منداڵیم بدەنەوە..!!

‌سالار سەراوی


منداڵیم خۆشدەویست، رۆژانێک کە لەجیاتی دڵم سەر ئەژنۆکانم بریندار دەبوو.! "حسێن پەناهی"
کەمێک پێش ئێستا و پێش نوسینی ئەم تێکستە لە ماڵەوە هاتمە دەرەوە، کۆڵان چۆڵ بوو، چاوم گێڕا نە هاوڕێیەکی منداڵی و نە رێبوارێک بە کۆڵاندا گوزەری نەکرد، وامزانی لە جیهانێکی تردا ژیان دەکەم.! 

کۆڵان كش و مات، لە دەرگای چەند ماڵە دراوسێیەکمدا بۆ جەژنە پیرۆزە، کەسیان نەیانکردەوە. دایکم هێشتا لەبەر دەرگای ماڵی خۆمان وەستابوو وتی؛ کورم هەموویان خەوتوون و بەیانی زوو لە جەژنە پیرۆزەبوون.!

بەناچاری ملی ڕێمگرت و تەلەفونم بۆ دوو هاوڕێم کرد هیچیان وەڵامیان نەدایەوە، تەلەفونم بۆ هاوڕێیەکی تر کرد وتی؛ ببورە کاتی پشودانە و دەتوانی کاتێکی تر بێتت بۆ ماڵمان..!

ئەمڕۆ زۆر هەستم بە تەنیایی کرد، ئیدی بەتەواوی تێگەیشتم گەورەبوون چەند تاڵە، ئەها مرۆڤ چۆنە بە منداڵی و لە کۆڵاندا شەوان بەزۆر دەیانبردینەوە بۆ ماڵەوە کەچی کە گەورەبوون خۆیانت لێ ئەدزنەوە.! 

بە منداڵی مۆبایلمان نەبوو کەچی هەموو شەو و رۆژێ لەکات و شوێنی دیاریکراودا یەکمان دەبینی، کەچی ئێستا تەلەفونیان بۆ دەکەیت وەڵامت نادەنەوە، یان خۆیانت لێ ئەدزنەوە.!

کە منداڵ بووم شەوان لەسەر پێخەفەکەم بیرم لە گەورەبوون دەکردەوە، کە گەورەبووم پەشیمان بوومەوە.! ئەمرۆ بە تەواوی نەفرەتم لە گەورەبوون کرد، ئاخر هەموو خۆشیەکانی ئێستا ئەگەر هەبێ، تامی سەر شکانێکی کۆڵانی منداڵی نادات.!

نازانم ئەمرۆ بیری هەندێ هاوڕێی منداڵیم کەوتەوە، تۆ بڵێی لە کوێ بن.؟! بڵێی منیان لەبیربێ وەک من چۆن ئەوانم لە بیرە.؟! نا هەرگیز بڕوا ناکەم رەنگبێ ئەوانیش وەک من باجی گەورەبوون بدەن.!

گەورەبوون وایلێکرم کە هەندێجار وەک بەرد رەق بم، گەلێک جاریش وەک چۆلەکە لاوازم.!

لێمگەڕێن، وەک هەمیشە بە تەنیا دێم و دەچم، کاتێ ئەم نوسینە دەخوێنیتەوە وێنای من لە چاوی خۆتدا بکێشە و بزانە کە بە تەنها لە قاوەخانەیەک دانیشتووم و بەدەم کێشانی جگەرەیەک و قاوەیەکی تاڵەوە، تاڵی گەورەبوون دەخۆمەوە.!

لە راستیدا من پەیوەندیم بەژیانەوە نەماوە. بەمنداڵی ژیانم خۆشدەویست بەتایبەت ئەو کاتانەی بۆ جەژن پێڵاوی تازەیان بۆ دەکڕیم، ئێستاش ژیان لە گەورەبوندا پێڵاوێکی کۆنە و دەیانجار پینەی دەکەین تا رووی راستەقینەمان دەرنەکەوێ.!

ئێ ئاخر چی بکەم، کەسێک نەبێ کە لە ئازاری گەورەبوون بگات، گوێ لەتەنیایی دڵێکی بریندار و ماندوو بگرێت، مافی خۆیەتی ئەویش بەدەم وێرانبوونی خۆیەوە پێم پێبکەنێ.!

منداڵیم بدەنەوە، بەڵێن بێ چیدی خۆزگە بەگەورەبوون ناخوازم، دەچمەوە ئەو ساتەی کە خواحافیزی تا ئەوسەری کۆڵانەکە بوو.!
سالار سەراوی
٢٥ / ٦ / ٢٠١٧
"یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان"


PM:03:56:25/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 10716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی