مەرگەساتی وەبەرھێنان

‌یوسف عومەر

ئەم وتارە، لە دوو بەش پێک دێت، یەکەمجار ھەڵسەنگاندنە بۆ کەرتی وەبەرھێنان لە قۆناغی قەیرانی داراییدا، دواتر خستنەڕووی نەخشەرێگەی کاتی  و بەردەوام بۆ ئەو کەرتە.
ساڵانێکی زۆرە ڕەخنە لەم کەرتە ئابورییە دەگیرێت، ئەو ڕەخنانە ھەندێکیان ڕەھەندی سیاسیان وەرگرت و پارتە سیاسیەکان بۆ مەرامی سیاسیان بەکاریان دەھێنا، بەشێکی دیکەی ئەم ڕەخنانە ئەکادیمی و واقعیبوون و ئامانجیان پێشخستنی کەرتی وەبەرھێنان بوو، لەھەردوو بارەکەدا کەمتر گوێ لەو دوو تێڕوانینە گیرا، بەتایبەت ھەموارکردنەوەی یاسای وەبەرھێنان.

ئێستا لە قۆناغی قەیرانی داراییدا، دەبینین، ئەو کەرتە ئابورییە پاشەکشەی کردووە، ئەگەر پڕۆژەکانی حکومەت لەسەر نەبونی پارە پەکیان کەوتووە، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی کەرتی وەبەرھێنان داتەپیووە؟
قەیرانی دارایی لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤ەوە دەستی پێکرد، بەردەوام لە تەشەنەسەندندا بوو بە جۆرێک درێژەی کێشا بۆ ساڵانی ٢٠١٥و ٢٠١٦، ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئومێدی چارەسەرەکان ناڕۆشنن.
ھەربۆیە داتاکانی تایبەت بەو سێ ساڵە، لێرەدا شەن و کەو دەکەین و پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکاندەکەینە پێوەر، نەک سەرمایە، چونکە سەرمایەی پڕۆژەیەکی پیشەسازی زۆرجار زیاترە لە ٣ پڕۆژەی بازرگانی.

لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا (٢٠١٤،٢٠١٥ و ٢٠١٦) مۆڵەت دراوەتە ١٤٩ پڕۆژەی سێکتەر جیاواز بەسەرمایەی (٩) ملیار و (٨٢٥) ملیۆن و (٥٧٠) ھەزار دۆلار.
لە دھۆک زۆرترین پڕۆژە مۆڵەتی وەرگرتووە کە (٦١) پڕۆژەیە و بەدوای ئەودا ھەولێر (٥٤) پڕۆژە و سلێمانیش(٣٤) پڕۆژەی ھەبووە.

شیکردنەوەی داتاکان:
ساڵی ٢٠١٤ دەکەینە بنەمای شیکار و ھەڵسەنگاندنی داتاکان.

یەکەم: پارێزگای ھەولێر
ساڵی ٢٠١٤ مۆڵەت بە ٢٨ پڕۆژە دراوە، ساڵی ٢٠١٥ مۆڵەت بە ١٤ پڕۆژە دراوە و ساڵی ٢٠١٦ مۆڵەت دراوە بە ١٢ پڕۆژە.
دەرئەنجام:
- ساڵی ٢٠١٥ پێدانی مۆڵەت لە ھەولێر ١٠٠% دابەزیووە.
-ساڵی ٢٠١٦ پێدانی مۆڵەت لە ھەولێر ١٣٣% دابەزیووە.

دووەم: پارێزگای سلێمانی
لە ساڵی ٢٠١٤ مۆڵەتدراوە بە ١٨ پڕۆژە، ساڵی ٢٠١٥ مۆڵەت دراوە بە ١٠ پڕۆژە، ساڵی ٢٠١٦ مۆڵەت دراوە بە ٦ پڕۆژە.
دەرئەنجام:
- ساڵی ٢٠١٥ پێدانی مۆڵەت لە سلێمانی٨٠% دابەزیوە.
- ساڵی ٢٠١٦ پێدانی مۆڵەت لە سلێمانی ٢٠٠% دابەزیووە.

سێیەم: پارێزگای دھۆک

لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا (٦١) پڕۆژە مۆڵەتی وەرگرتووە، ساڵی ٢٠١٤ مۆڵەت دراوە بە ٣٣ پڕۆژە و ساڵی ٢٠١٥ مۆڵەت دراوە بە ١٠ پڕۆژە و ساڵی ٢٠١٦ مۆڵەت دراوە بە ١٨ پڕۆژە.
دەرئەنجام:
- ساڵی ٢٠١٥ پێدانی مۆڵەت لە دھۆک ٢٣٠% دابەزیووە.
-ساڵی ٢٠١٦ پێدانی مۆڵەت لە دھۆک ٨٣% دابەزیووە.
ھەرچەندە لە ساڵی ٢٠١٦دا گۆڕانکای ئیجابی ھەبووە بەراورد بە ٢٠١٥، بەڵام ئەو ڕێژەیە بەراورد بە ٢٠١٤ ھەر جێگەی مەترسیبووە.

چوارەم: سەرجەمی کوردستان
لەماوەی (٢٠١٤-٢٠١٦) مۆڵەت دراوە بە ١٤٩ پڕۆژە بەجۆرێک (٢٠١٤- ٧٩ مۆڵەت)، (٢٠١٥- ٣٤ مۆڵەت)، (٢٠١٦- ٣٦ مۆڵەت).

دەرئەنجام:
-ساڵی ٢٠١٥ پێدانی مۆڵەت لە ھەرێمی کوردستان ١٣٢% دابەزیووە.
-ساڵی ٢٠١٦ پێدانی مۆڵەت لە ھەرێمی کوردستان  ١١٩% دابەزیووە.
دەکرێت ئەو ژمارەیەی ساڵی ٢٠١٦ دابنێین بۆ باشبونی دۆخەکە و ھاتنەوە سەرپێی رەورەوەی وەبەرھێنان، بەڵام داتایەکی زۆرمەترسیدارە.

نەخشە ڕێگەی وەبەرھێنان
١-پەرەپێدان بەلامەرکەزیەتی وەبەرھێنان بە جۆرێک دەسەڵاتەکان بدرێتەوە پارێزگاکان.
٢- رەخساندنی ھەلی کێبڕکێ لە کاروباری وەبەرھێنان.
٣- دروستکردنی دادگای تایبەتمەند، بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانی پەیوەست بە کاری وەبەرھێنان.
٤- ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان، کە لە ئێستادا زۆرینەی بڕیارەکان لەدەستی ئەو ئەنجومەندایە و لەم قەیرانەدا زیاتر لە ساڵێک دەبێت کۆنەبۆتەوە.
٥- بۆئەم دۆخەی ئێستا بە بڕیارێک سەرجەم لێخۆشبونی باج ڕابگیرێت تا قەیرانی دارایی تێدەپەرێت.
٦- زیادکردنی نرخی ھاندراوی زەوی پڕۆژەکان، بەجۆرێک بە تێکرا نزیک بێتەوە لە نیوەی نرخی ڕاستەقینەی زەوییەکە.
٧- پێداچونەوە بە کۆی کاری وەبەرھێنان لە کوردستاندا، دیاریکردنی خاڵی لاواز و بەھێز، ئەمە ئەرکی حکومەت و دەستەی وەبەرھێنان و کەسانی تایبەتمەندە، تاوەکو بتوانرێت ئایندەی وەبەرھێنان باشتربکرێت.
٨- ئەو وەبەرھێن و کۆمپانیایانەی کە یەک ساڵ بەسەر مۆڵەتی پڕۆژەکەیدا تێپەڕیوە و ١/٣ کارەکانی ئەنجام نەداوە، مۆڵەتەکەی ھەڵبوەشتێرنێتەوە و کۆمپانیای دیکە بە کێبرکێ ئەو کارە وەربگرێت.
٩- کارکردن بەسیستمی نافض الواحدە(تاک پەنجەرە، یەک دەروازە) کە کاری ڕۆتین کەمدەکاتەوە.
١٠-ھەموارکردنەوەی یاسای وەبەرھێنان.

*تێبینی: داتاکانی ئەم وتارە لە بەرێوەبەرایەتی زانیاری و لێکۆڵێنەوەی وەبەرھێنانی سلێمانی وەرگیراون.


PM:02:53:20/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 1640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی