لەهەڵبژاردنی‌ خانەی‌ راپەڕاندندا چی‌ رویدا؟

‌ئیسماعیل نامیق

پرۆسەی‌ هەڵبژاردنی‌ خانەی‌ راپەڕاندن بێکەموکوڕی‌ نەبو، سەرنج و تێبینی‌ جدی‌ لەسەرە، هۆکاری‌ ئەو کەموکوڕیانەش بریتیە لە:

1) ئەزمونی‌ یەکەم و سەرەتا بو، هەمو سەرەتاو ئەزمونێکی‌ یەکەم لە هەر بوارێکدا بێت، بەدەر نابێت لە کەمو کوڕی‌.
2) گرنگ بو لامان لە 25/ 7 هەڵبژاردنەکە بکرێت، وەکو رەمزێک بۆ سەرکەوتنی‌ گۆڕان، بۆیە ماوەیەکی‌ کەممان لەبەر دەستدا بو بۆ ئامادەکاری‌، لە بەرئەوە پرۆسەکە پەلەپەلێکی‌ پێوە دیاربو.

3) لەبەرچاوگرتنی‌ هەندێک بارودۆخ کە پێویست بوە لە بەرچاو بگیرێت، لە شێوازی‌ دیاریکردنی‌ بەشێک لە ئەندامانی‌ بەڕێزی‌ جڤاتی‌ نیشتمانیدا، بەجۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری‌ هەبو لە سەر پرۆسەکەو ئەنجامەکەی‌.
4) راستیەکی‌ تاڵ هەیە ئەوەیە گۆڕان نەیتوانیوە بەتەواوی‌ تەجاوزی‌ عەقڵیەتی‌ باوی‌ کۆمەڵایەتی‌ و حیزبایەتی‌ حیزبە تەقلیدیەکانی‌ کوردستان بکات، هەنگاوی‌ زۆر باشی‌ بڕیوە، ئەم هەڵبژاردنەش هەنگاوێکی‌ دیکە بو، بەڵام بەتەواوی‌ کاریگەری‌ ئەو عەقڵیەتەی‌ نەسڕیوەتەوە، ئەمەش پەیوەندی‌ بەکلتورو کەلەپورو ئاستی‌ هۆشیاری‌ کۆمەڵایەتی‌ وبیرکردنەوەو سیستمی‌ سیاسی‌ و لاوازی‌ دیموکراسی‌ وکۆمەڵێک فاکتەری‌ دیکەوە هەیە.

ئەوەی‌ پەیوەندی‌ بەبێبەشبونی‌ گەنجەوە هەیە لەو خانەیەدا هۆکاری‌ خۆی‌ هەیە، بەشێک لەو هۆکارانە دەگەڕێتەوە بۆ بیرکردنەوەو شێوازی‌ کارکردن وئامانجی‌ گەنجەکان لە بزوتنەوەکەدا بەگشتی‌ وهەندێک لە گەنجەکان بە تایبەتی‌.

بەداخەوە هەندێک لەوانەی‌ خۆیان لەسەر گەنج هەژمار دەکەن، یان هەژمار دەکرێن، زۆرجار هەوڵی‌ سوککردنی‌ گەنجەکان دەدەن وخۆیان بە پاڵەوان پیشان ئەدەن، دروستکردنی‌ پرسیار لەسەر ئەوەی‌ گەنج هەڕەشە وفشاری‌ لێکراوە بۆ کشانەوە، بەشێکە لەو یاریە قێزەوەنە، ئادەی‌ پێم بڵێن ئامرازی‌ فشارکردن چیە لە ناو گۆڕاندا؟ پاشان ئەو گەنجانەی‌ کاندید بون و کشانەوە لە زۆر وێستگەی‌ گرنگ وگراندا تاقی‌ کراونەتەوە ئینجا گەیشتونەتە ئەو قۆناغە، ئەوان هیچ بەهایەکیان بۆ فشار دانەناوە بۆیە گۆڕانبونیان هەڵبژاردوە، لەهەموی‌ گرنگتر نەوشیروان مستەفا متمانەی‌ بە کەسێک نەبو لە ژێر فشاردا سازش بکات، ئەوانەی‌ کشانەوە رەنگە جێ متمانەی‌ ئەو بوبن. کشانەوەی‌ هەریەک لەو گەنجانە پەیوەندی‌ بە حساباتی‌ سیاسی‌ خۆیان وئایندەی‌ بزوتنەوەکەو خۆیانەوە هەیە، بۆیە بەکارهێنانی‌ زاراوەی‌ فشار وهەڕەشە، یان قەرەبوکردنەوە بەپۆستی‌ حکومی‌ بێئەدبیکردنە بەرامبەر گەنجەکانی‌ نێو بزوتنەوەکە.

هەرچەند من بڕوام بە پۆلێنکردن نیە بۆ گەنج وپیر، چونکە عیبرەت بە تەمەن نیە، بەڵکو عیبرەت بە خوێنی‌ نوێ، بیرکردنەوەی‌ نوێ، دەموچاوی‌ نوێ، نوێبونەوەو نوێگەریە بەشێویەکی‌ گشتی‌. مرۆڤــ بەسروشتی‌ خۆی‌ ئارەزوی‌ مانەوەو بەردەوامی دەکات، لەبەرامبەردا خوێنی‌ نوێ هەوڵی‌ هاتنە پێشەوە ئەدات، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ ململانێ، ململانێش کارێکی‌ سروشتی‌ ورەوایە، بەڵام دەبێت لە چوارچێوەیەکی‌ یاسایی‌، ئەخلاقی‌، دیموکراسیدا بێت، بۆیە ئەرکی‌ گەنجە تازەپێگەیشتوەکانی‌ نێو گۆڕان ئەوەیە سەرەتا هەوڵبدەن ئەو چوارچێوەیە جێگیر بکرێت، پاشان ململانێیەکی‌ دروست بکەن، ئەمەش پشو درێژی‌ وکاری‌ گەورەو قوربانیدان وپشتگوێ خستنی‌ بەرژەوەندی‌ کەسی‌ گەرەکە.

رشتنی‌ فرمێسکی‌ تیمساحی‌ بۆ گەنج لەراگەیاندنەکانەوەو، لەژێرەوە کەمپین کردن دژی‌ گەنج ( بە بەڵگەوە ) جگە لە تۆمەتبارکردنی‌ گەنج و سوکایەتی‌ پێکردنی‌ و دو رویی‌ سیاسی هیچی‌ تر نیە.
بەئامادەنەبونی‌ خوێنی‌ نوێ لەم خولەی‌ خانەی‌ راپەڕاندندا، دنیا کاول نابێـت، گرنگ شێوازی‌ کارکردنی‌ خانەکەیە، بەگیانێکی‌ نوێ وبیرکردنەوەی‌ نوێوە کاربکەن.


AM:10:39:27/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 2721 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی