‌ئامارەکانی ٢٠١٦ پڕیەتی لە ئاماژەی مەترسیدار
PM:01:00:08/01/2017
عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ڕه‌زا

ساڵی( ۲۰۱٦ )بۆهەرێمی کوردسان و دانیشتوانەکەی ساڵێکی ئێجگار قورس، قەیراناوی، پڕکێشە ونائومێدی بوو، بەشێوەیەک لەماوەی چارەکەسەدەی فەرمانڕەوایی دەسەڵاتی کوردیدا هاوشێوەی نەبووە، چونکە لەئەمساڵدا خەڵکی کوردستان هەم بەکوللەمەرگی ژیان و ساڵیان تێپەڕاند و گوزەراند، هەمیش نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان پڕسکی بەتەواوی لێ بڕیبوون.

ساڵی ڕابردوولەم هەرێمەدا جگەلەتێکشکاندنی تیرۆریستان لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردسان کەمایەی شانازییەکی گەورەیە بۆهەمووان، پڕیەتی لەدنیایەک شەرمەزاری بۆ دەسەڵات و بەرپرسانی ئەم حکومەتە چونکە لەم ساڵەدا دنیایەک یاری بەهەست و سۆزی تاکی کورد کرا، چەندینجار شکۆی مرۆڤی ئەم مەملەکەتە تێکشکێنرا.
 بەکوردی و بەکورتی ساڵی( ۲۰۱٦ )هێندەی ژمارەکانی کێشەوگرفت و قەیرانی جۆراوجۆری لەوێنەی قەیرانی دارایی، سیاسی، یاسایی ، کارگێڕی، پەروەردەیی و.....هتد لەزۆرەوە زۆرتروزیاترکرد .

 ئەوچەند داتاوئامارانەی کەلەم چەند ڕۆژەی سەرەتای ساڵدا دەربارەی ۲۰۱٦ خرانەڕوو مایەی تێڕامانن و ئاماژەی زۆر ترسناکن، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەزوویی بێنەسەرخەت و نەخشەڕێگای خێرا و چارەسەری دروستیان بۆ بدۆزرێتەوە، گەر نا ئەوا ئاماژەکان ترسناکتردەبن و ڕووداوی ناخ هەژێنیشیان لێدەکەوێتەوە.

لێرەدا تەنها چەند داتاوئامارێک باسدەکەین کەتائێستا بەفەرمی ڕاگەیەنراون، واتا پشتڕاستکراونەتەوە بەفەرمی، لەوانە : ــ ڕێژەی بێکاری لەساڵی ۲۰۱٦دا گەیشتە (۱٤٪ ) لەکاتێکدا ساڵی (۲۰۱۳ )ئەم ڕێژەیە کەمتربوە لە (٥٪ )واتا ڕێژەکە نزیکەی سێ هێندە زیادیکردوە .
 ــ لەکۆی( ۳٥۰۰ )بەڵێندەر لەهەرێمی کوردستاندا بەهۆی قەیرانی دارایی لەم دووساڵەدا بەتایبەت ۲۰۱٦ (۱۰۰۰)باڵێندەریان مایەپوچبوون و زۆرینەی زۆری پڕۆژەکانیش بەتەواونەکراوی جێهێڵدراون .
 ــ بۆڕۆژنامەنوسانیش (۲۰۱٦ )ساڵێکی شوم بوە و لەم ساڵەدا( ٤٥) پێشێلکاری جۆراوجۆر بەرامبەر( ٨۰) ڕۆژنامەنوس ئەنجامدراوە لەکاتێکدا ساڵی( ۲۰۱٥ )تەنها (۳۲) پێشێلکاری هەبووە .
 ــ بەوتەی بەرپرسانی چاکسازس ژنان و مناڵانیش ژمارەی تاوانەکان لەساڵی ۲۰۱٦دا ڕوویان لەزیادبون کردووە لەچاو ساڵانی پێشوتردا.
ــ لەساڵی ۲۰۱٦ دا (٥۱۱)پیاو سکاڵایان تۆمارکردووە لەدژی هاوسەرەکانیان کەتوندوتیژییان بەرامبەرکردون ، وەهەر لەم ساڵەدا (۸)پیاو لەلایەن خێزانەکانیانەوە کوژراون لەکاتێکدا لەساڵی (۲۰۱٥)دا تەنها (٥)پیاوبەدەستی خێزانەکانیان کوژرابوون.

ــ لەساڵی (۲۰۱٦)بەوتەی بەرپرسی بەگژاچونەوەی ماددەهۆشبەکان لەسلێمانی دەستگیراوە بەسەر زیاتر لە (٤۰)ملێۆن حەب لەجۆری ترادامۆڵ ، بەکارهێنان و بازرگانیکردنیش بەماددەهۆشبەرەکان بەبەراورد بەساڵی (۲۰۱٥)ڕێژەی (۱۰۷٪) زیادی کردوە کەبەبڕوای من زیادبون و بەکارهێنان و بازرگانیکردن ماددەهۆشبەکان بەو ڕێژەیە زیان و کاریگەرییە خراپەکانی هیچی کەمترنیە لەتیرۆر و گەندەڵی.
بەواتایەکی تر گەربەرنەگیرێت بەم دیاردەیە ئەواجینۆسایدکردنێکی ئەم هەرێمەیە، بەڵام بەشێوازێکی هێواش و لەسەرخۆ.
ــ لەساڵی ۲۰۱٦ بەو سیستەمی موچەیەی کەحکومەت ناوی پاشەکەوتی لێناوە کەمن ناومناوە پاشەفەوت حکومەت توانی تەنها (۱۰)چارەک یان نیوە موچەبداتە موچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لێرەوە بۆماندەردەکەوێت هەرفەرمانبەرێک گەر چارەکەموچەی وەرگرتبێت ئەوا تەنها دووموچە و نیوی تەواوی لەماوەی ساڵەکەدا پێدراوە و گەر نیوەشی وەرگرتبێ ئەوا پێنج موچەی پێدراوە و بەس، لەکاتێکدا هەر فەرمانبەر و موچەخۆرێک لەساڵی (۲۰۱٥)دا هەشت موچەی تەواوی پێدراوە .

ئەمە لەحاڵێکیشدابوە کەبەوتەی بەرپرسانی حکومەت مانگانە داهاتی هەرێمی کوردستان زیاتربووە لەترلێۆنێک دینار کەموچەی هەموو فەرمانبەر و موچەخۆرانی هەرێم نزیکەی (۸۸۰)ملیارد دیناری پێویستە .
 ــ بەراورد بەساڵانی ڕابردوو جموجوڵی بازرگانی و کۆکردنەوەی داهات لەدەروازەکانی هەرێم کەمیکردووە، تەنانەت هاتنی هاوڵاتیان لەو دەروازانەوە بۆ ناوهەرێم بەڕێژەی بەرچاوکەمیانکردوە .

 جگەلەم داتا و ئامارانەی کەئاماژەیان بۆکراوە ڕێژەی جیابونەوەی هاوسەران لەیەکتر، فڕێدانی مناڵ، زیادبونی نەخۆشیە دەرونیەکان، دزیکردن، کێشەی کۆمەڵایەتی .......هتد چەندین هێند لەساڵی (۲۰۱٦)دا زیادیانکردووە بەبەراورد بەساڵانی پێشوتر.
بۆیە هەرێمێک بەوشێوەیە جمەی بێت لەکێشەوگرفت و قەیران دەبێت هێندەی مەترسیەکانیشیان کاربکرێت بۆبنبڕکردنیان .

ئه‌م بابه‌ته 201 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright 2015. westga.net. All Rights Reserved.