بۆ ڕۆشنبیرانی دەنگی نەخێر

‌د.ئاراس عەبدولکەریم

بۆ ڕۆشنبیرانی کەمپینی (نەخێر) بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی..

ئێمە شۆڕشگێڕمان هەیە  سێ بەشی تەمەنی بەخشیوەتە شاخ و شۆڕشی نەتەوەکەی و ئێستا دەنگی (نەخێر)ی لە بەرامبەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەرزکردۆتەوە. ڕۆشنبیرمان هەیە کە سەنگینانە لە بەرەی ئەو شاخ و شۆڕشەدا دەنگی عەقڵانی و مەدەنیانەی شار بووە و ئێستا لە دژی (بەڵێ)ی ئەو ریفراندۆمە دەنگ هەڵدەبڕێ. داخۆ چی لەوە زەحمەتتر بێت کە ئەو تەرزە شۆڕشگێڕ و ڕۆشنبیرە بە خائین بناسیت؟  ئەمە کارەسات نیە، بەڵکو زیاتر وروژێنەری پرسیارگەلێکی گوماناوییە لە دنیای دەستەبژێرانی ئێمە. بۆیە گەرچی لای من ئەو (بەڵێ)یە هێندەی شایەتمانهێنانی موسوڵمانێک پیرۆز بێت، هێشتا ناکرێ هەروا سانا ئەهلی ئەو(نەخێر)ە بە کوفری خیانەت خەتابارکرێن.

گۆڕان و کۆمەڵ مافی ڕەوای خۆیانە شەو و ڕۆژ میدیای فەرمی و سێبەریان بۆ دژایەتیکردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی خستبێتە گەڕ، مونەزیر و ڕۆشنبیرانیان بە چڕی کار بۆ ساردکردنەوەی خەڵکی کوردستان لە بەشداری ریفراندۆمەکە و بێبەهاکردنی بکەن. تەنانەت کاتێک هەندێک لە مونەزیران و ئەهلی (حل و عقد)یان، چ ژێر بەژێر و چ بە ئاشکرا، سەرکردایەتی کەمپین لە دژی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، من هەرگیز بە بانگەوازکەرانی ژیردەستەیی و کۆیلەیی ناویان نابەم. لای من ئەم هەڵوێستەیان پەیوەستە بە جیهانبینی و فیکر و ئەجیندای ئەو دوو حیزبە سیاسیەوە.

 بۆیە ئەو دوو گوتارە حیزبییە هەرچیەک دەڵێن لەسەر نەگونجاویی ساتەوەخت  و ناکامڵی پێشمەرجەکانی سەربەخۆیی، لە ڕاستیدا جگە لە بیانوویەکی سیاسی هیچیدیکە نین، ئەمەش بە بەڵگەی ئەوەی کە لەگەڵ سەرگرتنی داخوازیە حیزبیەکانیاندا، بە دڵنیاییەوە شتێکیان لا نامێنێ بە ناوی نەگونجاویی ساتەوەخت و ...هتدەوە. لەو دوو حیزبە دەگەرێم چونکە قسەی من لەسەر ڕۆشنبیرانی هاوئاوازی ئەو (نەخێر)ەیانە نەک خودی گوتارە حیزبیەکەیان.

ڕەنگە هەڵە نەبم گەر بڵێم کورد تاکە نەتەوە بێت کە تەرزە ڕۆشنبیرانێکی هەبێ، کاری بەردەوامیان ڕەتکردنەوەی حیزبسالاری بووبێ و لەژێر هەژمون و کاریگەریی ئەجێندای حیزبیدا تەنزیر بۆ گوتاری دژە سەربەخۆیی نەتەوەکەی بکات. هاوکات نێوەندێکی ڕۆشنبیری لە دنیادا نەبێت هێندەی نێوەندی ڕۆشنبیریی ئێمە لە غیابی بەرکەوتنی عەقڵانی و لۆجیکیانەی نەرمدا بێت و کۆکردنەوەی ئارگیومینتە دژ بە یەکەکان و دەنگە جیاوازەکانی ڕۆشنبیرانی لە سروشتێکی دروستدا بوبێتە جۆرێک لە مەحاڵ.

ئێستا (بە گشتی و ناڵێم بە ڕەهایی) لە نێو ڕۆشنبیر و خاوەن دەنگ و بۆچونەکاندا، دوو بەرەی ئاشکرا لە (بەڵێ) و (نەخێر) لەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە ئارادان، هەر لایە و قسەی خۆی دەکات، بەڵام بەبێ دواندنی لایەنی بەرامبەر، ئەوەی هەیە جۆرێکە لە مۆنۆگ و قسەکردن بۆ قەناعەتی زاتی، مەگەر لە حاڵەتی تۆمەتبەخشین و تەشهیرکردندا نەبێت کە ڕووی قسەیان لەبەرامبەر بێت. لای من هیچ شتێک لە چێکردنی دۆخێکی شیاو لە بەرکەوتنی نەرمی دەستەبژێرانی دژ بەیەکدی گرنگتر و لەپێشتر نیە. ئاخر ئەوە چ سەمەرەیەکە ڕۆشنبیرانمان لە هەر مەخلوقێکی دیکەی کۆمەڵگاکەمان زیاتر دژ بە قبوڵکردنی جیاوازی و لێکتێگەیشتن و دیالۆگ بێت، لە کاتێکدا کەس هێندەی ئەو بانگەشەی ئەو تێرمانە ناکات. بە ڕاستی هیچ مەحاڵیش نیە ئەو دۆخە (لانیکەم) لە سایەی پرسی سەربەخۆییدا، بخوڵقێنرێ.

ئێستا کەمپینێک بۆ (نەخێر) لەسەر پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی خراوەتە گەڕ، ئەوەی لای من جێی سەرنجە ئەوەیە کە گوتاری ئەم کەمپینە نەیتوانیوە بستێک بچێتە ئەودیو گوتارە میدیاییەکەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیەوە، سەرجەم ئارگیومێنت و دروشم و لۆجیکی دەربڕینەکانیان کۆپیەکی سەد دەر سەدی میدیای ئەو دوو حیزبەیە.

 ئەمە لە دۆخێکدا ئاسایی دەبوو گەر ئاڕاستەکەران و ڕێکخەرانی ئەو کەمپینە بە ناوی (ڕۆشنبیران و چالاکوانان و ئەکادیمستان و...هتدانی ترەوە) خۆیان نەناساندایە، بەتایبەتیش کەسانێکیان کە ساڵانێکە نەوەیەکیان بە حیکایەتی کوشتنی دێوەکانی حیزب و بەتاڵکردنەوەی تەڵەسمەکانی حیزبسالارییەوە سەرقاڵکردوە.

ئێستا دەنگێک هەیە دەڵێ (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی، ئاساییە تۆیەکی (ڕۆشنبیر) ئەو بەڵێیە بە دروست نەزانیت و (نەخێر)ت لا پەسەندتر بێت، بەڵام ئەوەی نائاساییە ئەو لۆجیکی دەربڕینەتە کە دەتەوێ ئەو نەخێرەت بە نرخی بەڵێ بخەیتە نێو بازاڕەوە و چاوەڕێ بیت هەروا سانا لێت بکڕدرێ. بە ڕاستی ئەمە گەمەیەکی ناشیرینە و چاوەڕێ نیم تۆ بیکەیت..




AM:11:43:22/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 2342 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی