مەرگێکی لەناکاو ؟

‌ئاڵا تاڵه‌بانی‌


ھەموومان چاوەڕێبوین کە لەدوای گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا دووبارە پرۆسەی سیاسی لە کوردستان بچێتەوە سەر شاڕێی خۆی و دووبارە قۆناغێکی تر لە کاری ھاوبەش و کاری پێکەوەی سیاسی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و یەکێتییەکەمان دەست پێبکاتەوە ، چونکە قۆناغەکە ھیچ بەکورد نابەخشێت ئەگەر یەکێتی و پێکەوە بوون نەبێتە واقع بۆ تێپەڕبوون بە دەست پڕییەوە لەم قۆناغە نوێییەی کوردستان و ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت .

 بەش بە حاڵی خۆم بیرم بەلای ئەوساتە مێژووییە دەچوو کە چۆن پار ساڵ لە یادی چلویەک ساڵەی دامەزراندنی یەکێییەکەمان و دوای ئیمزاکردنی رێککەوتنی نیشتمانی نێوان گۆران و یەکێتی ، کاک نەوشیروان لە شاری شاران لە سلێمانی و لە ھەواری شار لە حزوری مام جەلال بەشداری یادی دامەزراندنی حزبێک بوو کە خۆی یەکێک بووە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری، بیرم بەلای ئەوەدا دەچوو کە بۆ ئەمساڵ کە وابڕیارە یادە مەزنەکە لە کەرکوکی قودسی کوردستان بەڕێوەبچێت، کاک نەوشیروان لەگەڵمانبێت و ھاوخەبات یادەکە مەزمنتر بکات ، بەڵام دووبارە قەدەری ئەم سروشتە لەمەڕ ئێمە ناحەقی کردو گیانی مرۆڤێکی مەزن و نیشتمان پەروەری وەک کاک نەوشیروانی لێ سەندیینەوە ، وەک خۆم  کە بەچێژی نیشتمان پەروەری لە بێشەکەی یەکێتی قۆناغەکانی تاڵترین رۆژگارم تێپەڕ کردووە و ژیاووم ئاسان نییە ، نە بڕوا بە نەخۆش کەوتنی  ( مام ) بکەم و نە بڕوا بە کۆچی ناوادەی ( کاکە نەوەکەی ) مام جەلال بکەم ، چونکە ئێمە واڕاھاتوین کە مرۆڤە مەزنەکان رێبەرو سەرکردە و رەنوشکێنمان بن و رێنیشاندەری ئەم رێگە تاریکە بن .

لە قوڵی ھەناسەمەوە خەم بەم کۆچە دەخۆم و فرمێسک دەڕژم بۆ ئەو مرۆڤەی رابردوو ئێستا و ئایندەش بیری و تێڕوانیینەکانی بۆ ئێمە دەبنە مامۆستا و رووناکی رێگە تارەکان ، لە کۆتایشدا دەڵیم : کاک نەوشیروان بەمەزنی ژیاو بەمەزنیش رۆحی بەرزی بۆ فیردەوس فڕی .


PM:04:48:20/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 4975 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی