ئاڵاکان دابگرن، با بۆ ماڵئاوایی بەدەم رێگاوە گوڵ بچنین ..

‌ئاشتی عەبدوڵا



ھەندێ رووداوی گەورە ھەیە ئەبێت ببێتە مانشێتی ئەرزو ئاسمان، نەک بەتەنھا رۆژنامەکان، کۆچی کاکە نەوە تەنھا رووداوێک نیە میدکان بیگوێزنەوە ، کۆچی ھاوخەباتەکەی مام نابێت تەنھا لەرۆژنامەکاندا بنوسرێنەوە،  ئەمرۆ پیاوێکی گەورە سیاسیەکی شۆرشگێر، بیرمەندێکی مەزن ، نەتەوەیەکی بەجەستە جێھێشت، ئاڵاکان داگرن، با بۆ ماڵئاوایی گوڵ بچنین، سەرنەوی بکەین لەحزوری دادپەروەری و یاسا و پشت وپەنای خەڵک .

کاکە نەوە بەتەنھا موڵکی رێبازێک نییە، سەرکردەی ھەمووانە ھەقمانە ھەمووان لەحزوریدا، بەڵێن بدەین کە بەرگری لەدادپەروەری و سەروەری یاسا بکەین، ھەقمانە  سازش لەسەر مافەکانی خەلک نەکەین.
ئەمە خواستی ھەموو ئازادی خوازێکە.

سەرکردە تۆ بەدەم  رێگاوە  لەگەڵ گوڵ چنین ، ئازادیت ئەچنی  و لەسەرەتای بزووتنەوەی رزگاری خوازی کورددا لەگەڵ مام چەپک چەپک مێژووی  پر سەروەریتان تۆمار کرد.
ئاڵاکان داگرن ، ئەم پرسەیە پرسەی نیشتمانێکە.

بۆ گەرانەوەی پێشووی کاک نەوشیروان  وتم:-

لەکتێبی خولانەوە لەناو بازنەدا، کاک نەوشیروان لەپەرەگرافێکدا ئەڵێت:-

(مام جەلال رۆژی 23ی تشرینی دوەمی 986 لەئێران گەڕایەوە، لەو کاتەدا شەڕ لەناوچەی چوارتا گەرم بو. مام جەلال داوای لێکردم کەسەفەر بکەم بۆ دەرەوە. خۆم لەم کاتەدا سەفەرم بەچاک نەدەزانی، بەڵام مام جەلال ترسی هەبو بەو نزیکانە رێگەمان لێبگیرێ، لەبەرئەوە پێی باش بو بەر لەگرتنی رێگا من بڕۆم، ماوەیەکی درێژبو کەس لەئێمە نەیتوانی بو سەفەری دەرەوە بکا لەگەڵ لێپرسراو و رێکخراوەکانی دەرەوە تەنیا بەنامە پەیوەندیمان هەبو. بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا نەکەس لەئێمە توانی بوی سەردانی ئەوان بکا و نەکەس لەوانیش توانی بوی سەردانی ئێمە بکا. لەم سەفەرەدا ئەبو تەداوی خۆم بکەم، کارەسیاسیەکانی یەکێتی یش ئەنجام بدەم.

*ئەمجارەش وابوو چوو بۆ تەداوی خۆی و کارە سیاسیەکانیشی ئەنجام دا و بە هەگبەی بەتاڵ ناگەڕێتەوە. بەهیوای گۆڕانکاری و یەکڕیزی و باشبوونی بارودۆخی سیاسی و گوزەرانی خەڵک.)

ئەمجارە بەکۆچی یەکجاری ھەگبەی  خەڵک و ھاوخەباتەکانت خاڵی کرد لەئومێد، بەڵام ھەمیشە ھەگبەی تۆ دوای کۆچیشت ھەر پرە لەسەروەری.


PM:05:37:19/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 46800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی