کوڕەکەی مام جەلال

‌ئاشتی عەبدوڵا


 (لەم دوو ساڵەی‌ دواییدا دابەشبوونی‌ سیاسی‌ و دیدی‌ جیاجیای‌ حیزبی‌ لێکترازانی‌ خستە نێو ژیانی‌ سیاسی هەرێمی‌ کوردستانه‌وه‌، بەڵام دەکرێت ئۆپەراسیۆنی‌ کۆنترۆڵکردنەوەی‌ موسڵ ببێتە وێستگەیەک بۆ کۆکردنەوەمان لە چواردەوری‌ هاوکۆلکە هاوبەشەکان..

پرۆسەی‌ ئازادکردنی‌ عێراق (٢٠٠٣) کوردستانی‌ عێراقی‌ لە قاوغی‌ دوو ئیدارەیی هێنایە دەرەوەو کردی‌ بەهەرێمێکی‌ دەستوری، ئێستا بۆ ناکرێت خوێنی شه‌هیدان و قوتاربوون لە دێوەزمەی‌ داعش و یەکلایبونەوەی‌ پرسی‌ ناوچە جێ ناکۆکەکان ببنه‌ زەمینەیەک بۆ بازدانێکی‌ گەورەتر کە لە چەقبەستنی‌ قەیران سیاسی‌ و ئابووری و تەنگەژە جۆربەجۆرەکان بمانهێنێتە دەرەوە؟!)  

 لەگەڵ دەستپێکی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ و دواتر رزگارکردنی چەند ناوچەیەک لەسەردەستی پێشمەرگە و دوای هەواڵی شەهیدبوونی چەند قارەمانێک راگەیەنرا ، ئەم پەیامەی قوباد تاڵەبانی جیاوازبوو !

نە بەنەفەسی حزبی و نە بەنەفەسی ئاڕاستەیەکی جیاواز نوسرابوو ، لەگەڵ خوێندنەوەی ناوەڕۆکی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی، پەیامەکانی مام جەلال هاتەوە یادمان، کە لەسات و وەختە دژوارەکاندا پەیامی جیاوازو خەمخۆرانەی ئەدا بەگوێی خەڵکی کوردستاندا،  تەنها راگەیاندنی پەیامێکیش نەبوو بۆ گەلەکەی، بەڵکو راستەوخۆ دەست پێشخەرییەکانی ئەخستە بواری جێ بەجێ کردنەوە،

 هەموو هەوڵێکی بۆ ئاشتەوایی بوو لەپێناو میللەتەکەیدا سەڕەڕای هەموو ئەو گلەییانەی لێی ئەکرا مام جەلال بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتی چەپکەگوڵەکەو ئاشتەوایی نێو ماڵی کورد، ئێستاش کوڕەکەی مام جەلال لەم ساتەوەختە دژوارەدا کەبارودۆخی سیاسی رۆژبەڕۆژ سەختر ئەبێت و لەگەڵیدا کوردستان پۆلێ شەهیدی تری گرتەوە ئامێز ، بەهەمان نەفەسی باوکی بەرپرسیارانە پەیامێکی کورت و جیاوازی راگەیاند، ئێستا چاوەڕێین کەدوای پەیامەکەی کوڕەکەی مام ،

 هەوڵەکانی بەپراکتیکی بخاتە بواری جێ بەجێ کردنەوەو دەرگایەک بەڕووی ئاشتەوایی و رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردا بکاتەوە، لەپێناو میللەتێک کە گیرۆدەی سیاسەت و ململانێی حزبەکانە، رۆژ بەڕۆژ خەڵک برسیترو بێ هیواتر ئەبێت لەهەوڵەکان بۆ چارەسەری بارودۆخەکە. گەر بەدەنگەوە هاتن هەبێت بێگومان وەڵامی پرسیارەکانی قوباد تاڵەبانی قورس نییە و ئەکرێت نەهێڵرێت خوێنی شەهیدان بەفیرۆ بڕوات و بازدانێکی گەورە بێت لەم دۆخە چەق بەستووەی ئێَستا رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بۆتەوە.


PM:07:40:18/10/2016

ئه‌م بابه‌ته 24891 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی