سەردەمی ناماقوڵی ..

‌هونەر تۆفیق

بەپێ ی پێوەرەکانی عەقڵ هیچکام لەم قسانەی خوارەوە ماقوڵ نین :

فیلێک بەدەم فڕینەوە گۆرانی دەڵێت .

پیاوێک لەگەڵ خواردنەوەی پەرداخێک شەربەتی ئەستێرەدا فو لەخۆردەکات..

مێرولەیەک بەدەم پژمەوە غەواسەیەکی ئەتۆمی  لەژێر دەریاکەدا دەتەقێنێتەوە ..

ژنێک بەسەر پەڵە هەورێکەوە خەوی لێکەوتووە و  دەڕوات بۆ دورگەی واق واق لەچین..

مرۆڤ لەم سەردەمەدا بەکردەو بژاردەی خودی خۆی ، داکەوتی ناماقوڵ دروست دەکات و هەوڵی هێنانەدی دەدات . قبوڵکردنی ناماقوڵی لەلایەن عەقڵەوە تا ئاستێکی ترسناک لەتەواوی جیهاندا لەپەرەسەندن و گەشەکردندایە . گەمەکانی سیاسەت، فێڵ و تەڵەکە ئابووریەکان ، داهێنانە کتوپڕەکانی تەکنەلۆژیا، زەمینەیەکی لەباریان بۆ ئەو دۆخە عەبەسیانەی عەقڵ ڕەخساندووە کە بەئاسانی ناماقوڵی قبوڵ بکات ..

ئەو پەڕی ناماقوڵیەتە لە سەدەی بیستویەکەمدا مەلایەک ڕاچێتەی میزی حوشتر بۆ نەخۆش بنوسێت، کە ئەمە عەبەسکردنە بە بنەما پزیشکیەکانی تەندروستی . هیچی کەمتر نیە لەو عەبەسەی هێزێکی چەکداری وەکو داعش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا عەبەسە فیکری و ناماقوڵیەکانی خۆی ئەنجام دەدات . لەبەرانبەر  ناماقوڵیەکانی داعشیشدا  وەک پەرچەکردارێک ، ناماقوڵیەتی خۆرئاوا ملی عەقڵی خۆی دەنێت بەو عەبەسەوە کە بە خواست و ئیرادەی خۆی ، دەنگی سیاسی  دەدات بە دۆناڵد ترامپ . لەدەرەوەی هەموو بنەما ئابووری و سیاسیەکانی دیموکراسیەت و عەقڵانیەتدا ، شێتۆکەیەکی  هەڵەشە بە سەرۆکی  گەورەترین دەوڵەتی دنیا و خۆیان پەسەند و قبوڵ دەکەن .  

ئەم قۆناغە عەبەسی و ناماقوڵەی کۆعەقڵی مرۆڤایەتی بە ئاسانی تێپەڕنابێت . یەکێک دەبێت لە قۆناغە سەخت و پڕ لەکارەساتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی . هاوشێوەی قۆناغەکانی سەرەتا و ناوەڕاستی سەدەی بیستەمە. لەو دوو قۆناغەدا کرانەوە و بازدانە ئابووری و تەکنەلۆژیەکان ، گیڤبوونەوەی هەستە نەتەوەییە دژبەیەکەکان ، عەبەسە ناماقوڵیەکانی شەیدا بە زەعیم و سەرکردە و ڕابەرە شەعبی و وتاربێژەکان ( مۆسۆلۆنی ، هیتلەر ، ستالین ، چەرچڵ ، دیگۆل) لێکچووی ( ترامپ ، پوتین ، ئەردۆغان .. هتد ) بەجیاوازی ساڵ و ڕۆژ ،  هەمان زەمینە و سەردەمی ناماقوڵیەتە لەم سەردەمدا دووبارە دەبێتەوە .

چێژ وەرگرتن و شانازیکردن بە کوشتنەوە ، گاڵتەکردن بە عەقڵ و تیئۆرە فیکریەکان ، گۆڕانکاری لەنەخشەی سیاسی و ئاڵوگۆڕکێ لە بەڵانسی هێز و جەمسەرکانیەوە ، تەسککردنەوەی بازاڕ و ئابڵۆقەدانی ئابووری نێوان دەوڵەتان ، دەرکەوتن و پیرۆزکردنی سەرۆک و ڕابەری هەزەلی و نەخوێندەوار ، سڕبوونی بازاڕ و کەمبوونەوەی داخوازی و بەرهەمهێنان .. هتد . ئاماژە سەرەتاییەکانی ئەنجامی ئەو ناماقوڵیەتەن کە عەقڵ و عەبەس لەیەک کاتدا پێکەوە دەتوانن هەڵبکەن و ناماقوڵی بکەنە داکەوتێک لای مرۆڤ پەسەند و رەوابێت .  

لەنێوان عەقڵ و ماقوڵدا ، لۆژیک و یاسا هەیە . لۆجیک وەکو پێوەرە راستەقینە گەردوونیەکەی هێنانەدی ئاشتی وخۆشی و ئاسایش . یاساش وەکو کردەی هێنانەدی ماف و حەق . ئەگەر عەبەس جێگەی لۆژیک و یاسا بگرێتەوە حەق و ئاشتی  پاشەکشە دەکەن و لەناو واقیعی حاڵدا  جێگەیان نابێتەوە .  وەک دەزانین کە سیفەتی عەقڵ ئەوەیە پرسیار دەکات : چۆن، کەی، بۆچی ، لەکوێ ... هتد . ماقوڵبوونیش  گەڕانە بەشوێن پرسیارەکانی عەقڵدا ، هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی وەڵامەکان . بەڵام لە  بێ عەقڵیدا ، مرۆڤ  بێ گەڕان و بێ پرسیار ، داکەوتی حاڵ قبوڵ دەکات . ملکەچی ئەو  وەڵامە ئامادەکراوانەیە کە خۆی  بەشداری لە گەڕان و دۆزینەوەیاندا ناکات . لەوێوە ناماقوڵی دروست دەبێت . داکەوتیش دەبێتە ئەو دۆخە عەبەسیانەی هەموو شتێک لەپوچیەوە  بەرەو پوچی و بێ مانایی و هیچیەتی دەبات ..


PM:03:11:26/11/2016

ئه‌م بابه‌ته 4831 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی