"ڕیفراندۆم لەپرسێکی نەتەوەییەوە بۆ دەسکەوتێکی حزبی"

‌ساکار شێخ عەزیز

ڕاپرسی بریتیە لە کەرەستەیەکی کۆنی دیموکراسی کەتیایدا ڕای دەنگدەر وەردەگیرێت بەشێوەی ھەڵبژاردنی گشتی ڕاستەوخۆ، لەسەر ھەر پرسێک کەپەیوەندی بەژیان و داھاتووی نەوەیەک و یەکلاکردنەوەی چارەنوسی گەلێک بەپشت بەستن بەدەنگی زۆرینە و ڕێزگرتن لەڕاو بۆچونی کەمینە.

 ھەر ڕاپرسیەک کە دەکرێت پێویستە ئامانجی سەرەکی خۆی ھەبێت لەسەرو ھەموویەوە ئامانجی گشتی دورمەودای ستراتیژی لە بەرژەوەندی گەل و وڵات، نەک بەرژەوەندی تەسکی کورت خایەنی حزبی.
 تێیدا ڕای گەل وەربگیرێت وەک ڕێگایەکی شەرعی و دەستوری بەمەبەستی بڕیاردان لەچارەنوس و داھاتووی نەوەکانی.
پێویستە پێش ئەوەی بڕیاری ڕاپرسی بدرێت لێکۆڵینەوەیەکی زانستی وردی بۆ بکرێت و پێشبینی بۆ ھەموو ئەگەر و سیناریۆکانی ڕاپرسیەکە و لێکەوتەکانی لەھەموو ڕوویەکەوە بکرێتەوە.

لە وڵاتانی جیھان ڕیفراندۆم بەکارھاتووە وەک مۆدێلێکی دیموکراسیانە بەمەبەستی بەشداریکردنی گەل لەبڕیاردان لەسیاسەتی گشتی وە تێپەڕاندنی ئەو کێشە و بەربەستانەی کەھەیان بووە، بۆنمونە وڵاتێکی وەک بەریتانیا دوای ٤٠ ساڵ لەئەندامێتی لەیەکێتی ئەوروپا بەھۆکاری زۆری ئەوپارانەی ساڵانە لەبری ئەندامێنی دەیدات و ھاتوچۆی بێ سنوری خەڵکی وڵاتانی ئەندام لەیەکێتەکە و کێشەی کۆچبەر و چەندین ھۆکاری تر کەوای کرد لەڕێکەی گەلەوە بڕیاربدەن لەیەکێتی ئەوروپا بچنە دەرەوە بە رای زۆرینەی ٥١.٩% .

دوابەدوای ڕاپرسیەکە کاریگەری نەرێنیەکان دەرکەوتن بەتایبەتی لەڕوی بازرگانیەوە, وەک کشانەوەی بانکی HSBC کەبەگەورەترین بانکی بەریتانیا ھەژماردەکرێت و کەمبونەوەی وەبەرھێنان بەتایبەتی لە کەرتی عەقاراتدا و نزمبونەوەی لەڕێژەی ٤٠% بۆ ١٠% و
چەندین لێکەوتەی نەرێنی تر کەپێشبینی دەکرێت ڕووبدات دوای ئەوەی بەتەواوی سەربەخۆ دەبن و لە یەکێتیەکە دەچنەدەرەوە.

 ڕیفراندۆم بەمەستی وەرگرتنی ڕای گەلێک بۆ بڕیاردان لەسەربەخۆی و دروستکردنی دەوڵەتێک چەند مەرج و بنەمایەکی گرنکی ھەیە کەپێویست تێیدا ھەبێت بۆئەوەی دەرئەنجامێکی سەرکەوتوی ھەبێت، وەک ئەمانەی لای خوارەوە:

١-  ھەبونی حکومەت و دامەزراوەی نیشتمانی ھەڵبژێردراو لەلایەن پەرلەمانەوە.
٢-  دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ  و سەروەری یاسا بەوپێیەی ماسی گەورە و بچوک بگرێت.
٣-  ھەبونی دەسەڵاتێکی تەشریعی (پەرلەمان) ی کارای ھەڵبژێردراو لەلایەن گەلەوە، کەتوانای ئەوەی ھەبێت چاودێریەکی توندی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بکات و متمانە لەوەزیرو سەرۆک و ھەرکەسێکی تر بسنێتەوە کە تێوەگلاون لە گەندەڵی و پێشێلکردنی یاسا.
٤-  ھێزێکی نیشتمانی یەکگرتوو کە پارێزگاری لەخاک و ئەمنی وڵات و گەل بکات.
٥-  ڕەزامەندی گەل لەحکومەت و دەسەڵاتی ناوچەکە.

لە ھەرێمی کوردستانیش ڕای گەل لە ڕاپرسی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٥ دا ئەنجامدرا وە نەک ڕای زۆرینە بەڵکو ڕایگشتی بەڕێژەی ٩٨% دەنگیان بە سەربەخۆی کوردستاندا، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت سەربەخۆیی ڕانەگەیەنراو کار بەو دەنگانە نەکرا.

 لەئێستاشدا ھەمان پرس لە گۆڕەپانی سیاسیدا وەک کارتێکی نیشتمانی بەکاردەھێنرێت بەمەبەستی دروستکردنی ھەیمەنە و جوڵاندنی ھەست و سۆز و ڕاکێشانی ڕای نیشتمانی گەل، ئەمە لەکاتێکدایە بارودوخی ھەرێمی کوردستان لەپاشەکشەی ڕۆژ بەرۆژی دیموکراسیدایە و پەرلەمانی کوردستان کە دەزگای ھەڵبژێردراوی شەرعی خەڵی کوردستانە  لەلایەن ھێزی سیاسیەوە وەک دوکانێکی گەڕەکێک داخراوە و ھیچ حسابێکی بۆناکرێت.

جگە لەوەی باروگوزەرانی خەڵک لەدۆخێکی خراپی داراییدایە و حکومەت بەبێ چاودێری پەرلەمان بەناوی پاشەکەوتەوە موچەی فەرمانبەرانی بڕیوەو (ئەنفالی موچە) ئەمەش وایکرد خەڵک ئینتمای نیشتمانی لاوازبێت و نەمێنێت.
بونی چەندین گرێبەستی درێژخایەنی حکومەت لەگەڵ جیھان گرنگتریتیان دراوسێ نزیک و هاوپەیمانەکەی تورکیایە کە گرێبەستی ٥٠ ساڵەی لەگەڵ واژۆ کردوە! ئایا حسابیان بۆ ئەم لێکەوتەیە کردووە چی بەسەر نەوتی ھەرێم دێت دوای ڕاپرسیەکە؟
خەڵک بەزیندوی لەبرسا ئەکوژن؟ ئایا ئەبێ ئەو نھێنیانەتان چی بێت کەبەوشێوەیە بێ خەم بن! ئایا ئەو ھەموو پارە زەبەلاحەتان ھەیە کە ھەڵبژاردن و ڕاپرسی پێ بکەن؟

بۆیە واپێویستە پێش ئەو بڕیارە شیکردنەوەیەکی زانستی ورد بکرێت و سیناریۆکان بۆ داھاتوو لەبەرچاو بگیرێت و بەرژەوەندی گەل پێش بەرژەوەندی حزبی بخرێت، لەھەمانکاتدا پێویستە بزانرێت کاتی گونجاو ھەڵبژێردرێت تاکو ئامانجی گشتی بەدەست بێت، ئەویش (بەڵی)ە بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ کەدەستاودەستی دەسەڵاتی تێدابکرێت، یاسا سەروەربێت، ئازادی و یەکسانی و مافی مرۆڤی تێدابێت، بۆئەوەی وەک ریفراندۆمە گشتیەکەی ساڵی ٢٠١٤ (سکوتلەندا)ی لێ نەیەت کەتیایدا گەل بڕیاریدا جیانەبێتەوە لە (شانشینی یەکگرتوی بەریتانیا) بەرێژەی ٥٥.٤٢%.


PM:06:34:22/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 5149 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی