پێشمەرگە موچە و ژیانی باشی دەوێت نەک درۆ و موزایەدە

‌هوشیار عه‌بدوڵا

پارتی و وەزارەتە ئینقیلاب بەسەرداکراوەکەی پێشمەرگە داخی دڵی شکستی بەغدادیان بەوە دەرئەبڕن کە دیفاع و داکۆکیردن لە ژیانی پێشمەرگە لە لایەن هاوکارمان سروە خانەوە بگۆڕن بۆ موزایەدات و  بازرگانیکردن بە ژیانی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانەوە .

ئەوەی ڕو ئەدات هەوڵێکە بۆ داپۆشینی شکستی بەغداد و دریژەی ئەو گوتارە درۆزنانە نەتەوەییەشە کە خۆی دەکات بەخاوەنی ئاڵا و نەتەوە و پێشمەرگە و کەسیش وەک ئەوان ئیهانەی ئەو پیرۆزیانەی نەکردوە.
ئێوە ئەگەر خەمی پێشمەرگەتان بوایە ، کەمێک ئاوڕتان لە موچە و ژیانیان ئەدایەوە ..

ئێوە شەرم ناکەن کە سەری زمان وبنی زمانتان بازرگانی کردنە بە وشەی پێشمەرگەوە و لە کاتێکدا ئەو هێزە کەمترین موچە بەراورد بە هەمو هێزە چەکدارەکانی تری عێراق وەردەگرێت، ئەگەر ڕاست دەکەن لە پارەی دزراوی نەوت موچەیان چاک بکەن و ژیانیان خۆش بکەن ..

ئێوە چیتان کردوە بۆ تەسلیح وتەجهیز و تدرییان تا لە جەبهەکان نەبنە قوربانی و ژیانیان پارێزراو بێت ،  جگە لەوەی لە وڵاتان خۆتان بە ناوی پێشمەرگەوە با ئەدەن و لەولاشەوە بازرگانی بە خوێنیانەوە ئەکەن پێمان ناڵێن چیتان بۆ پێشمەرگە کردوە وا فرمێسکی تیمساحیان بۆ دەڕێژن .

ئەگەر دڵسۆزی پێشمەرگەن برۆن لەناو چیرۆکە ڕاستەقینەکەی ژیان  و گوزارن و کریچێتی و نەبونی شیری منداڵ و پارەی خوێندنی مناڵانیان ورد ببنەوە ، بڕۆن بپرسن کێ ئێستا ئەتۆانێ بە پێنج سەد هەزار ژیانێکی شکۆمەند بژی! ، ئەگەر دڵسۆزیانن بڕۆن موچەکانیان چاک بکەن ، چونکە ئەو جۆرە موزایەداتانە کەس بە پولێک لێتان ناکرێت .



PM:07:50:08/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 3000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی