چارەسەرێکی نوێی سیاسی و ئابوری بۆ عێراق

‌د. به‌رهه‌م ساڵح



هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بووە هۆکارێک عێراق توانی داعش تێکبشکێنێت کە یەک لەسەر سێی وڵاتەکەی کۆنترۆڵکردبوو. سوپاس بۆ هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی کە بەهۆی ئەوانەوە بەم نزیکانە داعش لە موسڵ وەدەردەنرێت. حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق شایەنی پێزانینە، بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ئۆپراسیۆنە.
 ‎ئەو سیستمە سیاسییەی کە لەدوای سەدام حسێن دامەزرا شکستی خواردووە. دوور لەو سیستمە دیموکراسیە لیبڕاڵە بوو کە خەڵک ئاواتی بۆ دەخواست بە خۆشمەوە، ئەمڕۆ عێڕاق بووەتە گیرۆدەی جۆرێک لەچەتەگەرایی و ناکۆکی ئێتنیکی و تایەفەگەرایی.

‎پێکهاتە سەرەکییەکانی عیراق، پێویستیان بەدیالۆگی ڕاشکاوانەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسی نوێی یەکلاکەرەوە. ئەم پرۆسەیە پێویستە بەدانوستاندن لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەستپێبکات. هەروەک گرنگە هەردولا بڕیاربدەن، ئاخۆ دەیانەوێت پێکەوە بژین یان نا؟ ئەو شوێنەی پێویستە ئەم بڕیارەی لێبدرێت بەغدایە، نەک ئەنقەرە و تاران یان واشنتۆن.

‎زۆرینەی کورد، سەربەخۆیی یەکجارەیی دەخوازن، بەڵام ئەگەر بڕیاڕ جیابوونەوە بێت، پێویستە لەڕێگای نەخشەڕێگایەکی گونجاوەوە بێت و بەدانوستان بێت لەگەڵ بەغدا، وەکو نمونەی چیک و سلۆڤاک، نەک بە شێوەی قوبرسی باکوور یان باشووری سودان. ڕەنگیشە سەرکردایەتی کورد مانەوە وەکو بەشێک لە عێراقێکی کۆنفیدراڵی بەگونجاو ببینێت، کەتیادا کوردستان سەروەری تایبەتی خۆی هەبێت، و چواچێوەیەکی هاوبەش دیاری بکرێت بۆ بەرژەوەندی ئابووری و ئەمنی. لە ئێستاشدا، سەرکردایەتی کورد، پێویستە بەجددی کاربکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی وئابووری و حوکمڕانیەکانی، کەدووچاری هەرێمی  کوردستان بوونەتەوە.  

‎عەرەبەکانی عیراق- سوننە و شیعە- پێویستە بڕیاربدەن لەرێککەوتنی سیاسی داهاتووی خۆیان، حزبە شیعەکان حکومەتیان لە دەستە، ونیگەرانن دەسەڵات هاوبەشی پێبکەن نەوەکا ببێتە دەروازەیەک بۆ گەڕانەوەی سوننەکان بۆدەسەڵات. ڕاستە کە سووننەکان سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی باوەڕپێکراویان نییە، نوێنەرایەتییان بکات و ڕووبەڕووی توندڕەوەکان ببێتەوە،  بەڵام شیعە و کورد پێویستە بزانن، کەپەراوێزخستنی سووننەکان ژینگەی بەرهەمهێنانی تیرۆریزمە. بەهەمان شێوە،سوننەکان پێویستە تێبگەن، ئەوان گەورەترین زەرەرمەندی تیرۆریزمن. 

‎گەشەپێدانی ئابووری دووەم گەورەترین تەحەدییە ڕووبەڕووی سەرکردە عێڕاقییەکان دەبێتەوە. پەرەسەندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەساڵی ٢٠٠٣وە نەبووەتە مایەی باشکردنی گوزەرانی خەڵکی عێراق. زۆربەی ئەم داهاتە، لەمووچەکان بەرزەکانی کەرتی گشتی ناتەندروست و هەڵاوساودا خەرجدەکرێت. 

‎لێرەدا ڕێگایەک، بۆ چارەسەرکردنی ئابووری کرێگرتەیی شکستخواردوو، بریتیە لەدروستکردنی دامەزراوەیەکی گشتی بۆ پلان وجێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری. ئەم دەزگایە، بۆردێکی گەشەپێدان و وەبەرهێنانە، نموونەیەک لە (مجلس الاعمار)ی سەردەمی پادشایەتی بەر لەشۆڕشی ساڵی ١٩٥٨، دەسەڵاتی پێدەبەخشرێت و سەربەخۆ و دوور لەدەستێوەردانی سیاسی ڕۆژانە کاردەکات و بەشێکی دیایکراو لە داهاتی نەوت و غاز، لەبودجەی گشتی و وەبەرهێنانی کەرتی  تایبەت و کۆمەکە نێودەوڵەتییەکانی بۆ تەرخان دەکرێت و داهاتەکەشی بۆ پڕۆژەی ژێرخانی ئابووری بەکار دەهێنێت.

‎گرنگە بۆردی گەشەپێدان و وەبەرهێنان، لەلایەن سیاسیەکانەوە دەستی بەسەردانەگیرێت، پێویستە بەرپرسیارێتییەکەی لەئەستۆی پشک هەڵگرانیدا بێت، کە خەڵکی عێراق و وەبەرهێنەرانەکان دەبن. 

‎ چارەیەکی لەم جۆرە ڕەنگە عێراق بکاتە هەوێنی سیستەمێکی نوێی سیاسی و ئابووری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای پێکەوەگرێدانی بەرژەوەندیە ئابووریەکان و ڕێزگرتن لە مافەکان. بێگومان بابەتێکی ئاوا بژاردەی عێراقییەکان دەبێت و ئەوان خۆیان بەدانوستانکردن لەسەر ڕێککەوتنێکی لەوشێوەیە چارەنووسی خۆیان دروستدەکەن. بەڵام دیالۆگ لەنێوان عیراقییەکانداسەرکەوتوو نابێت، بەبێ هاوکاری هێزە ناوچەییەکان، لەم نێوەندەدا عەرەبستانی سعودیە،ئێران،وتورکیا و هەروەها ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا، و ناوەندەکانی هێزی جیهانی، وەک روسیا و ئەوروپا،پێویست دەکات کەبەرژەوەندییەکی هاوبەشیان هەبێت لەریشەکێشکردنی سەرچاوەکانی تیرۆریزم و توندڕەوییدا. 

‎ دەوترێ، کە ئەمەریکییەکان و هاوپەیمانەکانیان پێشتر باجی قورسیان داوە لەبەخشینی گیان وپارە بۆ سەقامگیرکردنی عیراق، بەڵام  هیچ ئەنجامێکی نەبووە. بەڵام وێڕاش ئەمریکا، و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی،  بەرژەوەندییان لەدەستپێشخەرییەکی لەوشێوەیەدا هەیە، کەهاوکاردەبێت لە شەڕی دژی داعش و توندەڕەویدا. چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق رێگایەکی درێژی  لەپێشە و سەرەتایەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

*ئەم نووسینگەی بەرهەم ساڵح سەرۆکی پێشووی حکومەتی هەرێم لە ماڵپەڕی فانەنشیاڵ تایمزدا بڵاوکراوەتەوە. ئێن ئاڕتیش كردوویه‌تی‌ به‌كوردی‌


PM:03:16:20/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 4727 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی