ڕیفراندۆم پرۆسەیەکی یاسایی یە نەک تەنها سیاسی

‌ لوقمان مصطفی صالح


هەرچەندە داواکاری بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستاندا نوێ نیە،بەڵام ماوەیەکە زۆر بەگەرمی لەلایەن لایەنێکی سیاسیەوە زیاتر باسی لێوەدەکرێت،بۆیە گومان دەکرێت مەرامی سیاسی لەپشتەوەهەبێت.

لەبەر ئەوەی ریفراندۆم وەک هەنگاوێکی چارەنووسساز بەر لە بڕیاردان پێویستی بە زەمینەسازی وکۆدەنگی و ئاشتەوایی سیاسی و رێگای یاسایی هەیە، دیاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی کارێک یان دیارده‌یه‌ک  به‌م پڕۆسه‌یه‌دا بڕوات ، ده‌بێت بنه‌مای له‌ زه‌مینه‌ی واقیعدا هه‌بێت ، بارودۆخ و هۆکاری زیندووی بۆ ره‌خسابێت . به‌بێ ئه‌وانه‌ گه‌شه‌کردنی یان پێگه‌یشتنی بۆ وه‌رچه‌رخان  به‌ یه‌ک واقیع نایه‌ته‌دی.  لە رووی یاساییەوە دەبێت لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە ریفراندۆم هەبێت، بۆ ئەو مەبەستە ئێستا لە پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسایی گەڵاڵە کراوەو پێشکەش کراوە ، بەڵام تائێستاش چاوەڕێی نووسینی راپۆرتی لیژنەی کاروباری یاسایی و پەسەندکردنیەتی لەلایەن پەرلەمانەوە.

بۆیە ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئەومافەی خەڵکی کوردستان بۆسه‌ربه‌خۆیی، پرۆسەیەکی یاساییە نەک تەنها سیاسی ، ده‌بێت له دەستوورو ‌ده‌قه‌ یاسایی یه‌کاندا ئه‌و مافه‌ به‌ ڕاشکاوی ناوی هاتبێت وئاماژەی پێکرابێت. 

هەرچەندە بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان مەرجەعی باڵایە بۆ پرسە چارەنووسسازەکان، بەڵام بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانی تایبەت بە دەسەڵاتەکان لە هەرێم، هیچ یه‌كێك لە دەسەڵاتەکان (پەرلەمان ، سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەت) رانەسپێردراون بە مومارەسەکردنی دەسەڵاتی راگەیاندنی ریفراندۆم ،جگە لەوە بەگوێرەی بڕگەکانی (یەکەم و دووەم وسێیەم و چوارەم)ی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان عێراق ، تەنها دەسەڵاتی سەرپەرشتی و رێکخستن و دەرکردنی رێنمایی تایبەت بە یاساکانی هەڵبژاردنی پێداون ، بۆیە لەسەرەتاوە دەبێـت لە رووی یاساییەوە ئەو لایەنە دیاری بکرێت کە دەسەڵاتی راگەیاندنی ریفراندۆمی هەیە لەگەڵ دیاری کردنی وردەکاری ریفراندۆم٠

هەرچەندە له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ته‌نها په‌یماننامه‌و ڕێککه‌وتننامه‌و جاڕنامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان به‌س نین -هه‌ندێک له‌ شاره‌زایان پێیان وایه‌ ئه‌و بڕیارو ڕێککه‌وتننامانه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان هێزی پابه‌ندێتی (‌‌الزامی)یان نیه‌-‌ بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ل، نه‌ته‌وه‌، هه‌رێم یا هه‌ر پارچه‌یه‌ک له‌ ده‌وڵه‌ت ئاره‌زووی جیابونه‌وه‌ بکات‌و ڕیفراندۆمی بۆ ئه‌نجامبدات. به‌ڵکو پێویسته‌ ده‌ستورو ڕێساو یاسای ئه‌و ده‌وڵه‌ته  ئه‌و مافه‌ی پێ به‌خشیێت. بۆ نمونه‌ لەده‌ستوری هه‌میشه‌یی 2005ی عێراقدا به‌م جۆره‌ باس له‌م بابه‌ته‌ کراوه‌.

1. عێراق پابەندە بە یاسای نێودەوڵەتی‌و ڕێککەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتیی‌و کارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بەو پێیەی عێراق ئەندامە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

2. عێراق هەردوو "په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌ مافه‌ مه‌ده‌نی‌و سیاسییه‌کان" له‌ 16/کانونی یه‌که‌می 1966، و "په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌ مافه‌ ئابووری‌و کۆمه‌ڵایه‌تی‌و که‌لتورییه‌کان" له‌ 16/کانونی یه‌که‌می 1966. بە بێ هیچ خۆگرییەک (تحفڤ) واژۆ کردووە.

3. لە دەستوری عێراقدا هیچ دەقێکی ناچاری بۆ یەکێتی خاکی عێراق بەڕاشکاوی نەهاتووە. به‌ڵکو ئه‌وه‌ له‌ دیباجه‌ی ده‌ستوردا هاتووه‌، پابه‌ندبوون به‌م ده‌ستوره‌وه‌‌ یەکێتی خاکی عێراق ده‌پارێزێت.

4. له‌ کۆتایی دیباجه‌ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی ساڵی (2005)ی عێراقدا هاتووه‌ "پێکهاته‌و لایه‌نه‌کان به‌ئاره‌زوومه‌ندانه‌ چاره‌نوسی خۆیان به‌ عێراقه‌وه‌ گرێداوه‌..."، ئه‌م ده‌قه‌ یاساییه‌ ئه‌و هه‌له‌ش ده‌ره‌خسێنت که‌ هه‌رێم به‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ له‌ عێراق جیا ببێته‌وه‌.
 کەواتە دەروازەی یەکەم بۆ ڕاگەیاندنی ریفراندۆم دەبێت بەر لە هەر شتێک ئاشتەوایی سیاسی بەدی بێت و پەرلەمان رۆڵی بۆ بگێڕدرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت یاسایەک پەسەند بکات بۆ دیاریکردنی میکانیزمی ریفراندۆمەکە و پێدانی دەسەڵات بۆ راگەیاندنی ریفراندۆم.
 دەبێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم پێگەی بە واقیع بونی هەبێت ،وەکاری واقیعی وه‌ها پێناسه‌ ده‌کرێت که‌ کارێکه‌ له‌ زه‌مینه‌ی واقیعدا بوونی هه‌یه‌و ، بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌کان  ، هه‌لومه‌رجی له‌باری بۆ ره‌خساوه‌ . واته‌ کارێکه‌ له‌ توانادایه‌ بکرێت وببێته‌ واقیعێکی به‌رچاو . ئه‌م کاره‌ سه‌ره‌تا  له‌ سنووری مومکین و ئه‌گه‌رێکدایه‌و ، به‌ یارمه‌تی کۆمه‌ڵێک هۆکارو له‌ جووڵانه‌وه‌ی خۆیدا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ، مه‌رجه‌کانی پێده‌گات و  ، له‌ چرکه‌ساتی هه‌ماهه‌نگی هه‌موو مه‌رجه‌کاندا پێکه‌وه ، ده‌گاته‌ مه‌به‌ست و ئامانجه‌کانی و ، ئه‌وه‌ی مومکین و ئه‌گه‌ر بوو به‌ واقیعێکی هه‌ستپێکراو ده‌گۆڕێت .

دیاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی کارێک یان دیارده‌یه‌ک  به‌م پڕۆسه‌یه‌دا بڕوات ، ده‌بێت بنه‌مای له‌ زه‌مینه‌ی واقیعدا هه‌بێت ، بارودۆخ و هۆکاری زیندووی بۆ ره‌خسابێت . به‌بێ ئه‌وانه‌ گه‌شه‌کردنی یان پێگه‌یشتنی بۆ وه‌رچه‌رخان  به‌ یه‌ک واقیع نایه‌ته‌دی . که‌واته‌ پێگه‌یشتنی بارودۆخێکی گونجاو یه‌کێکه‌ له‌ بنه‌ماکانی گه‌یشتن به‌ واقیعێکی نوێ ،.

ریفراندۆم ، وه‌ک هه‌ر کارێکی یاسایی و سیاسی، وه‌ک شێوازێکی تێکۆشان بۆ بڕیاردانی چاره‌نووس ، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ واقیع ، پێویستیی به‌ ئاوێته‌بوون و کارلێکی هۆکاره‌ بابه‌تی و خۆییه‌کان هه‌یه‌ تا راده‌ی پێگه‌یشتن . دیاره‌ پێگه‌یشتنی ئه‌و هۆکارانه‌شه‌ که‌ له‌ "خه‌ون " و " سۆز " و" خه‌یاڵ "  ، به‌ گوته‌ی به‌رامبه‌ر ، ده‌گۆڕێت و ده‌بێته‌ واقیعێکی زیندوو و به‌رچاو .

ئایا هه‌لومه‌رجی بابه‌تی بۆ به‌رپاکردنی ریفراندۆم هه‌یه‌ ؟ عه‌قڵانییه‌تی راست نه‌ک چه‌واشه‌ وه‌ڵامێکی ئه‌رێیانه‌ی بۆ ئه‌م پرسیاره‌ هه‌یە. ؟!


PM:07:14:26/05/2016

ئه‌م بابه‌ته 5784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی