هەوڵی چارەسەر ، یان درێژەدان بە شکست ؟!

‌هوشیار عه‌بدوڵا

ئەو جموجۆڵەی ئێستا لەنێوان پێنج حزبەکەدا هەیە، گوایە سەرقاڵیی دۆزینەوەی دەرچە و چارەسەرن ، نەک جێگەی ئومێد نیە ، بەڵکو مایەی ڕەشبینی و یەئسیکی قوڵە .
بۆ هاوڵاتیان خولاندنەوە و سەرقاڵکردنیانە بە کۆمەڵێک هاتوچۆ و کۆبونەوەی پڕوپوچەوە.

ئەو جموجۆڵانەی ئێستا هەن هیچیان خزمەت بە گرنگترین کێشەی خەڵک ناکەن کە کێشەی موچەیە ، بەڵکو جوڵەی سیاسی بێ سودن کە هەندێکیان هێندە پڕن لە بێ هەڵوێستی و پاشگەزبونەوە کە مایەی شەرمن ، زیاتریش هەوڵێکن بۆ هێشتنەوەی کەس و پۆست و دەموچاوە شکستخوارد و تاوانبارەکان وەکو خۆی ، بە داخەوە پێدەچێت پارتیی توانیبێتی زۆرێک لەو حزبانە لە ڕێگەی کودەتاکەیەوە بەسەر گۆڕاندا چاوترسێن بکات وا پاش ئەو هەمو هەوڵە ، ئەو هەموو موعانەتەی خەڵک دەڵێن بارزانیی و پۆستەکەی بەشێک نین لە کێشەکان ، پاکانە بۆ پارتیی دەکەن و لە بەرپرسیارێتی کێشەی نەوت و داهاتەکەیی و موچەیی خەڵک و کودەتاکانیی بەسەر شەرعیەتی پەرلەمان و کورسی سەرۆکایەتی هەرێم بەدوری دەگرن.

باشە وەک ئێوە دڵخوازین خۆ بارزانی بە کودەتا لەسەر کورسیە و چۆڵی نەکردوە ، لە پارتیش دڵسۆزتر داکۆکی لە حکومەتەکەی دەکەن ، باشە بۆ موچە نادەن ، پەرلەمان و سەرۆکایەتیەکەی چ ڕێگریەکیان کردوە ، کێ دەستیی گرتون دۆخیی موچە و گوزەرانی خەڵک چاک بکەن ؟!

ئەگەر ئەو حزبانە تەنها بۆ ڕازاندنەوەی بەلاغیی کۆبونەوەکانیان باسیی موچەی فەرمانبەران ناکەن و دەیانەوێت کێشەی موچە چارەسەر بکەن ، با بڕۆن هیچ شتێک نەکەن تەنها سەرقاڵیی فشار بن لە پارتیی تا یاسای موازەنەی ۲۰۱۷ جێبەجێبکات و نەوتەکە لە ڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشێ و پارەکەی بدەنە موچەی ئەو خەڵکە بەش مەینەتە ، کێشەی موچە گرنگترین خزمەت و ئەرکێکە کە پێوەی سەرقاڵبن و نەک هیچ شتێکی تر .

وەک مانگی چواردە ڕونە و حەوجێ بەئەنگوست نیە،  کێشەی موچە لە هەولێرەوە دروستکراوە و پرسێکی تەواو سیاسیە و پەیوەندی بە کورسیەکەی بارزانیەوە هەیە ، عێراق دوو هەفتە لەمەوبەر ڕایگەیاند موچەیی هەموو ئەمساڵیی مسۆگەرکردوە ، خێرە هەرێم بە لەسەدا  بیستی فرۆشی نەوتیی عێراق و کۆی داهاتی ناوخۆ ، موچەیی ئەو خەڵکە نادات گوایە بۆی نادرێت .

جا ئەوەی جێگەی پێکەنینە ئەوەیە، وا بڕیارە پارتی بۆ سەرقاڵکردن و لەبیربردنەوەی کێشەکانی هەرێم ، موچە و نەوت و کورسیەکەی بارزانی ،  پێش ئەو حزبانە بکەوێت بۆ بەغداد .. نەک بۆ جێبەجێکردنی یاسای موازەنە و نەوتیی هەرێم و موچەیی خەڵک ، بەڵکو بۆ باسکردنیی ئیستیفتا و ڕاپرسی؟!


PM:10:10:18/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 1449 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی