بۆچى ڕیفراندۆم کێشەکانى کوردستانى عێراق چارەسەر ناکات

‌جاکسۆن دێهل

تێگەیشتنێکى بەردەوام لە واشنتن هەیە کە کوردستانى عێراق هەر بەهەمانشێوەى پێنج ساڵى ڕابردوویە و بەر لەوەى کە داعش سەرهەڵبدات: ئاشتى، گەشەسەندن، دیموکراسییەکى ڕۆژئاوایى تێدایە کە خواستى جیابوونەوەیان لە عێراق زۆر ئەستەمە پشتگوێ بخرێت.

بەداخەوە بەهۆى جەنگەوە، لەوکاتەوە گۆڕانکارى گەورە بەسەر کوردستانى عێراقدا هاتووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکشێتەوە و کوردیش گیرۆدەى کێشەکانى خۆیەتى. لەکاتێکدا بەرە بەرە داعش بەرەو باشوور و ڕۆژئاوا پاشەکشە دەکات، سیاسەت و ئابوورى کوردستان تێکشکاوە. سەرۆک مەسعود بارزانى لەدواى چوار ساڵ لەکۆتاییهاتنى ماوەى سەرۆکایەتییەکەى لەپۆستەکەیدا ماوەتەوە، و بۆماوەى نزیکەى دوو ساڵە پەرلەمان کۆنەبووەتوە. حکومەتى هەرێم لەژێر قەرزێکى زۆردایە و زۆر بە ئەستەم دەتوانێت مووچەى سێ چارەگى دەستى کار بدات کە مووچە خۆرى حکومەتن. هێزە چەکدارەکان و ئەمنییەکان دابەشبوون بەسەر بەرەى ڕکابەرى یەکدیدا.

کاردانەوەى بارزانى بۆ ئەم دۆخە ناهەموارە دیاریکردنى ڕۆژى ٢٥ى ئەیلولە بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیى کوردستان. ئەو دەستپێشخەرییە (ئەنجامدانى ڕیفراندۆم) نەک هەر لەلایەن حکومەتى فیدراڵى عێراقەوە ڕەتکراوەتەوە، بەڵکو لەلایەن دراوسێ بەهێزەکانى کوردستان هەریەکە لە ئێران و تورکیاشەوە ڕەتکراوەتەوە، هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاش ڕەتى کردووەتەوە. لەوەش گرنگتر، تەنانەت لەلای ئەوانەش کە زۆر دۆست و پشتیوانى سەربەخۆیى کوردن، پێیانوایە کە دۆخى سیاسى هەرێمى کوردستان گەیشتووەتە کۆتاییەک کە گەڕانەوەى بۆنییە.

شاسوار عەبدولواحید، خاوەنى تۆڕى تەلەفزیۆنى ئێن ئاڕ تى سەربەخۆ لە کوردستان دەڵێت، بەرپرسانى کورد ڕیفراندۆم وەکو بیانوویەک بەکاردەهێنن بۆمانەوە لە دەسەڵاتدا. شاسوار عەبدولواحید دەشڵێت: گەنجانى هەرێمى کوردستان بەلایانەوە گرنگ نییە کێ خەباتى چەکدارى کردووە لە شاخ، بەوهۆیەشەوە سەرکردە پیرەکان پێویستیان بە بیانوو و هۆکارێک هەیە بۆئەوەى بۆ ٢٦ ساڵى دیکە حوکمڕانى هەرێمى کوردستان بکەن.

ئەم وشە نیگەرانانە ڕەنگدانەوەى تێڕوانینى شاسوار عەبدولواحیدە وەکو یەکێک لە نەوە تازە دەرکەوتووەکانى کورد – و عێراقیش- کە خەبات دەکەن لەپێناوى ئەوەى دامەزراوەى سیاسى سەقامگیر و ئابوورییەکى بەهێز دروست بکەن لەکاتێکدا چەندین پێکدادانى تائیفى، و جوڵانەوەى توندڕەو و دامەزراوەى گەندەڵ بڵاوبوونەتەوە و دەرکەوتوون لەناوچەکەدا لەدواى داعش. تەحەدداکانى ئەوان، پێت خۆش بێت یاخود نا، "بنیاتنانى دەوڵەت و نیشتمانە"، و زۆر پێویستیان بە پشتیوانى ئەمریکا هەیە.

تۆڕێکى تەلەفزیۆنى سەربەخۆ، بەلایەنى کەمەوە، پێگەى دەستپێکە. لەکاتێکدا زۆربەى میدیاکانى عێراق (و کوردستانیش) لەلایەن حکومەت یاخود پارتە سیاسییەکانەوە کۆنترۆڵکراون، شاسوار یەکێکە لەو تەنها سەرمایەدار و کەسایەتییە کاریگەرانەى کە خۆى خۆى دروستکردووە: لە شارى سلێمانى لەدایک بووە، لە تەمەنى زۆر گەنجەوە بازرگانى کەلوپەلى یارییە ئەلیکترۆنییەکانى کردووە و بەرلەوەى لەتەمەنى ٣٢ ساڵیدا و لە ساڵى ٢٠١١ ئێن ئاڕ تى دامەزرێنێت بووەتە یەکێک لە گەورەترین وەبەرهێنەرەکانى کەرتى خانووبەرە لە کوردستاندا.

ئێن ئاڕ تى بەدروشمى (بوێرى، هاوسەنگى، ڕاستگۆیى) دەستى بەکارەکانى کردووە و لە هەفتەى یەکەمى پەخشى کەناڵەکە سووتێنرا، و شاسوار عەبدولواحید هێزێکى یەکێتی نیشتمانى کوردستان بە سووتاندنى کەناڵەکە تۆمەتبار دەکات، کە یەکێتى یەکێکە لەو دوو هێزانەى کە مێژوویەکى سیاسى درێژیان لە هەرێم هەیە. دواى دوو ساڵ شاسوار عەبدولواحید لە هەوڵێکى تیرۆرکردن ڕزگارى بووە. چەند جارێک نوسینگەکانى ئێن ئاڕ تى لەلایەن دەسەڵاتدارانى هەرێمەوە داخراون و پەیامنێرەکانى دەستگیرکراون. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، (پرۆژەی میدیایى ئێن ئاڕ تى) خۆڕاگربووە و گەشەى سەندووە، لەئێستادا پێکهاتووە لە دوو کەناڵى کوردى و کەناڵێکى عەرەبى کە ڕووماڵى تەواوى عێراق دەکات، و ماڵپەرێکى ئینگلیزى هەیە.

شاسوار عەبدولواحید لەوبڕوایەدایە، پێویستە تەرکیزى کوردستان لەسەر ئەوە بێت کە بکەوێتەسەرپێى خۆى و بەهێز ببێت، و بنەمایەکى خۆڕاگرى ئابوورى دروستبکات و سیستمێکى سیاسى دیموکراسى هەبێت، نەک ئەوەى تەنها ئاماژەى گەورە بدات وەکو ڕیفراندۆمى سەربەخۆیى. هەفتەى ڕابردوو لەمیانەى سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، شاسوار پێى وتم: ئێمە ئابوورییەکى بەهێزمان نییە. تەنها یەک بۆرى نەوتمان هەیە. سیستمى دادوەریمان نییە. هێزێکى سەربازیى (سوپایەکى) یەکگرتوومان نییە. پەرلەمانمان لەکارخراوە و نیمانە.

شاسوار عەبدولواحید دەشڵێت ئەگەر هەیە بەهۆى ڕیفراندۆمەوە تورکیا ئەو بۆریەى هەناردەى نەوتى هەرێم بگرێتەوە، کە سەرچاوەى سەرەکى داهاتى هەرێمە. هەروەها ئەگەرى ئەوە هەیە کە تورکیا و ئێران هێزەکانى سەر بە پارتى ( سەر بە بارزانى) و یەکێتى لە دژى یەکتر هان بدەن و ببێتە هۆى ئەوەى شەڕى ناوخۆ سەرهەڵبداتەوە وەکو چۆن لە ساڵانى ١٩٩٠ـەکاندا لەدژى یەکتر جەنگان.

شاسوار عەبدولواحید پرسیارى ئەوە دەکات ئایا ئێمە چ جۆرە کوردستانێکمان دەوێت؟ دەمانەوێت ببێتە کۆریاى باشوور یان باشوورى سودان؟

شاسوار عەبدولواحید دەڵێت ڕێگاى ڕاست ئەوە نییە کە ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت، بەڵکو ئەوەیە کە هەڵبژاردنێکى ئازاد و بێساختەکارى ئەنجام بدرێت بۆئەوەى پەرلەمانێکى نوێ و سەرۆک هەڵبژێردرێت، کە بڕیارە لە مانگى تشرینى دووەمدا بەڕێوە بچێت، کە پێشبینى دەکرێت دوابخرێت. شاسوار عەبدولواحید دەڵێت ئەگەر هەڵبژاردنێکى ئازاد و بێساختەکارى بەڕێوەبچێت ئەوا دەیانەوێت بە لیستێک بەشدارى لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن. ئامانجى ئەوەیە نەوەى پێگەیشتووى پاش سەردەمى سەدام حسێن ڕێکبخات لەو لیستەدا.

یەکێک لە ئامانجەکانى شاسوار عەبدولواحید لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن جەختکردنەوەیە لە زیندووکردنەوەى ئەوەى کە بەرژەوەندى ئەمریکا لە پشتیوانیى کردنى دیموکراسییە لە کوردستان، کە لەسەردەمى ئیدارەى ئۆبامادا بەرەو لەناوچوون چوو. شاسوار عەبدولواحید دەڵێت: ئەمریکا تەرکیزى لەسەر پرسى دیموکراسى لە کوردستان نەماوە، و هەموو ئەوەى لەدواى ٢٠٠٣ـەوە دروستمان کردووە بەرەو لەناوچوون چووە. ڕازیکردنى ئیدارەى ترەمپ بەوەى هەڵبژاردنەکان لە کوردستان بە بابەتێکى لەپێشینە تەماشا بکەن، ئەرک و داواکارییەکى قورسە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێشدەچێت کۆنگرێسى ئەمریکا گوێ بگرێت لەم تێڕوانینە قەناعەت پێهێنەرەى شاسوار عەبدولواحید کە دەڵێت: ئەگەر ئێمە هەڵبژاردنێکى ئازاد و بێساختەکاریمان هەبێت، ئەوا ئەگەرى ڕوودانى توندوتیژى و ناسەقامگیرى لە کوردستان و ناوچەکە کەمتر دەبێت.

تێبینى: ئەم وتارە لەژمارەى ئەمڕۆى ڕۆژنامەى واشنتن پۆست و ماڵپەرەکەى بڵاوکراوەتەوە.


PM:06:29:24/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 959 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی