د. عەبدولواحید و فەرزکردنى بۆچوونەکانى

‌ئاوات عەبدولخالق

لەڕاستیدا دەستبردن بۆ هەندێک بابەت و تەوەر کە شارەزاییەکى تەواوت نەبێ لەسەرى و دیراسەیەکى قوڵت نەکردبێت، کەمێک ترس و دڵەڕاوکێى دەوێت هەتا دەستەکانت گۆ دەکەن و هەڵوەستەى لەسەر دەکەیت، هەر ئەمەش وادەکات زۆرجار پەنا بەرمە بەر بێدەنگى لەو بابەت و ڕووداوانەى دەگوزەرێن و شایەنى قسە لەسەر کردنن، بەڵام ئەمجارەیان وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتیى پەروەردەیى و بایەخى منداڵ، بەپێویستم زانى ئەم وتارە بنووسم لەسەر کۆڕێکى ناوبراو.

ئەگەر کاک دکتۆر وەک پزیشک و هەم وەک کەسایەتیى بانگخواز لێمان زویر نەبێت دەمەوێت ئەمجارە چەند تێبینیەکى کورت لە سەر تێڕوانین و کۆڕێکى ئەو بدەم، هەرچەندە کات و مێژووى کۆڕەکە نازانم تازەیە یاخود کۆن، بەڵام لە ئێستادا بەهۆى سۆشیال میدیاوە ئەو بابەتانە هەر بە تازەیى دەمێننەوە و بۆ من کە یەکەمجارمە گوێم لێى دەبێت و لە ڕێگەى کۆمێنتى فەیسبووکەوە بانگهێشتى گوێ لێگرتنى بووم هەر تازەیە، بۆیە حەقى خۆیەتى قسەى لەسەر بکەین و لە کۆتایى وتارەکەشدا لینکى قسەکانى کاک دکتۆر عەبدولواحید دادەنێم بۆ ئەوەى بەڕێزیشتان گوێى لێبگرن.

 ئەوەندەى من تێیگەیشتووم کۆڕەکە تایبەتە بە پەروەردەى منداڵ و ماوەى چەند خولەکێک باسى پەروەردە کردنى منداڵان دەکات و ژمارەیەکى زۆریش لە دایک و باوکان دانیشتوون، جا بۆ ئەوەى زۆر سەرقاڵتان نەکەم واباشترە ڕاستەخۆ تێبینی و سەرنجەکانم بخەمەڕوو.

١ – لە سەرەتاى کۆڕەکەدا باسى هاوەڵانى پێغەمبەر (د.خ) لەسەر بێت دەکات، کە چۆن باسى قورئانیان بۆ منداڵەکانیان کردووە، بەو شێوەیش باسى غەزو و شەڕەکانیان بۆ کردوون و پێیان وتوون ئەوە شەرەفى باوباپیرانتانە و بەرگریى لێ بکەن.

بەبڕواى من سەحابەکان هەڵەیان کردووە مەبەستم (تاوان) نییە کە باسى شەڕەکانیان بۆ منداڵەکانیان کردووە، بەڕێزیشت دەزانى تەنها پێغەمبەر (د .خ) مەعسوم بووە لە هەڵە و تاوان، پاشان ئایینى ئیسلام سەدان ئایەت و فەرموودە و ڕێنمایى گرنگى تێدایە بۆ پەروەردە کردنى منداڵ، بەڵام گێڕانەوەى کوشتار و ڕووداوى لەو جۆرە جگە لە تێکدانى بارى دەروونیى منداڵ و هاندانى بۆ شەڕەنگێزى و توندووتیژى هیچى ترى لێناکەوێتەوە، بە نموومە کێ پێیخۆشە سەرباز بووبێت لە جەنگى عێراق ـ ئێران و بە شەڕەکانى ئێستاشەوە، ئامادە بێت چى دیوە و چى کردووە بۆ منداڵەکانى باس بکات (دیارە مەبەستم بەروارد کردنى چەمکى ئایینى شەڕەکان نییە) بەڵکو مەبەستم شەڕ و جەنگ و کوشتن و بریندارکردنەکەیەتى و کارگەرییەکانى. بۆیە دەپرسم کاک دکتۆر ئەو نەشتەرگەرییانەى کە بەڕێزت دەیکەیت ئامادەى لە گرتنە دەستى کەتەرەکەوە هەتا کۆتایى بۆ منداڵەکانى خۆتى باس بکەیت، نەوەک شەڕو جەنگ؟.

٢ - لەبارەى منداڵەکانمان و هەوادارى وەرزش و یاریزانان و بە فاشیل ناوبردنى ئەوانەى لە خوێندن سەرکەوتوو نەبوون.
بەکورتى تێبینییەکەى من ئەوەیە، بەچ پێوەرێک ئەو کەسانەى لە خوێندن سەرکەوتوو نەبوون فاشیلن و ئەوانەى لە خوێندن سەرکەوتوو بوون فاشیل نین، ئەوە سروشتى مرۆڤە هەر کەسە و بەهرە و توانایەکى شاراوە و تایبەتى هەیە. هەرچەندە من لەگەڵ خوێندم بۆ هەموو کەس و ئەوەشى من دەناسێ دەزانى چەند هاندەرى خوێندنم، بەڵام ئەوەش بەو مانایە نییە ئەوەى زانکۆ و پەیمانگە تەواو نەکات فاشیلە، ئەى بەهرەو تواناکانى دیکەى مرۆڤ ئەى کریکار، ئەى جوتیار، ئەى دارتاش... تادوایى، بیرت نەچێ باو باپیرانى ئێمە بەشى زۆریان نەخوێندەوار بوون ئەى ئێمەیان چۆن پەروەردە کرد؟ هەروەها بەشى زۆرى پێغەمبەرانیش سەلامى خوایان لێ بێت پیشەیەکى تریان هەبوو.

  ٣ - لەبارەى فیلم کارتۆنى مشک و پشیلەو جیاوازى ئاژەڵەکان
گیانەوەرەکان هەموویان دروستکراوى خودان هیچ جیاوازییەکیان نییە لە ڕووى بونەوەرییەوە، مەسەلەى حەرام و حەڵاڵ ئەوە شەرع دیارى کردووە و پەیوەندیى بەم باسەى ئێمەوە نییە، بەڵام ڕاستى چیرۆکەکەش هەروایە لە واقیعدا پشیلەکە بەهێزە و هەوڵى خواردنى مشکەکە دەدات و لە دەرەوەى فیلم کارتۆنەکەش هەروایە، کەواتە چیرۆکەکە درۆیەکى تێدا نییە. ئەگەر پێچەوانە بووایە ئەوە قسەیەکى ترمان دەبوو. بەبڕواى من نە پشیلە خۆشەویستە و نە مشک فاسق و قێزەونە و سەگیشمان هەیە دەچێتە بەهەشتەوە، بەنموونە ئەوەى شوانەکەى هاوەڵانى ئەشکەوت.

٤ - لەبارەى منداڵى بەهێز و منداڵى بێهێز و شکاندنەوەیەیان لەلایەن دایک و باوکەوە.
منیش هەمان بۆ چوونم هەیە، منداڵ دەبێت ڕێز لە بیرکردنەوەى، قسەى، بۆچوونى بگیرێت، بەڵام دەبێت ئەوەش فێر بکرێت ڕێز لە خواستى هاوڕێکانى بگرێت و خۆ سەپێن و عیناد نەبێت. ئەوەى بەڕێزت باسى دەکەیت ئەو منداڵە لە ئایندەدا شەڕەنگێز و توندوو تیژ دەردەچێت نەک سەرکردە و قائد.

ئەو چیرۆکەى باسی دەکەیت لەبارەى حەزرەتى سولەیمان سەلامى خواى لەسەر بێت، ئەوە هەر خۆت وەڵام دەدەیتەوە کە ئەوە خودا فێرى کردووە، واتە ئەتوانین بڵیێن زیاتر لەوەوە سەرچاوەى گرتووە و ناکرێت گشتاندنى بۆ بکەین بەسەر هەموو منداڵاندا. هەرچەندە منیش بڕوام وایە هەزاران منداڵى ژیر و بەتوانا و زیرەک مان هەیە و هیچ کێشەیەک نییە لەسەر ئەوەى قسە و بیرو بۆچوونەکانیان بەهەند وەربگرین. هیوادارم کاک دکتۆر ئەم چەند تێبینیەم بەهەند وەربگرێت و بەپێى توانا لە دەرفەتێکى تردا قسەیان لەسەر بکات.

ئەمەش لینکى قسەکانى کاک دکتۆر عەبدولواحیدە
https://www.facebook.com/Dr.Abdul.Wahid.Official.page/videos/680570568761626/?fallback=


PM:10:37:18/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 2380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی