پارەی كۆكردنەوەی خۆڵو خاشاك
کاوان ئەبوبەکر
دواجار وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیارە گرنگەكەی دا، كە پارەی
كۆكردنەوەی خۆڵو خاشاك لەهاوڵاتیان بسەنێت، بۆ ئەوەش خودی وەزیری ئەو
وەزارەتە بڕی پارەكەی لە گۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرا كرد.
جەنابی وەزیر لەكۆنگرەكەدا ئاشكرایكرد كە بڕی ئەو پارەیە بۆ گەڕەكە هەژار
نشینەكان تەنها (3) هەزار دینارو بۆ گەڕەكە مامناوەندو دەوڵەمەندنشینەكان
تەنها (5) هەزار دینارە.
وتمان قیروسیا لەو بڕە پارەیە كە بۆ زۆرێك لەهاوڵاتیانی ئەم هەرێمە زۆرە،
بەڵام نازانرێت ئەنجومەنی شارەوانییەكان بە چ پێوەرێك گەڕەكی هەژارنشینو
مامناوەندنشینو دەوڵەمەندنشین لەیەك جیادەكەنەوەو دیاری دەكەن.
باشە ئەگەر قوڕ بەسەرێكی كرێچی داماو لەگەڕەكێكدا بوو ئەو گەڕەكە
بەمامناوەندو دەوڵەمەند دیاریكرا ئەبێت چی بكات، یان بەپێچەوانەوە ئەگەر
دەوڵەمەندێكی خاوەن موڵكو پارە بەرێكەوت لەگەڕەكێكدا بوو كە بەهەژارنشین
دیاری كرابێت، هەر بڕی سێ هەزار دیناری لێوەردەگیرێت؟.
ئەمە وەكو پارەی ئاوی لێهات، پارەی ئاو بەپێی روپێوی زەوی خانووەكە
وەردەگیرێت، كە بۆ هەر مەترە دوجایەك (100) دینارە، واتە ئەگەر زەوی
خانووەكە 100 مەترە دوجا بێت ئەوا بڕی (10) هەزار و ئەگەر (150)م بێت (15)
هەزارو ئەگەر (200)م بێت (20) هەزار دینارو بەوشێوەیەی لێوەردەگیرێت..
لەكاتێكدا ئەمە ئەو پەڕی نادادپەروەرییە، چونكە ماڵ هەیە (100) مەترە
بەدرێژایی ئەو كاتەی ئاو هەیە بەكاریدەهێنێت، كەچی (10) هەزار دینار دەدا،
ماڵیش هەیە زەوییەكەی (200) مەترە و لەوانەیە لەهەفتەیەكدا نیو ئەوەندەی
ئەو كاتەی ئاو هەیە بەكارینەهێنێت، كەچی (20) هەزار دینار دەدا.
وا باشترە لەمەولا لەگەڕەكە هەژارنشینەكاندا نیشتەجێ بین، بەراست لەهەرێمی
كوردستان گەڕەك هەیە هەژارنشینو مامناوەندنشینو دەوڵەمەندنشین بێت؟.
PM:04:44:18/01/2017
ئهم بابهته 2333
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی