نەوشیروان مستەفا بە ٢٤٣٠ وشە بێدەنگى شکاند
ئاوات عەبدولخالق
دواى گەڕانەوەى بەڕێز نەوشیروان مستەفا ڕێکخەرى گشتى بزووتنەوەى گۆڕان، جارێکى تر هەموو هیواکان و چاو و تێڕوانینى لایەنە سیاسییەکان و تەواوى هاوڵاتیان بە ئاراستەى گردەکەى زەرگەتە سوڕانەوە، هەمووان بە دۆست و نەیارەکانیشیەوە لە چاوەڕوانى هەڵوێست و پەیامێکى کورتى ئەودا بوون، کە قسەیەکى هەبێت لەسەر قەیرانەکانى هەرێمى کوردستان و پرسە چارەنووسسازەکانى وەک بابەتى ڕێفراندۆم و ڕێککەوتننامەى نێوان یەکێتى و گۆڕان.
بەڵام وەک پیشەى هەمیشەیى ئەمجارەشیان بۆ ماوەکى کورت هەر بێدەنگى هەڵبژارد، هەرچەندە بێدەنگى ڕێکخەرى گشتى ئەو بزووتنەوەیە بێدەنگییەکە لێوان لێو لە پەیام وهەڵوێست، بەڵام نەیارانى هەمیشە وەک خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتى و دوورکەوتنەوەى لە سیاسەت وەسفیان دەکرد، من پێموایە لەسیاسەتدا تەنها بەیاننامە و وتار و قسەکردن گوزارشت لەهەڵوێست و دیدو بۆچوون ناکات، ڕاستە ئەمانە شتى فەرمین و لە سیاسەتدا کارى لەسەر دەکرێت، بەڵام بە پێچەوانەشەوە بێدەنگیش خۆى لە خۆیدا هەڵوێست و گوزارشتى سیاسى خۆى هەیە و بەتایبەت بۆ سەرکردە و کەسایەتى کاریزما و ئەوانەى لە لوتکەى حزبدان، لایەنى بەرامبەر ئەگەر ژیرانە بیر بکەنەوە و کەمێک لە سیاسەت ڕۆچووبن لە هەڵویست و پەیامى ئەو بێدەنگییەش باش تێدەگەن.
سەرئەنجام بۆ حاڵى کردنى لایەنەکانى بەرامبەر و بۆ دڵنیا کردنیان لەو هەڵوێستى بێدەنگییە و کۆتایى هێنان بەو قسە و قسەڵۆکانە، بزووتنەوەى گۆڕان لەحزورى نەوشیروان مستەفادا وتارێکى (٢٤٣٠) وشەیى بڵاوکردەوە و لە هەولێرى پایتەختیشەوە پێشکەشیان کرد، لەو وتارەدا تەواوى دیدو بۆچوونى بزووتنەوەکە بێ پێچ و پەناو بێ لوغزو ئەمسەر و ئەوسەر لەسەر گشت پرسەکان خراوەتە ڕوو، بە بڕواى من ئیتر شتێک نەماوە بەناوى بێدەنگى و بێ هەڵوێستى، ئیتر ئێستا نۆرەى لایەنەکانى ترە قسەیەکیان هەبێت لەسەر ئەم قەیرانانە و هەڵوێستى خۆیان بۆ خەڵکى ڕوون بکەنەوە، چونکە "ئەو کەسە کەسە ئەلفێکى بەسە" ئیتر ئەگەر لە پەیامێکى وەهاش تێنەگەن، باشترە مەکتەبە بەناو سیاسییەکانتان دابخەن و هەر خەریکى بازرگانى و سزادان و برسى کردنى خەڵک بن.
بە کورتى و بە کوردى گۆڕان لە وتارەکەیدا ئەو پەیامەى بە پارتى ڕاگەیاند، "دهوڵهتيكمان ناوێت هاوشێوهى سعوديه خێزانێك و گروپێكى بچوك، دهست به سهر موقهدهراتى ميللهتدا بگرن، ڕێگه نادهين ئهزمونى باشورى سودان دووباره بێتهوه، ڕێگه نادهين بكرێين به قوبرسێكى تر".
هەروەها ئەمەش پەیامەکەیان بوو بۆ یەکێتى "له ڕابردوا به يهك مهسافه لهگهڵ يهكێتيهكاندا تهعامولمان كردوه، بهڵام مهرج نيیه له داهاتودا وابين، ئيدى ناچارين له گهڵ يهكێتيیه ڕاستهقينهكاندا تهعامول بكهين و دهيكهين".
یەکێتى و پارتى کە زۆر دەمێکە چاوەڕانى هەڵوێستى بزووتنەوەى گۆڕان بوون، ئێستا ئەوەى لە بەردەستاندایە پەیامى ڕوون و ئاشکراى بزووتنەوەى گۆڕانە، کاتى ئەوە هاتووە ئێوەش قسەیەکى پۆزەتیڤ و هەڵوێستێکى ئەرێنیتان هەبێت بۆ گۆڕان، بەڵام ئەمجارەشیان لەبرى فسکە فسکى ژێر بە ژێر و تۆمەت بەخشینەوە و تانەدان لە وتارەکە و کۆبوونەوەى دوو قۆڵى و نیو قۆڵى، باشترە یەکێتى و پارتى لایەنەکانى تریش هەنگاوى جدى بنوێنن بە ڕووى گۆڕاندا و لەوە تێبگەن ئەو وشەیەى کە پێى دەوترێ "ڕاستى" هەمووى هەر لاى ئەوان نییە و ئەگەر هەمووشى نەبێ بەشێکى لاى بزووتنەوە گۆڕانیشە.
تیبینى: ئەو ژمارەیەى ناونیشانەکە لە دەقى وتارەکەى بزوتنەوەى گۆڕان بە تایپکراوى خۆیان وەرگیراوە.
PM:04:12:18/05/2017
ئهم بابهته 10744
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی