تورکیا لە لێواری داڕماندا

‌یوسف عومەر

گەلێک رووداو لە تورکیا ھەن، کە ئاڵۆزکاون بەسەر یەکدا بەڵام حکومەت بۆ پەردە پۆشکردنیان ئەو روداوانەی ناوخۆیی ھەناردە دەکرد بە جۆرێک کاری دەکرد کە واپیشان بدات، بێکێشەیە، بەڵام وانییە ژمارەیەک رووداو پێکەوە  کاریگەریان لەسەر ئەو وڵاتە دروستکردووە.

١کردەوە تیرۆریستیەکان لە ناوخۆیی تورکیا کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە.
٢   لە ١٧ تەمموزی ئەمساڵدا ھەوڵی کودەتایە درا بەڵام شکستی ھێناو دەرئەنجامی ئەوە حکومەت ژمارەیەکی زۆر نەیاریی خۆی دەستگیرکرد.

٣-کێشەی پێکھێنانی حکومەت.

٤ ھەموارکردنەوەی دەستوور.

٥ دەستگیرکردنی پەرلەمانتارانی ھەدەپەء ھاوسەرۆکانی ئەو حزبەو دەبەپە.
٦دەستگیرکردنی  سەرۆک شارەوانییە کوردەکان لە باکور.

٧-        پرسء  کێشەی سەرۆکایەتی لەتورکیا.
٨-        دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی  ئەمریکا.

٩-        خستنەخوارەوە فرۆکەی روسیاء دروستبونی گرژی لەگەڵ روسیا ھەرچەندە لە روکەشدا چارەسەرکراوە بەڵام کاریگەری ھەبووەو دەبێت.
١٠-      گرژییەکانی لەگەڵ ئەوروپا بەتایبەت بێئومێد بوون لە ئەندامبوون لەو یەکێتییە کە ساڵانێکی زۆر کاری بۆ دەکرد.

١١-      تێوەگلاندنی بە تەمویل کردنی تیرۆر.
١٢-      خۆھەڵقوەرتاندن لە کاروباری ناوخۆیی عیراقء سوریا.

١٣-      دابەزینی توانای کەرتی گەشتیاری، لەمساڵدا پێشبینی دەکرێت   ٥.٢% دابەزێت.
١٤-      زیادبونی کورتھێنانی بودجە کە چاوەڕوان دەکرێت لەمساڵدا بگاتە ٤.٥%.

١٥-      کەمبونەوەی گەشەی ئابوری بەراورد بە ٢٠١٥ کاتێک لەو ساڵەشدا ٤.٢%بووە.
١٦-      لەخۆگرتنی  ٣ ملیۆن ئاوارەی سوریا بۆ ئەو وڵاتە.

١٧-      گومانکردن لە توانای سەربەخۆیی بانکی ناوەندی بەتایبەت کە نەیتوانیووە  کۆنترۆڵی ھەڵئاوسان بکات کە رێژەکەی ٩%، ھەروەھا بەھای لیرەش بەرامبەر بە دۆلار نیوەی بەھاکەی لەدەستداوە بەروارد بە ٢٠١٠.

١٨-      زیادبونی قەرزی دەرەکی کە بە ٤٠٠ ملیار دۆلار دادەنرێتء دەگاتە نزیکەی نیوەی کۆی بەرھەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، ئەم قەرزانە ماوەکورتن  زۆربەشی قەرزی کەرتی تایبەتن، ئەمەش وایکرد کە پۆلێنی دڵنیایی کە ھەردوو دامەزراوەی مۆدیز فیچ بۆیان ئەنجامداوە رادەی دڵًنیاییان بە ئابووری ئەو ولاتە کەمبکەنەوە.

١٩-      بڕیاری ئەمریکا بۆبەرزرکردنەوەی نرخی سوود لەسەرەتای ٢٠١٥ بە رێژەی ٠.٢٥% بە پێچەوانە شکایەوە بۆ ئابووری تورکیا ، بانکی ناوەندی تورکیا ناچاربوو نرخی سوود لە ٨.٢٥ بۆ ٧.٧٥% کەمبکاتەوە ئەمەش وایکرد ھەڵئاوسان زیاتر بێت، بەڵام ئێستا کار بۆ بەرزکردنەوەی دەکاتء لە ئێستادا ٨%.

کۆی ئەم گرفتء کێشانە وایکردووە متمانە بە ئابووری تورکیا روو لە کزی بکات. تورکیا بۆ دەربازبون لەم تەنگژەیە بەدوای دەرچەدا دەگەڕێت، بێ ئومێد بوون لە یەکێتی ئەوروپا راستەوخۆ خستیە سەر کەڵکەڵەی بە ئەندامبون لە رێکخراوی ھاریکاری  شەنگھای دروستکردنی کارتلێکی ئابووری لەگەڵ روسیاو چینء ئێران تا لەبازرگانی نێوانیاندا دراوی نیشتمانی بەکاربھێنن، کۆی ئەمانە راستەوخۆ کاریگەرییەکانی لەسەر  بەھای دراوی نیشتمانی دەردەکەوێت کە لیرەیە.

دابەزینی بەھای دراو، لەئابوروی ھەر وڵاتێک وەکو بابەتێکی ئاسایی تەماشا دەکرێت، بەڵام بەرزکردنەوەی کاتێکی زۆری دەوێت، بۆ ئابورییەکی  وەکو تورکیا کە لەگەڵ ھاتنی ئاکپارتی بۆ دەسەڵات لەماوەی ١٦ ساڵی رابردوودا لەگەشەیەکی ئومێدبەخشدا بووە، ئەم ھاتنە دواوەوەیە بەکارێکی ئاسایی تەماشا ناکرێت، تاکە رێگەش وەکو رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا پێشنیازیکردووە  داو ا لە ھاوڵاتیانی دەکات، پارەکانیان بکەنە دراوی نیشتمانی ئاڵتون، راستەوخۆ بۆرسەی ئیستەنبوڵ پابەندبوونی خۆی بۆ ئەم بڕیارە راگەیاند.

بەکارھێنانی دۆلار لە ئابوری تورکیادا، بەھۆی ئەو گەشەسەندنەی لەماوەی ١٦ ساڵی رابردوودا بەدەستی ھێناوە وەکو دراوی دووەمی لێھاتووە، بۆیە دوورکەوتنەوە گرفتی زیاترە لە چارەسەر.
 چین، ساڵانێکی زۆرە ھەوڵی ئەوە دەدات  سەبەتی یەدەگی دراوی جیھانی دروست بکرێتء  بەتەنھا دۆلار نەبێت بەڵکو دراوە سەرەکیەکانی دیکەی وەکو یۆرۆ پاوەند ریمێمبی (چین) یەنی (ژاپۆن) یش بگرێتەوە، ئەم ھەوڵەی چین، نەشکستی ھێناوە نەسەرکەوتووش بووە، بەڵام وەکو ھێزێکی گەورەی ئابووریء سیاسیی ئەم پێشنیازە، گرنگە، بۆ دەوڵەتێکی وەکو تورکیا، سەختی زۆرترە، لە دەربازبوون.

تورکیالە دووریانێکدایە، لەلایەک پارێزگاریء بەرزکردنەوەی بەھای لیرەیە،بەشی دووەمیش پشت بەستن بەدراوێکی دیکەیە لەبری دۆلار، ئەم دوو ئاراستەیە حکومەت ھەر پلانێکی بۆی ھەبێت، ئەگەر بە یەک ئاڕستە نەرۆن ئەوا تورکیا تووشی داڕمان دەکەن.
پارێزگاریکردن لە بەھای لیرە، کە بەشێکە لە سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی، پێویستی بە کۆمەڵێک رێءشوێن ھەیە، دیارترینیان  :-

١- بەرزکردنەوەی نرخی سوود، کە قەبارەی بڕی خراوەڕووی لیرەی تورکیا لەبازاڕەکاندا کەمدەکاتەوەو ھانی ھاوڵاتیان دەدات لەبری ئەوەی پارەکانیان لەلای خۆیان بێت، ئەوا لە بانکەکان دایدەنێنء زیادەشی دەچێتە سەر، حکومەت دەتوانێت ئەو پارانە بەکاربھێنێتەوە بۆ سەرمایەگوزاری، کاتێکیش بڕی خراوە رووی پارە کەم بێت ئاستی ھەڵئاوسان بەرزنابێتەوە، جێگیرییەک دروست دەکات بۆ نرخی کاڵاکان. لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا نرخی سوود لە تورکیا ٧.٥%بووە لەکۆتایی تشرینی دووەم بۆ ٨% زیادیکردووە.

٢- فرۆشتنی کاغەزی دارایی ھەنگاوێکی دیکە بۆ پارێزگاری لە بەھای لیرە کەوا دەکات حکومەتء بانکەکان لە رێگەی فرۆشتنی قەواڵەوە پارەیان دەست بکەوێت بەھەمان شێوەی دانانی پارە لەبانک، نرخی سوودی لەسەر دیاریدەکرێت.  

ھاوکات لەگەڵ ئەوەی تورکیا کار بۆ بەرزکردنەوەی بەھای دراوەکەی دەکات، بیر لە گۆڕینی دۆلار دەکاتەوە لەمامەڵەی بازرگانی دەرەکیدا.

١-تورکیا بێئومێدبووە لە ئەندامبون لە ئەوروپا، بەکارنەھێنانی دۆلار لە بازرگانی دەرەکیدا، دۆخەکە قورستر دەکات. ھێنانی ناوی ئەندامبون لە ئەنجومەنی ھاریکاری شەنگەھای، تەنھا بابەتێکی ئابووریء بازرگانی نییە، بەڵکو ئەم کارتلە رەھەندێکی سەربازیشیان ھەیەء زۆربەی کات شیکردنەوەی وەھا بۆ ئەو رێکخراوە دەکرێت کە ھێزێک بێت بەرامبەر  ناتۆ بوەستێتەوە لە رۆژھەڵاتی ئاسیادا، بۆیە ئەمەیان چەکێکی سەربازیء سیاسییە نەک ئابووری ھەرچەندە ئەو وڵاتانە (چین،روسیا، کازاخستان، قیرغیزستان، ئۆزباکستان،  تاجیکستان) باسیان لەھاریکاری ئابوری نێوانیانکردوە بەڵام ئەمانە لە بازرگانی دەرەکیدا پشت بە دۆلار دەبەستن نەک ھەردرواێکی دیکە.

٢-ھەناردەی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٤ لەو پەڕی گەشەیدابوو گەیشتە ١٥٧.٦ ملیار دۆلار، ئایا ئەمە دەکرێت بگۆڕدرێت بۆ دراوی نیشتمانی، یاخود سیستمی شمەک بەشمەک بێت. لەناو  وڵاتانی شەنگھایء ئەو کارتلە روسی-ئێرانی-چینی-یەی داوایکردووە کەمتر ١٥%ی ھەناردەکانی بۆ ئەو وڵاتانەیە، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕەی دیکەیدا دەکات. ھەرچەندە زیاتر لە ٢٥%ی ھاوەدەکانی تورکی الە ئێرانء چینء روسیاوە دێت، لەھەمانکاتدا زیاتر لە١٥% ھاوەردەکانی تورکیا لە ئەڵمانیاو ئەمریکاوە دێت.

بەپێی داتاکانی ساڵی ٢٠١٥ ئابوری تورکیا لەسەر ئاستی جیھان لە پلەی ١٨ بووە. لەداھاتی تاکەکەسیشدا لەپلەی ١٤ کە تێکرای داھاتی ھەر کەسێک لە سالێکدا ٩٣١٢ دۆلاربووە. ھەربۆیە ناکرێت ئاووبریەکی وەھا گەشەکردوو بە ئاسانی داڕمێت، چونکە بە خۆیەوە دوور نییە قەیرانی دارایی جیھان دروست بکات.

ئەو سەرکەوتنانەی ئاکپارتی لەماوەی ١٦ ساڵی رابردوودا بەدەستی ھێناوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خزمەتەی لەبواری ئابوریدا پێشکەشیکردووە، ھەربۆیە داڕمانی ئابوری تورکیا، خۆری سیاسی ئەو حزبەش ئاوا دەکات.


PM:12:16:10/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 1529 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی