چیرۆكی‌ جه‌نگاوه‌ر

‌ئه‌بو به‌كر جاف

چیرۆكی‌ جه‌نگاوه‌ر
‎كورد؛ تەنیا وەك جەنگاوەرێك دەتوانێت لە جیهاندا بێت
‎وێنەی باو و سەپێنراوی جیهان بە سەر ئێمەداو، وێنەی ئیمەو ئامادەیی ئێمە لە جیهاندا: وێنەی ئەو جەنگاورە ئازاو نەبەردو دلێرەیە كە شكست بە شكست دێنێت. وێنەی كوردەكان لە سەردەمی ڕێگرتن لە سوپای ئەسكەندەری گەورەوە تاوەكو داعش، وێنەی جەنگاوەرێكە كە دەتوانێت تەنیا جەنگدا، هەمیشەو بەردەوام و بێپشو لە جەنگدا ئامادەبێت. كوردەكان ئازان، كوردەكان دلێرو نەبەردو قارەمانن، كوردەكان نابەزن، كوردەكان جەنگ بۆ جیهان و جەنگ لە بری جیهان دەكەن، كوردەكان پاسەوان و پارێزەری ئارامی و ئاسایشن لە جیهان و لە ناوچەكەدا.... ئەمە گوتاری ختوكەدانی ئێمەیە لە دەرەوە، وە ئیلهامبەخش و شادییهێنەرو نەشوەبەخشیشە بە خۆمان. كەواتە ئێمە لەوەتەی هەین جەنگاوەرین، لەوەتەی هەین بۆ جەنگ خولقاوین. جەنگاوەرێك چ بە جیهان دەبەخشێت؟ جەنگاوەرێك چۆن دەتوانێت ئامادە بێت لە جیهاندا؟، جەنگاوەرێك چی بۆ خۆی هەیە؟، چ بۆ شار هەیە؟.

 جەنگاوەر چ گوتاڕێكی ئاوەدانی بۆ ژیان هەیە؟ خاوەنی چ ڕژێم و چ. سیستەمێكی حكومڕانی و بەڕێوەبردنە؟ شەرعییەتی دەسەڵات و سەروەریی و حكومڕانی كۆمەڵگەی جەنگاوەرەكان سەر بە چ كۆنتێكستێكی سۆسیۆ- ئەنترۆپۆلۆژییە؟. جەنگ و جەنگاوەریی كوردەكان دەچێتەوە سەر كام فۆرم لە حیكایەت و چیرۆكی پاڵەوانیی و پاڵەوانبازی؟ هێشتاكە ئێمە لە ناو فۆرمێكی ئەنترۆپۆلۆژیی سونەتیی و خێڵەكییانەی جەنگ و جەنگاوەریداین، یاخود لە ناو بەرهەمهێنانەوەو بەكارخستنە نوێ و مۆدێرن و ئەقڵانییەكانی هێزی جەنگ و هێزی جەنگاوەرداین؟. كوردەكان و سەروكاریان بە جەنگ و جەنگاوەرییەوە سەر بە ( ماسۆلكەیە نەك ئەقڵ)،.مۆدێرنە چركەساتی ئاوابوونی جەنگاوەری ماسۆلكەو جەنگی ماسۆلكەییە. 

نەترسانی جەنگاوەرە كوردەكان، بە پێوە وەستان و بە پێوە شەڕكردنی كوردەكان، گرنگی و پڕ بەهاو ئەرزشیی لە پێشەوە پێكان، خیانەت و ترسنۆكی و هەڵهاتووی ئەو جەنگاوەرەی لە پاشەوە دەپیكرێت....واتە : پەیوەندی جەنگاوەرێكی كورد بە مەرگەوە مانا وەردەگرێت، هەرچی جەنگاوەرێكی دیسپلینكراو و پڕ چەككراوی مۆدێرنەیە لە پەیوەندیدا بە ژیانەوە ماناو واتا وەردەگرێت. جەنگاوەرێكی كوردیی لە ناو مەرگدایە، جەنگاوەرێكی ناو سوپایەكی مۆدێرن لە ناو ژیاندایە. شارستانییەت و ئاوەدانیی و گەشەكردن و گەشەی زەوی لە كۆمەڵگە مۆدێرنەكاندا لە ناو وەرچەرخانی هەڵچوون و ئینفیعالەكانی جەنگاوەریكی ترسنۆكدایە لە بەرانبەر ژیان و ئاوەدانكردنەوەی ژیان. 

جەنگاوەرێكی ئێمە لە ناو پەیوەندییەكانی لە گەڵ مەرگدا چ سەروكارێكی لە گەڵ ئاوەدانی ژیان و ئاوەدانكردنەوەی ژیاندا نییە. تەنانەت شێوازی ئەندازەو ئەرشیتێكتیوری خانووی جەنگاوەركانی ئێمە لە سەر ( ڕاگوزەریی) و بەجێهێشتن و باركردن و هەزارو یەك ئەگەری نارو بنە پێچانەوە بیناكراوە. جەنگاوەری ئێمەو پەیوەندی لە گەڵ مەرگدا، بەزاندنی مەرگ، ڕیسكێك بە سەر مەرگدا، سەركەوتن بە سەر مەرگدا، بیركردنەوە لەو ژێستانەی كە پاڵەوانێك دەینوێنێت.... ئەمانە لە پەیوەندیمان بە مەرگەوە مانا بەرهەمدێنێت. جەنگاوەر سەر بە شار نییە، شار كەسی ترسنۆك و ژیاندۆست و ئامێزگرتنەوەی دەوێت بۆ ژیان تا ئاستی مەستبوون بە ژیان، تا ئاستی خەونبینین و ژیان لە ناو ژیانكردنێكداوەك ئەوەی بۆ هەمیشە بژیت، بۆ هەمیشە ژیانیش ترسنۆكی دەوێت، ماڵیبوونی دەوێت، نەریتەكانی خێڵە جەنگاوەرەكان دەگۆڕێن بۆ یاساكان، كەواتە یاسا سەر بە شارە.

‎ ترسنۆكەكان شارەكانیان دروست كردووە
‎وەك نیتچە دەڵێت: ”ئەگەر جەنگێك نەمێنێت بۆ جەنگاوەر، ئەوا هەڵدەگەڕێتەوە سەرخۆی و بەردەبێتە خۆی”


PM:12:20:28/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 1366 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی