کوردستان و مەترسیەکانی پۆپۆلیسم

‌عەلی عەونی

حیزب و ڕێبەرانی سیاسی کۆمەڵگا ئەرکی وشیاری و ڕێکخستنی تاکەکانیان لە ئەستۆدایە. ئەم دووانە ڕۆڵی پێشەنەگی و ڕێنیشاندەری لە جڤاکدا دەگێڕن.
پرۆسەی ڕزگاری پێویستی بە ڕۆشنگەری ڕاستەقینە هەیە لە لایەک و لە لایەکی دیکەش پێویستی بە ئازارکێشان و قوربانی دان هەیە.

حیزب و رێبەران ئەرکیان راستگۆییە لەگەڵ خەڵکدا. ئەوانەی وا دەزانن سیاسەت بریتیە لە فێڵ و دوو ڕوویی و درۆکردن، خۆیان خەڵکی درۆزن و فێڵبازن و دوو روون.

سیاسەت زانستی بەختەوەرکردنی مرۆڤەکانە. کاری هەرکەسێک نییە، بەڵکوو ئەم ڕۆڵە بەشی هەرە دیار و دەستەبژێری جڤاک دەگێڕێت. زمانی سیاسەت و سیاسیەکان زمانێکی بەرزە.
دوورە لە جنێودان لە قسەی ئاسایی و وشەی نەشیاو، مرۆڤی سیاسی خۆی دەبوێرێت لەپێدانی زانیاری ساختە و ناڕاست بە خەڵکەکەی.

جێگای داخە کە سروشتی مرۆڤ وایە کە حەز لە ئاسودەیی و پاڵدانەوە و بێکاری دەکات. سروشتی مرۆڤ وایە کە حەز دەکات بەبێ تێکۆشان و قوربانیدان ڕزگار و ئازاد ببێت. مرۆڤ حەزدەکات بەبێ کارکردن و ماندوو بوون زەنگین ببێت، بە ئاسانترین و کورتترین ڕێگا ببێتە خاوەن ماڵ و موڵک و باوەڕنامە و..تاد.

ئەرکی ڕێبەرانی جڤاک و سیاسەتە کە کۆمەڵگا فێری تێکۆشان و قوربانیدان و کارکردن و ڕێکخستن و ڕاپەڕین بکەن بۆ بەدیهێنانی ڕەوش و کاودانێکی باشتر.

بۆ گۆڕینی ئەم دۆخەی کۆمەڵگا بۆ کۆمەڵگایەکی تێکۆشەر و جددی حیزب و ڕێبەرانی سیاسی ئەرکی هەرە قورسیان لەسەر شانە.

هێربێرت شیلەر، پێی وایە کە جڤاک بە گشتی خەڵکی نا ئاشنایە بە ماناکانی خۆی، لاواز و کارلێکراوە. لە سەدەی نۆزدەهەم ناڕوونیەکانی رووسیا سەریان هەڵدا، ئەوان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی خەڵک ئەو هزرەیان وروژاند کە ڕووسیا بەبێ ئەوەی قۆناغی سەرمایەداری تێپەڕ بکات دەتوانێت بگاتە سۆسیالیزم. ئەم بزاوتە پێی دەگوترێت پۆپۆلیسم یان عەوام پارێزی.

پۆپۆلیسم ئەم چەند تایبەتمەندییەی تێدا زەق و بەرچاون:

١-ڕاکێشانی پشتیوانی خەڵک بە بەرزکردنی سۆز و بەڵینی گشتی و ناڕۆشن.
٢-بەرەوپێشبردنی ئامانجە سیاسیەکانی، بە بازدان بەسەر حیزبەکان و دام و دەزگا فەرمیەکان، بە ڕێگای ڕاکێشانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ گوشارخستنی ڕاستەوخۆ لەسەر حکومەت و ملکەچ کردنی حکومەت.
٣-بە پیرۆزکردن و گەورەکردنی خەڵک یان گەل، بە بڕوایەی کە ئامانجە سیاسیەکان دەبێت بە خواست و هێزی خەڵک و جیا لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان سەربگرێت.

پۆپۆلیسم لەسەر بنەمانی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک، بە پیرۆزکردنی سەرکردەکەیان و ناشرینکردنی ئەوانی دیکە، بە پشت بەستن بە خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت، بەبێ ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو، داوای چاکسازیکردن، بورژوای بوون و هەروەها بنکڕی دژایەتی ناسیۆنالیزمیش لەناو بزاڤی پۆپۆلیستیدا دەبینرێت.

بۆ گەیشتنە دەسەڵات ئامادەن گومان بخەنە سەر هەموو دەزگا و هەبوونی جڤاک و دەسەڵات حەز بە قۆرخ کردن و بەهێزکردنی هێز گەلی گرێدرا و بە بازاڕی ناوخۆیی و جاری وا هەیە شان بە شانی سەندیکاکان، ڕێکخراوگەلی تایبەت بەخۆیان دروست دەکەن. پۆپۆلیستەکان بۆ ئەوەی ڕای دوو کەس بۆخۆیان ڕابکێشن ئامادەن بە تەواوی پێچەوانەی بیر و بڕوای ڕۆژیک پێشتریان هەڵوێست بنوێنن.

زۆر دوور نەڕۆین لەناو بزووتنەوەی گۆرانی لەمەڕ خۆمان، کە بە بیانووی گەندەڵی و دزی و دیکتاتۆری و بنەماڵەیی و ...تاد لە یەکێتی نیشتیمانی جیابوونەوە، بە کەمێک شلکردنی جڵە و مەیدان پیدان، لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خێرا ڕێککەوتنێکیان لەگەل ی.ن.ک مۆرکرد. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە ی.ن.ک لە ڕووی ڕەفتار و بنەماوە هیچ نەگۆڕابوو.

بەناوی پشتگیریکردنی مامۆستایان لێنەگەڕان یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕۆڵی ڕێبەرایەتیکردنی داواکاری مامۆستایان ببینن و شێوە گروپێکیان بۆ دروستکردن و بوونە هۆی بێبەشکردنی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە سلێمانی.

ئەو بزووتنەوەیەی لە لایەک ڕەخنەی لە حکومەتی هەرێم دەگرت کە نابێت هەموو خەڵک ببێتە مووچە خۆر و لە لایەک دەیگوت، ئێمە مووچە بۆ کابانی ماڵ دەبڕینەوە. یەکێک لە خۆڵکرنەکانیان لەچاوی خەڵک، پێدانی ژمارەیەکی وەهمی و گەورەی داهات و ئینجا دابەشکردنیەتی لەسەر ژمارە تاکەکان کە ئەویش هەر ژمارەیەکی ڕاست نیە، ئینجا بە تاوانبارکردنی حکومەت و نیشاندانی بەشی هەرتاکیک لە بودجەی گشتی. وەک بڵێی وڵات پێویستی بە هیچ خزمەتگوزارییەک و هێزی ئاسایش و پۆلیس و پ.م پەروەردە و تەندروستی نەبێت.

کاتێک دێتە بیریان ئەم بوارانە پێویستن بۆ ژیانی خەڵک، خێرا گومان دەخەنە سەر باشی و سەرکەوتوویی ئەم دەزگایانە.
پۆپۆلیسم مەترسیەکی جیددیە بۆ بەلاڕێدا بردنی کۆمەڵگا و تێکدانی خەبات و تێکۆشانی کوردستانیان بە دەستی خودی خۆیان.


PM:05:22:26/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 1922 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی