سەبری ئەیوب، یان ئیرادەو بڕیاردان؟

‌ئاشتی عەبدوڵا

ئەیوب یەکێک بووە، لەپەیامبەرەکانی جوو لەئیسرائیل، لەئوردنی ئێستا لەدایکبووە و لەئورفای باکووری کوردستان کۆچی دوایی کردوە.
 سەبری ئەیوب دەنگی داوەتەوە لەناو زۆربەی کەلتوورەکانی جیهاندا، تەنانەت نەتەوەی عەرەب و ئایینی ئیسلامیش شایەدی ئەم وتەیە ئەدەن ، هەروەها ئێمەی کوردیش بە چیرۆکەکەی ئاشناین.

ئەوەی مەبەستە لێرەدا،  ئەوەیە کە ناکرێت ژیان و چارەنووسی میللەتێک، بەم حیکمەتە و پاساوی داهاتوویەکی باشتر بۆ ئەم گەلە چەواشە بکەین، قەناعەتکردن بەم حکیمەتە بۆ ئێستاو ئەم هەلومەرجە بەرەو هەڵدێرمان ئەبات.
بۆچی؟
 چونکە سەبری ئەیوب لەزۆر حاڵەتدا، حیکمەتە و دەرئەنجامی ئارامگرتن باش ئەبێت، بەڵام زۆرجاریش بەپێچەوانەوە، ئەم ئارامگرتنە شکست بەزۆر خەون دێنێ، هەندێ جار سەبری ئەیوبمان لەبێ دەسەڵاتیەوەیە و دەستەو وەستان و بێ ئیرادە و بڕیارنەدانە، دەرهەق بەو ئامانجەی هەمانە. زۆرجار  سەبری ئەیوب، کەبەحیکمەت هەژمارئەکرێت زیانی زۆرترە لەسوود ، بەتایبەت بۆ هەلومەرجێکی وەک ئێستای هەرێمی کوردستان .

سەبری ئەیوب بە ئیدێومێکیتر هاتۆتە نێو فەرهەنگی سیاسیەوە ، بۆتە (سەبری سیاسی) بەبێ ئەوەی درکی پێ بکەین، بەسوود وەرگرتن لەم دەستەواژە نوێیە، وا سەبری سیاسی و بێ بڕیاری وڵاتێک دائەڕمێنێت، میللەتێکی برسی و بێ چارە کردوە، بێ هەڵوێستی لێکەوتۆتەوە، وڵاتێک بەهەموو خێرو بێریەوە لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتێکدا بەکاردێت ، وا خەریکە خاکیشمان ئەکاتە دیاری بۆ داگیرکەران بەناوی رێکەوتنە سیاسی و بازرگانیەکان ، شەڕی کوردبەکورد ئەکرێت، تا ئێستا ناتوانرێ بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمان بدرێ، بەهۆی پشوو درێژی و سەبرمان چی نەما لەسەر ئەم خاکە نەگوزەرێ، چی  بەم خەڵک و خاکە کرا.

 بەهۆی غافڵبوونیان لەوڵات، بێ ئاگان لەوەی، کە خەڵک و خاک ئاشتی و ژیان و بەهارێکی سەوزی ئەوێت،نەک سووربوونی خاک بەخوێنی رژاوی کچ و کوڕەکانی.

 دەرئەنجام ببینن،  سەبری ئەیوب چ غەدرێکی لێ کردین نەخاکی بۆ پاراستین و نەتەبایی و تەنانەت، نان و ئازادیشی لێ زەوت کردین.

ساڵانێکە رۆژنامەنووس شەهید ئەکرێ و تیرۆر ئەکرێ دەیان سیناریۆ دوای کوشتنی ژنەکان دائەڕێژرێت، ئێمەش سەبری ئەیوبمان هەیە بۆ گەڕانەوەی یاساو چاوەڕێین ئەم یاسا غائیبە بگڕێتەوەو سەروەربێت، بەڵام چاوەڕوانییەکی بێ هودە.

 لەم بارودۆخە پڕ قەیرانەی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بوونی مەترسیە زۆرەکان بۆ سەر کوردستان، سەبری ئەیوب، نەدادی خەڵک و نەلایەنە سیاسیەکانیش ئەدات، بەڵکو ئەم فەوزا سیاسیە و ئەم حوکم و حاکمی موتڵەقە،  بڕیار و جورئەتی ئەوێ و ئیرادەی ئەوێ، دڵسۆزی بۆ خاک و خەڵک خۆشویستنی ئەوێت.

 بۆ گەڕانەوەی ئارامی و یاسا چارەسەری قەیرانەکان، بەدیلی سەبر و چاوەڕوانی، بڕیارو هەڵوێستی یەکلاکەرەوەیە. سەبری ئەیوب لەئێستا بەدواوە نیشانەی بێ دەسەڵاتی و بێ هەڵوێستی و خەمساردیە، چیتر وڵات بەرگەی ئەم جۆرە مەفاهیمانە ناگرێت.

خەڵک ژیان و ئاشتی و دابین کردنی مافەکانی ئەوێت، دەسەڵات و سیستمێکی دیموکراسی و یاسایی ئەوێت، کوردایەتی ئەوێت، بەڵام لەبەرگی نۆکەرایەتیدا نا، بەڵکو کوردایەتی و کوردبوونی مەسەلەیەکە، کەلای گەل یەقینە، تێکەڵی خوێن و رۆحی هەموو تاکێک بووە، تەنها لە سەبری ئەیوب گەڕێن و بڕیاربدەن لەچارەنووسی ئەم میللەتە.


PM:07:59:24/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 8980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی