نەوشیروان مستەفا ؛ وێکیپیدیای کوردی وگەنجینەیەکی پڕ زانیاری بوو

‌عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ڕه‌زا

هەرکەسێک گەر بۆ ساتێکیش بێت نەوشیروان مستەفای لەنزیکەوە بیبینی بێت ئەوا تائەندازەیەکی زۆر هەستی بە شارەزایی و زانیارییەکانی کردوە لەسەر هەموو کایەو بوارە جیاوازەکانی ژیاندا ، نەوشیروان مستەفا تەنها سیاسی ، مێژوونووس ، نوسەر، ڕۆژنامەنوس نەبوو بەڵکو گەنجینەیەکی ئێجگار گەورەی پڕ زانیاری گشتی بوو ، من زۆر جار وێنەی ئەوم وەک گۆگڵ دەهاتە پێش چاو کاتێک کە دەتەوێت سێرچێک بکەیت و زانیاریت بەدەست بکەوێت لەسەر بابەتێکی تایبەت یان وڵات وشارو تەنانەت کەسایەتییە ناودارو دیارەکانی جیهان .

یەکێک لەخەسڵەتەکانی ئەم کەسایەتیە ئەوەبوو هەرگیز لەبەرامبەر کەسانی دیکەدا خۆی وادەرنەدەخست کەلەو شارەزاترو پڕ زانیاریترە ،هەرکەسێک کەسەردانی دەکرد ڕاستەوخۆ کۆمەڵێک پرسیاری ئاڕاستەدەکرد و دواتریش بەوردی گوێبیستی وەڵامەکانی دەبوو . ئەو زانیاری زۆری هەبوو لەسەرمێژووی وڵاتان و شێوازی ژیان وسیستمی سیاسی و حوکومڕانی وئابورییەکەشیان ، تەنانەت هێندە ڕۆچوبوەنێو سیستمی ئابوری وبەرهەم وداهاتەکانیشیان دەیزانی چ وڵاتێک لەبەرهەمهێنانی کامە جۆرە بەرهەمێکدا بەشی پێداویستی خۆیان بەرهەمی هەیەو چ بەرهەمێکیش هاوردەی وڵاتەکانیان دەکەن ، بەواتایەکی تر شارەزایی تەواوی هەبوو لەسەر سەرچاوەی کۆکردنەوەی داهاتی زۆرینەی وڵاتانی دنیا .

ئەو دەیزانی یەکێک لەو لیژنانەی پەرلەمان کە  بەندە تێیدا ئەندامم لیژنەی کشتوکاڵ وسەرچاوە ئاوییەکانی پەرلەمانی کوردستان بوو بۆیە هەرجارێک کەدەمبینی یەکسەر پرسیاری سێکتەری کشتوکاڵ وئاووی دەکرد وبەراوردی دەکرد لەگەڵ وڵاتانی تردا ، وە بۆخۆشی لەم ساڵانەی دواییدا سەردانی زۆرێک لەناوچەکانی کوردستانی کردبوو ،وە بەدیقەتیشەوە چاودێری شێوازی کشتوکاڵکردنی دابوو ، تەنانەت زۆرجار پرسیاریدەکرد ڕوسیا ساڵانە چەند گەنم بەرهەم دەهێنێ ؟ یان دەیوت ئەی دەزانی هیندستان بەرهەمی برنجی چەندە ؟ بەو شێوەیە پرسیاری لەسەر چەندین وڵات دەکرد ، تەنانەت هەندێ جار دەمووت  کاک نەوشیروان چ پێویست دەکات بەو وردەکارییەوە بزانرێت ڕوسیا ساڵانە بەرهەمی گەنمی چەندەو هیندستانیش لەبرنجدا چەندەمین وڵاتی جیهانە ، ئەمە جگەلەوەی کە  نەوشیروان مستەفا (۱۰)ساڵ پێش ئێستا پڕۆژەیەکی گرنگی نوسیبوو بەناوی ئاواکردنەوەی دێهاتەکانی کوردستان ،کەبەبڕوای من لەو ماوەیەدا گەر نیوەی ئەو پڕۆژەیەی ئەو بخرایەتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەوا لەئێستادا نەگوندەکانی کوردستان بەو شێوازە چۆڵدەبوون و نە کەرتی کشتوکاڵ وئاژەڵدارییش وا داتەپینی بەخۆوە دەبینی .
مەبەست لەهێنانەوەی ئەم نمونانە ئەوەیە کەئەو هەمووی بەداتاو ژمارە دەزانی وزۆرجار بەراوردی جیاوازی ساڵەکانیشی دەکرد.

ئەولەبواری ئاووبەنداویشدا گەلێک زانیاری نەزانراوی دەزانی ، ئەو پێی وابوو حکومەتی عێراق کاتی خۆی کەبەنداوەکانی دوکان ودەربەندیخانی دروستکردوە چەندە مەبەست لێی دروستکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی بوە لەوەزیاتر مەبەستی فەوتاندن ولەناوبردنی زەوییە بەپیتەکانی ئەو ناوچانەبوە کەبەنداوەکانی تێدا دروستکردوە، ئەو بوون ودروستکردنی بەنداوی زۆرلە لاگرنگ ومەبەست بوو ، وەدەیشیزانی چ شوێن وناوچەیەک کۆگای ئاوەو بۆ بەنداو شیاوولەبارە وکەمترین زەوی کشتوکاڵی بەپیت بەهۆیەوە لەناودەچن .

نەوشیروان مستەفا هەرکەلەسەر بواری ئاو  وئابوری ئاو قسەی دەکردو دەدوا واتدەزانی کە پسپۆڕیەکەی تەنهاو تەنها لەسەر ئاوە ، تەنانەت لەچەند کەسێکی پسپۆڕی ئەو بوارەشم گوێ لێبوو دەیانگوت ئەو شارەزاییەی ئەو لەسەر ئاو هەیەتی ئێجگار بێ وێنەیە .

یەکێکی تر لەخەسڵەتە تایبەتەکانی نەوشیروان مستەفا شارەزایی بوو لەسەر ناوو ژمارەی  شاروگوندو شاخ وتەپۆلکەو دارودرەخت وتەنانەت گوڵ وبەرهەمە جۆراوجۆرەکانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بوو.
لێرەدا تەنها ئاماژە بەنمونەیەک دەکەین لەسەر سەلیقەو وردی نەوشیروان مستەفا و زانیاری لەسەرناوچە جیاوازەکانی کوردستان،

لالۆ عەبدولڕەحمان پێنجوێنی کەناسراوە بەوەستا لالۆ لە کتێبی (نیو سەدە بۆ نیشتمان ) چاپی یەکەم ساڵی (۲۰۱۲)کەزۆرێک لەبیرەوەرییەکانی خۆی تێدا باسکردوە لە لاپەڕە (٦٥٦)دا دەڵێ ؛ نەوشیروان مستەفا ماوەیەک خەریکی نوسینی ناوی گوندو کانی وئەشکەوت و شاخ ودۆڵ و دەشتەکانی کوردستان بوو ، ڕۆژێک پێکەوە دانیشتبوین و وتی ؛ لالۆ ، کەی توانیت ودەرفەتت هەبوو باپێکەوە ناوی گوندەکانی ناوچەی پێنجوێن بنوسین و بزانین کەلەو ناوچەیەدا چەند گوند هەبوە ، چەندیان قوتابخانەو مزگەوت و نەخۆشخانەیان تێدابوە .
ئەمانەوێت هەموو ئەو زانیارییانە لەناو کۆمپیوتەر تۆماربکەین .

وەستالالۆ دەڵێ ؛ ئەوکاتانەی کەدەرفەتم هەبوو ،لیستێکم لەناوی ئەو گوندو ناوچانەی کەکاک نەوشیروان مەبەستی بوو ئامادەم کرد ، پێم وابوو کەناوی هیچ جێگەیەکم بیر نەچوە ، لیستی ناوی گوندەکانم دا بەکاک نەوشیروان ،کاتێک کەناوی گوندەکانی خوێندەوە ووتی ؛ناوی ئەو دوو گوندەی تریش بنووسە، چونکە لەلیستەکەی تۆدا نییە .
لالۆ لەکۆتایی نوسینەکەیدا دەڵێ بەلامەوە مایەی سەرسوڕمان بوو ،چونکە بەشێوەیەک ناوی شوێن وجێگای گوندەکانی پێ ئەوتم ،وەک ئەوەی خۆی خەڵکی ناوچەی پێنجوێن وئەوگوندانە بێت ،دەشڵێت هەندێ زانیاری لابوو کەمن لام نەبوون یابیرم چووبون .

ئەم چەند نمونەیە مشتێکن لەخەرواری زانیارییە زۆرو زەوەندەکانی نەوشیروان مستەفا ، بۆیە دەکرێت نەوشیروان مستەفا بە وێکپیدیای کوردی ئاماژە یاخود پێناسە بکەین .
بۆیە بەکۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا تەنها سیاسیەک ، ڕۆژنامەنوسێک ، مێژوونوس و لێکۆڵەرێکی گەورەمان لەدەستنەدا ، بەڵکو گەنجینەیەکی پڕ پڕ لە زانیاری ،مرۆڤێکی ئێجگار بەسەلیقە،  بەهرەمەندێکی دەگمەن و فەرهەنگێکی بێ وێنەمان  لەکیس چوو .



PM:03:48:28/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 2945 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی