گەنمی ڕیفراندۆم!

‌عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ڕه‌زا

بەڕێزێک لەشاری هەولێرەوە تێلی بۆکردم و پرسیاری پارەی گەنمی جوتیارانی دەکرد، دیارە ئەو بەڕێزە خۆی زیاتر سەرقاڵی کڕین و فرۆشتنی دانەوێڵەیە بەگشتی، دوای ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانیم دایەوە، ووتی "دەزانیت ئێستا گەنمی ڕیفراندۆمیش پەیدابووە، وتم چۆن ؟ ووتی
ڕۆژانە دەیان کەس تێل دەکات و داوای گەنم دەکات کە بیکڕێت و هەڵی بگرێت، تەنانەت نرخی گەنم ڕۆژانە بەردەوام لەهەڵکشاندایە، چونکە لەئێستادا خەڵکی ترسیان لەوەیە گەر ڕیفراندۆم بکرێت و سنورەکانمان بەسەردا دابخەن ئەوا نرخی ئارد زیاد دەبێت، بۆیە لەئێستادا هەرکەس گەنم دەکرێت و وەک یەدەگ دایدەنێت پێی دەوترێت گەنمی ڕیفراندۆم" .

بۆیە من پێم وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم مەسەلەیەدا زۆر بێ باک و کەمتەرخەم بووە و ئەوەی بیری لێنەکردوەتەوە لانی کەم پاراستنی ئاسایشی خۆراکەکەیەتی، چونکە دەبوایە خۆی بەهەر شێوەیەک بوایە گەنمی جوتیارانی وەربگرتایە و کۆگای بکردایە وەک ئامادە سازییەک لەئەگەری هەر ڕووداو پێشهاتێکدا کەچاوەڕوان دەکرێت ڕووبدات .

بەپێی پێشبینیەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ بەرهەمی گەنمی ساڵی ( ۲۰۱۷ )ی هەرێمی کوردستان بریتی بوو لە یەک ملیۆن و ٥١٢ هەزار تەن گەنم، واتا بەشی پێداویستی دانیشتوانی هەرێم بۆ دوو ساڵ و زیاتریش، کەچی تائێستا ئەو بڕەگەنمەی کە لەسایلۆو بنکەکانی وەرگرتنی گەنم لەجوتیاران وەرگیراوە بەهیچ شێوەیەک نەگەیشتۆتە  ۲۰٪ ئەو ڕێژەیەی کە وەزارەت پێشبینی کردبوو، هەر بۆ نمونە ساڵی ڕابردوو تا ئەم بەروارە ۲۰ـ۷ زیاتر لە (۲۰۰ )هەزارتەن لەسنوری پارێزگای سلێمانی گەنم لەجوتیاران وەرگیرابوو، بەڵام لەمساڵدا تا ئێستا نەگەیشتۆتە ( ٤٥) هەزار تەن .

هەرگیز ئەو ڕێژەیەش کەحکومەتی عێراقی دیاری کردبوو بۆ کڕینەوە و وەرگرتنی گەنم کە  چوارد سەد و ٤٢هەزار و ٧٠٥ تەن گەنمە تەسلیم نەکراوە و ناشکرێت تا کۆتایی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە بنکە و سایلۆکانی هەرێم، کەتەنها پێنج ڕۆژی ماوە و( ۲٥ـ ۷ـ ۲۰۱۷) ، دواڕۆژە بۆ وەرگرتنی گەنم لەهەرێمدا .

لێرەدا دەکرێت بەکورتی چەند هۆکارێک بخەینەڕوو کە بوونە هۆکاری ئەوەی جوتیاران گەنم تەسلیم نەکەن و هەرزانفرۆشیکەن.

ـ تائێستا جوتیارانی هەرێمی کوردستان(٦٦۰)  ملیارد و ( ۲٨۱) ملیۆن دیناری پارەی گەنمی ساڵەکانی ( ۲۰۱٤ و ۲۰۱٥و ۲۰۱٦ )یان لای حکومەتی ناوەند و چارەنوسی نادیارە، ئەمەجگە لەوەی یەک دیناری پارەی گەنمی ساڵی( ۲۰۱۷) نەدراوەتە جوتیارانی هەرێم لەکاتێکدا جوتیارانی خواروو ناوەڕاستی عێراق دوای چەند ڕۆژێک تەسلیمکردنی گەنمەکانیان بە سایلۆکان پارەکەیان پێدەدرێت .

ـ حکومەتی هەرێم خۆی نەیتوانی و نەیکرد کە هەرچیەکی کردووە گەنمی جوتیارانی بکڕیایەتەوە کەتەنها (٥۰۰) ملیۆن دۆلاری تێدەچوو، دوو ساڵیشە ئەم پێشنیارەی بۆکراوە، بەڵام خۆی لێکردۆتە کەڕڕەی شەربەت و بابەتەکە لای جێگای گرنگیپێدان و بایەخ نەبووە .

ـ دیاریکردنی بڕی گەنم بەپێی دۆنم وایکرد جوتیاران کەمتر ڕووبکەنە بنکە و سایلۆکان، چونکە بۆ هەردۆنمێک زەوی لەسلێمانی (۱۰۹ )کیلۆو لەهەولێر( ۱۱٦) کیلۆو لە دهۆک ( ۱۷۰) کیلۆگەنم لەجوتیاران وەردەگیرا، بۆ نمونە گەر جوتیارێک (۱۰) تەن گەنمی ببردایە بۆ سایلۆ لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئەوا دە (۱۰۹)کیلۆیی گەنمی لێوەردەگیرا واتا لە (۱۰)تەن تەنها تەنێک و ۹۰ کیلۆ، ئەمەش کێشە و سەر ئێشەی زۆری بۆجوتیارەکە و سایلۆکەش دروستدەکرد و وایدەکرد جوتیارەکە نەیهێنێتە سایلۆ و لەبازاڕی ڕەش بیفرۆشێت.

ــ لەماوەی مانگ و نیوی ڕابردوودا کەوەرزی دروێنەی گەنم و بەبازاڕکردنی بوو، سەدان بازرگانی عەرەب لەشارەکانی خواروو ناوەڕاستی عێراق دەهاتنە هەرێم و گەنمەکانیان بەپارەی کاش و هەرزانتر لەو پارەیەی کەبڕیاربوو لە بنکە و سایلۆکان پێیان بدرایە دەکڕییەوە و دەیانبرد بۆ دەرەوەی هەرێم و کەسیش نەبوو پێیان بڵێ پشتی چاوتان برۆیە.

بۆیە بەرپرسیاری یەکەم لەهەر دۆخێکی نەخوازراو گەر ڕووبدات تەنها و تەنها حکومەتی هەرێم و بەرپرسە باڵاوبێباکەکانیەتی، چونکە نەتوانی پارێزگاری لەپاراستنی ئاسایشی خۆراکی خۆی بکات کە سێ ساڵێکە شانازیمان بەوەدەکرد کە بەرهەمی گەنممان گەیشتۆتە خود دابینکاری، وە نەتوانیشی چەند سایلۆیەکی فراوان و مۆدێرن دروست بکات لەماوەی تەمەنیدا بۆ هەڵگرتن و کۆگاکردنی بەرهەمی دانەوێڵەکەی خۆی، تاهەنوکەش تەنها بەشی کۆگاکردنی (٤۲٥) هەزار تەن دانەوێڵە سایلۆهەیە لەهەرێمی کوردستاندا لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو کەتەنها ( ۷۰٪) یش گەنم لەجوتیارانی هەرێم وەرگیرا زیاتر لە( ٨٨۰ )هەزارتەن گەنم تەسلیم بە بنکە و سایلۆکان کرا .

ماوەتەوە بڵێم واگەنمی ڕیفراندۆمیشمان بیست، تۆ بڵی نادوو مانگی تر چ شتێکی سەیری تر ببینین و ببیستین .


AM:11:05:20/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی