مارا ـ ساد، کاتێک کە جەستە دەبێتە زمان

‌عەواتیف نەعیم


نووسینی : عەواتیف نەعیم
وەرگێڕانی : تاھیر عەبدولواحید

شانۆیی مارا ساد ی پیتەر ڤایس یەکێکە لەو دەقە شانۆییانەی سەرنجی زۆرێک لە دەرھێنەرە شانۆییەکان بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت ھەتا کاری دەرھێنان و خوێندنەوەی بۆبکەن و ھەرکامێکیشیان بە ڕێچکەی تایبەتی خۆی و بەپێی دونیابینی و لێکدانەوەکانی خۆی، ئەم دەقە سەرچاوەی گرنگیپێدان و کەمەندکێشکردنی زۆرێک لە فێرخوازانی بەشی دەرھێنانی شانۆ بوە لە پەیمانگا و کۆلیژە ھونەریەکان بۆ ئەزمونکردنی لەڕوی دەرھێنانی و ھەڵسوکەوتکردن لەگەڵی لەبارەی توێژینەوە و بەرجەستەکردنی لەدوای شیکاری و ئەناتۆمکردنی نھێنی و ماناکانی نێو دێڕەکانی.

 من گەواھی ئەوە دەدەم کە زیاد لە نمایشێکی ئەم دەقەم بەشێوازو ڕێچکەی جۆراوجۆر و ئازایانەی مامۆستاکان و فێرخوازەکان لەڕوی ھەڵبژاردن و کارتێداکردنیاندا بینیوە. ، من گەواھیدەرم لەسەرئەوەی ھەندێک لەوانەی بینیومن جێگەی سەرسامی و چێژبەخشین بون بۆمن ھەندێکیشیان مایەی ھێدمە و حەسرەت بوون، بەڵام من لەھەموو حاڵەتێکدا ئەوکات و ئێستاش باوەڕم وابووە کە شانۆ ھزر و مەعریفەیەو بەرپرسیارێتیەکە کە دونیابینی و تێگەیشتن فۆرمولە دەکات سەبارەت بەوەی کە ھەڵدەبژێردرێت لە کاری ھونەریدا و ئەو شێوازانەی کاری لەسەر دەکرێت بۆ نمایشکردن و ھەڵگری توانای ئامادەبوون و ھەژاندنی تێدا بێت.کاتێک لەسەربانگھێشت ئامادەی چالاکیەکانی ڤیستیڤاڵی ئەدەبی گەلاوێژ بوم بە ڕێکەوت نمایشی ( مارا ـ ساد ) م لەشاری سلێمانی بینی کە بوە ھۆی شاگەشکەبونم. 

من لەبەردەم کۆمەڵێک گەنجدابووم کە دەرھێنەرێکی گەنج لەتەمەنی خۆیاندا سەرپەرشتی دەکردن و (مارا ـ ساد)یان بە زمانی کوردی نمایش دەکرد، ھۆڵی نمایشەکە سارد بوو بەڵام ئەتمۆسفێری شانۆکە گەرمی تێدا پەخش بۆوە کاتێک گەنجەکان گەمەی خۆیان لەگەڵ پیتەر ڤایس و (مارا ـ ساد ) دەستپێکرد. نمایشێکی شانۆیی کە تیایدا بانگی شۆڕش و یاخی بوون و ستەمکاری دەدرێت، خەون بینین بە شکاندنی ھەژمونی تاکەکەسێک و تاکە دەنگێک و تاکە خودایەک کە وەھا لەھەموان دەکات ببنە وابەستە و موریدی ملکەچ.تیایدا چۆن شۆڕشگێڕ دەبێتە دیکتاتۆر؟چۆن شۆڕش دەبێتە زیندانێک بۆ ئەوانەی خەون بە ئازادیەوە دەبینن؟ جیھانێک لە شێتی و کۆمەڵەڕوداوێک کە لە خەستەخانەیەکی دەروونیدا ڕودەدەن، لەڕاستیشدا عاقڵێکی بەئاگا شک نابرێت لەنێو ئەم جیھانە شپرزەیەدا.ئەو پەتایەش ئەگەری بڵاوبونەوەی ھەیە و ئارەزووی تیرۆرکردنی بیرکردنەوەی جیاوازی تێدایە و لەنێو زیاتر لە کەسایەتیەکیاندا ڕەنگیداوەتەوە و داسەپیوە و قبوڵکراوە لەلایەن ھەمویانەوە. ویست و ئیرادەی تاکی ھۆشمەند لەنێو ویستی لەدەست دەرچووی بەکۆمەڵدا دەتوێتەوە و شێتی دەبێتە بیانویەک بۆ کوشتن و سڕینەوەی بەرامبەر.

 ئالێرەدا جەستەی ئەکتەر بەھێزی میوزیک و گۆرانی و سەما و دەربڕین ئامادە دەبوو و لەگەڵ پێکداھەڵپژانی ویست و ئارەزووەکانیاندا بەوردی باڵا دەبوون. تۆی بینەریش کە چاودێری ئەتمۆسفێری تەختەی شانۆت دەکرد ھەستت دەکرد کە ئەکتەرەکان ڕۆڵەکانیان بە ڕەوانی و زیرەکانە و ھاوئاھەنگیانە ڕایی دەکرد کە بەڵگەی پرۆڤەیەکی دورودرێژ و ڕێکخراو و ھۆشیاریانە بوە بۆ نمایشکردنی شانۆییەک کە ھەموان وەک پاڵەوانی نمایش تیایدا دەردەکەوتن، ھەرئەکتەرێکیش بەپێی ئەو ڕۆڵەو ئەو کارەی پێی سپێردرابوو ئامادەبوو. کێبەرکێی ئەکتەرەکان لەم نمایشەدا لەئاستێکی باڵا و پڕلە بەھرەمەندیدابوو،بەڵام کێبەرکێیەکی پۆزەتیفانە بوو کە ئەکتەرەکان لەنێو خۆیاندا ھاوپشتی یەکتریان دەکرد، جوڵە و دابەشکردنی ئاستەکان کە دەرھێنەر کاری لەسەر کردبوو دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ھۆشیاری دەرھێنانێکی ناوازە لەڕووی ئاوێتەکردن و پێکھێنانی دیمەن. 

دەرھێنەر لەسەر چوارئاستی جوڵەی گەشەسەندو و بەنێویەکداچوو کاری کردبوو ھەروەھا ئامێری میوزیکیش دەھاتە ناوەوە کە بەھایەکی دراماتیکی زیاتری دەدایەئامادەبون و ئەدای ئەکتەرەکان. لەبەرزایی بەلەکۆنەکە و لای قەنارەکە، لەدەوروبەری حەوزی ئاوەکەوە و لەپشت پەردە تەنکەکەی ژوری نەخۆشەکانەوە، ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو لەنمایشەکەدا بەتەنھا ئەو کوڕەگەنجە شانۆکارە بەسەلیقە و فرەڕەنگ و گەمەکەرانە نەبوون کە لەگۆڕانکاری بەردەوامدابون لە ڕایی کردنی کارەکتەری جەستەیی و دەنگیی و ھەست ئامێزی نەرم و جۆراوجۆردا،بەڵکو ئەو کچە ئەکتەرانەش بوون کە بەشێوەی ژەنیاری درامی بەھرەمەند وکاریگەر لە چونەوەناوخۆ و باڵابووندا گۆڕانکاریان بەرجەستە دەکرد، لە نێو حاڵەتە درامیەکاندا سەمایاندەکرد و سەرسەختانە و بەجوانیەوە عاشق دەبوون و دەھەژان.

 نمایشەکە بێ ئەوەی پشووی وچانێک بدات بۆ ھەناسەدان ماوەی دووسەعاتی خایاندو لەڕووی ڕیتم و ھەڵچون و داچونی ترپەی نمایشەوە ھەر لە ھەڵکشاندابوو، ھەتا ئەوکاتەی گەیشت بە چرکەساتی کوشتنەکە، ئەو دەستەش کە کوشتنەکەی جێبەجێ دەکرد کەسێکی دیاربوو لە کردارێکی مادی ئاشکرادا، بەڵام بکوژی ڕاستەقینە ئەو بیرکردنەوەیەیە کە ڕۆچۆتە نێو عەقڵیەتی ئەو خەڵکانەی کە دەوری بکوژ و کوژراوەکەیان دابوو. لێکەوتەیەکی ئاشکرای کێبەرکێ و شەڕ و بەرژەوەندی ھەیە لەژیاندا و لەوەی کە لەنێوانمان لە ودەوروبەرمان دەگوزەرێت، بەڵام ئێمە بەتەنھا یەکتر ناسڕینەوە، بەڵکو ئایدیاکانمان پەخش دەکەین و دەیانچێنین ھەتا ئەوەی کەخۆمان ئارەزوی دەکەین و کاری بۆدەکەین لەڕێگەی خەڵکی ترەوە بیکەینە ھۆکارێک بۆ جێبەجێکردنی فەرمان و بیروبۆچون و بڕیارەکانمان. لەنمایشی (مارا ـ ساد)دا ئاستی باش و بەھرەمەندیی بەدی دەکرێت لەوەدا کە ئەو گەنجانە بۆماوەی دووسەعات و بەھەمان ھێز و نوێبوونەوە و بەھەمان باڵابوون و وابەستەبوونەوە ئامادەبوون و ئەوەش کارێکی سەرنجڕاکێش و جوان بوو. جەستەکانی نێو ئەتمۆسفێری نمایش لە فۆرمیان و لەجوڵەیاندا زمانێکیان پێکھێنابوو کە کۆدی خۆیانیان دەنارد و مانایان بەرھەم دەھێنا بێ ئەوەی پەرش و بڵاوی و وێڵبوونی تێدابێت، بەڵکو سنووردار و نێردراو بوو بۆ گەیاندنی ئاماژە و جەختکردنەوە لەو ئاماژانەی دەیاننارد. 

پێکھاتەی وێنەکان لەنمایشدا بێ ئاگایانە نەبوو لە وێناکردنی شیتەڵکاری بۆ بارودۆخە سایکۆلۆژیەکان و ھەڵچون و داچونەکانیان،بەڵکو ھاوئاھەنگانە و بەڕێکی بەدواداچونی بۆکرابوو لەلایەن دەرھێنەرەوە. ھاوئاھەنگیەکانی ڕووناکی و ڕەنگ و میوزیک و جلوبەرگ لەنێوایان یەکتردا ئاوێتەبوبون بۆ ‌کامڵکردنی بینراوێکی ئاماژەدار و گوزارشت ئامێز،دیالۆگ و گوتن زیادەڕەوی تێدا نەبوو، بەڵکو کارکردنێکی وردیش کرابوو لەسەر ساتەکانی بێدەنگی و ڕامان لەنێو چنراو و دیمەنە بەدوایەکدا ھاتووەکانی نمایشەکەدا. (مارا ـ ساد) نمایشێکی شانۆیی قەشەنگی کۆمەڵێک گەنجە کەگەرمی پێبەخشین و جەختیان کردەوە بۆمان لەسەر ئەوەی کە زمانی جەستە ھۆکارێکی پەیوەندیەکە لەخۆیدا توانستی تێگەیشتن و گوزارشتکردنی ھەڵگرتووە لەڕێگەی بینراوی دەوڵەمەند بە ئاماژەو مانا.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بایۆگرافی:
(عەواتیف نەعیم سەلمان)لەدایکبووی شاری بەغدا گەڕەکی باب ئەلشێخ ە.بەخانمی شانۆی عێراقی ناسراوە و دبلۆمی لە بواری نواندن و بەکالۆرێۆس و ماجستێر و دکتۆرای لە دەرھێنانی شانۆیی بەدەست ھێناوە.یەکێکیشە لە ئەکتەرە دیارەکانی شانۆی ھەشتاکان و ساڵانی دواتری شانۆی عێراقی و بەرچاوی کامێرا.
ئەو بڕوانامانەی بەدەستی ھێناون:
ـ دیبلۆم لە نواندنی شانۆیی لەپەیمانگای ھونەرەجوانەکانی شاری بەغدا.
ـ بەکالیۆریۆس لەدەرھێنانی شانۆیی لە کۆلیژی ھونەرـ ئەکادیمیای ھونەرەجوانەکانی بەغدا.
ـ ماجیستێر لە دەرھێنانی شانۆیی ـ کۆلیژی ھونەر ـ ئەکادیمیای ھونەرەجوانەکانی بەغدا.
ـ دکتۆرا لە دەرھێنانی شانۆیی ـ کۆلیژی ھونەر ـ ئەکادیمیای ھونەرەجوانەکانی بەغدا.
ـ ئەندامی سەندیکای ھونەرمەندانی عێراق ـ سەرۆکی بەشی شانۆ بوە بۆ دووخول.
ـ خاوەنی ھەژدە خەڵاتی ناوخۆیی و دەرەکیە بۆ نواندن و دەرھێنان و نووسینی شانۆیی.
ـ کاری نواندن و دەرھێنانی بۆ چەندین بەرھەم کردووە لە بواری شانۆ و تەلەفزیۆن


PM:04:01:16/01/2017

ئه‌م بابه‌ته 1626 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی