‌ڕیفراندۆم، دوا فیشەک بە تەوێڵی پەرلەمانەوە
PM:04:00:19/04/2017
هونەر تۆفیق

شەڕی شەرعیەتی دەسەڵات، لەنێوان سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، تا ئێستاکە بە کراوەیی ماوەتەوە .

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و هاوکارانی لە فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان پێداگری لە ناشەرعی بوونی ویلایەتی بارزانی دەکەن . بارزانیش لە بەرانبەردا سوورە لەسەر پەکخستن و داخستنی پەرلەمان، لە تۆڵەی ئەو بڕیارەی سەرۆکی پەرلەمان و حیزبەکەیدا . لەڕووی سیاسیەوە نە پەرلەمان کۆتایی یەکجاری پێهاتووە و کەوتنی هەمیشەیی بەسەردا هاتووە، نە سەرۆکی هەرێمیش پەکی لەسەر پەرلەمان کەوتووە و دەستوپێ ی نایاسایی بوونی بەستراوەتەوە .

تا ئێستا لە ناو چوارگۆشەی ئەو بەریەککەوتنانەدا هیچ لایەکیان لێدانی کوشندەیان لەوی تریان نەداوە ،لەناو حەلەبەی زۆرانەکەدا لە مناوەرەی بەردەوامدان بە جیاوازی چەندخاڵیک زیاتر لە بەرژەوەندی بارزانیدا، زۆرانەکە بەردەوامە.

لەم کاتەدا پێداگری بارزانی لەسەر ڕیفراندۆم لەهەرێمی کوردستاندا هەوڵێکە بۆ کۆتایی پێهێنانی یەکجارەکی ئەو زۆرانە و لێدانی زەربە قازیە ( ضربە قاضیە ) لە سەرۆکایەتی پەرلەمان و حیزبەکەی کە بزوتنەوەی گۆڕانە .

ڕیفراندۆم لە ژێر سایەی سەرۆکێکدا کە بزوتنەوەی گۆڕان ویلایەتەکەی بەشەرعی نازانێت، لەخۆیدا بەشەرعی کردنی سەرۆکایەتی بارزانیە، چونکە پێشوەختە ئەنجامەکەی ڕوونە کە زۆرینەی ڕەهای خەڵکی هەرێمی کوردستان بێ لە ریفراندۆمیش بە بەڵێ وەڵامیان داوەتەوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان .

لەساڵی ١٩٩١ وە ئەو سنوورەی ریفراندۆمەکە دەیگرتەوە،  ئازادن و سەربەخۆن لە سیاسەت و دەستەڵاتی خۆجێیدا . سەربەخۆن لە ئابووری و پەیوەندیەکانی دەرەوە و هەموو کایەکانی دیکەی بەڕێوەبردندا. بەبێ ریفراندۆم ئێمە سەربەخۆین، تەنیا ئیعلانکردنی دەوڵەتەکەمان ماوە کە پەیوەستە بە ئیرادەی سیاسی سەرکردایەتی سیاسی کوردەوە، بۆیە قۆناغی ریفراندۆم لەساڵی ١٩٩١ ەوە بەسەرچووە ، لەوکاتەوە هاوڵاتیانی هەرێم بەبەڵێ دەنگیان بە جیابوونەوە داوە .

بەسوود وەرگرتن لەو بۆشاییە قانونیەی کە ڕاپرسی ( ریفراندۆم) و ڕیکار و لایەنی پەیوەست بە ئەنجامەکانیەوە دیاری نەکراوە، دەقێکی قانونی تایبەت نیە بە جوڵاندن و مولزەمکردنی لایەنێک بە ئەنجامەکانیەوە . سەرۆکایەتی هەرێم خۆی دەکاتە ئەو لایەنە پەیوەستدارەی پێشوەختە لە ئەنجامەکەی دڵنیایە کە بەڵێ ی  زۆرینەی ڕەهایە . ئەنجام و دەنگەکانی ڕاپرسیەکە دەخاتە سەبەتەی شەرعیەتی ویلایەتەکەی خۆیەوە . لە شەرعیەتی ڕاپرسیەوە، شەرعیەتی سەرۆکایەتی هەڵدەچنێت و دەنگەکان دەکاتەوە بەسەرمایەی جەماوەری خۆیی و دەیداتەوە بە ڕووی پەرلەماندا و دوا فیشەکی ڕەحمەت دەنێت بە تەوێڵی سەرۆکی پەرلەمانەوە .

لە ناو تەڵەی ئەم  ڕیفراندۆمەدا، بەشداری کردن و نەکردنی لایەن و پارتە سیاسیەکانی دیکەی هەرێم جۆرێکە لە پێدانی ناسنامەی خائین بوون و نەبوون . هەستیاری ئەو تەڵە و گەمەیە لەوەدایە هەر حیزبێک ڕای وابێت ئەمە کۆکردنەوەی دەنگە بۆ شەرعیەت پێدانی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم و بەشداری لە پرۆژەکەدا نەکات، دەتوانرێت بە ئاسانی تەخوین بکرێت و پێ ی بگوترێت ئەوە حیزبێکی دژ بە سەربەخۆیی کوردستانە و بە ناپاک تاوانباردەکرێت . بەشداری کردنیشی لەو سەرەوە دەبێتەوە بە سەرمایەیەکی دووسەرە قازانج بۆ بارزانی  . لەلایەکەوە کۆکردنەوەی دەنگە بۆ شەرعیەت و لەلایەکی ترەوە چونە ژێرسایەی سیاسی بارزانی دەکات لە بووچوون و هاوبەشیکردندا، بەشداری کردنە لە بەمەرجەعکردنی یاسایی و دەستوری و سیاسی بارزانیدا . تێکەوتنە لە شێوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ناو تەڵەکە . کە لە تێنەگەیشتنی بۆ جۆری گەمەکە و ترس لە بەشداری کردن ونەکردن کە هەردووکی وەک یەک وایە بۆ هەموو حیزبەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان نەبێت کە براوەی یەکەم دەبێت . هەر حیزبێکی دیکە بەشداری بکات و نەیکات ئەنجامەکەی بۆ ئەو هەر دۆڕاندنە . چونکە کوشتنی پەرلەمان مانای کوشتنی هەموو حیزبە بەشداربووەکانی پرۆسەی سیاسیە لە هەرێمی کوردستاندا .

ئه‌م بابه‌ته 1107 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.