی سیاسەتی ئابوری چەتەیی پەیرەودەکەن، سەدان بەڵگەمان داوەتە دادگا و دەستپاکی و داواکاری گشتی، کەی ئەنجامی دەبێت؟

ئەگەر شیر و دایبی ۱۱ ساڵ سزاکەی بێت، ئاخۆ  ئەنفالچییەکان و بازرگانانی سیاسی کە سامانی سەرزەوی و ژێر زەویی کوردستانیان تاڵانکردووە، دەبێت سزاکەی چەند و چی بێت؟

ئاخۆ تاپۆکردنی پاڵاوگە لەسەر کۆمپانیای حیزبی بەبەهای زیاتر لە دو ملیار دۆلار دەبێت سزاکەی چی وچەند بێت؟

ئەمانە و هەزاران  گەندەڵی و تاڵانی تر،کە ژمارەیە بازرگانی سیاسی کردویانە، ئەی نەدەبوو دادوەری بەڕێز، دۆخی ئێستا و ژیانی ئەو فەرمانبەرە و بڕینی مووچەکەی لەبەرچاوبگرتایە و بنەمای سزا بەئەندازەی تاوانی پەیڕەوبکردایە.!


PM:02:09:30/04/2017

ئه‌م بابه‌ته 2131 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی