ڕێککەوتنەکەی یەکێتیی و گۆڕان و چەند قسەیەکی ڕاشکاو..

‌هوشیار عه‌بدوڵا


ساڵێکی ڕێک لەمەوبەر، لەهەنگاوێکدا کە هەرگیز دڵخوازی پارتیی نەبو، گۆڕان و یەکێتیی ڕێکەوتنێکی سیاسیان دەربارەی دۆخی سیاسیی و کارگێڕیی وئابوریی هەرێمیی کوردستان و عێراق، واژۆکرد .

لە ساتی یەکەمیی واژۆکردنی ڕێکەوتنەکەوە پارتیی ناڕەحەتی و بێزاری زۆری خۆی دەربڕی و ئاشکرا دژایەتی ڕاگەیاند و بە چەندین هۆکار هەوڵیدا ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە بکا و بە هۆی سیاسەتی گێزەر (پارە) ەوە و لەڕێگەی پڕۆپارتیە دەستڕۆیشتوەکانی ناو یەکێتیەوە، تا ئەم لەحزەیە ئەگەر سەرکەوتوش نەبوبێ لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ڕێکەوتنەکە ڕێگربوە لە جێبەجێکردنی .

کەم جوڵەی سیاسی گۆڕان و یەکێتیی، وەک ئەو ڕێکەوتنە پارتیی دەهری کردوە، کەم هەنگاوی ئەو دو حزبە وەک ڕێکەوتنەکە ماسکی تەواوەتی ئەو قسەیەی پارتیی خست کە دەیگوت ((باکمان بە نزیکایەتی نێوان گۆڕان و یەکێتیی نیە))، یا ((بۆ پارتیی وا باشترە گۆڕان و یەکێتیی نزیک بن )).

ئەمەوێ لە ساڵیادی ئەو ڕێکەوتنەدا سێ خاڵ کە دەشێ پرسیاریش بن، زۆر ڕون و ڕاشکاو ئاراستەی بڕیار بەدەستانی گۆڕان و یەکێتیی بکەم؛

یەک؛ کاتێک پارتیی سەرکەوتنی خۆی لە شکستپێهێنانی ئەو ڕێکەوتنەدا ئەبینێتەوە، حەقە ئەوپرسیارە بکرێ، ئایا بۆ گۆڕان و یەکێتیی (دور لە پڕۆپارتیەکان) سەرکەوتنی خۆیان لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکەدا نابیننەوە؟!

دو؛ ئەجێنداکانی پارتیی بۆ حوکمڕانی وکۆنتڕۆڵی دەسەڵات تادێ مەترسیدارتر ئەبن، ڕێگرتن لەو ئەجێندایانە تەنێ بە گۆڕان، یا یەکێتیی ئەکرێ؟! یا بە هەمو هێزە کاریگەرەکان ئەکرێ؟ ئەگەر بڕیارە هەرێمیی کوردستان لە نەفرەتی دەسەڵاتی تاک حزب بپارێزرێ، ئایا مامەڵەی ساڵی ڕابردو لەگەڵ ئەو ئیتیفاقە لە کوێی ئەو ئەرکەدایە؟! ئایا گۆڕان ویەکێتیی پێیان وایە ئیرادەی خەڵک تاکەی بەدیار ئەوانەوە ئارام ئەگرێ، ئایا جۆری جوڵە و ئەدائی سیاسیان وا ناکا هێزی تر، فۆڕمی تر بۆ ململلانێی ئەو دۆخە چەوتە وەک زەرورەتی قۆناغەکە، بێنه ئاراوە؟!

سێ؛ با وا لێک نەدرێتەوە کاتێک ئەڵێین ئەجێنداکانی پارتیی مەترسیدارن عەقڵداخراوانە پێمان وایە گۆڕان و یەکێتیی، دو هێزی سوپەر دیموکراتی بێگرێوگۆڵ و بێکێشەن! نەخێر، دو هێزن لە زۆر ئاستدا پڕن لە کەموکوڕی گەورە، بەڵام هەر هێندەی ئەوەی بتوانن لە ئاست ئەرکی ڕێگریکردندا بن لە ئاست هەڵدێران بەرەو دیکتاتۆریەت و دروستبونی حوکمڕانیەکی کارەساتبار بۆ خەڵک، ڕێگری بکەن لەو خەونە سوڵتەویانەی پارتیی بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان هەیەتی، دەهێنن لێبڕاوانە شانیان لەگەڵ بدرێتەبەر، خەڵکێکی زۆریش ئەو ئومێدەی پێیانە و بەس .

ڕاستیەکەی هەتاوەکو گۆڕان و یەکێتی خۆیان نەتەکێنن لە عەقڵیەتی کۆن و چەقبەستو، دونیابینیان لە زۆر ئاستدا لە ڕیشەوە نەگۆڕن، و هەوڵی گۆرینێکی فراوان لە واقعیی فکری و بەشەری ئێستایاندا نەدەن، ئاسان نیە بتوانن لە ئاست هەستیاری دۆخی ئێستادا بن .

لەو نێوانەدا ئەوەی هێشتا هۆکاری بینینی ئاسۆکەیە بە ڕوناکی، ئەو هۆشیاریە فراوانەیە کە لە کۆمەڵگەدا دروستبوە و ئاسان کۆنتڕۆڵ ناکرێ، هۆشیاریەک کە لە حزب و ئەشخاص گەورەترە و ئەشتوانێت تێیانبپەڕێنێت .


PM:10:19:17/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 2643 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی